شەڕی هەوادارانی ڕیاڵ و بەرشلۆنە. نامەیەكی سوپاسگوزاریی لە ژەنەڕاڵ فرانكۆی ئيسپانياوە بۆ هەوادارانی كوردزوان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش سوپاسگوزاریتان

من هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم كە كەسانێك هەبن لە نێو ميللەتێكی دیكەدا، هێندەی ” تابووری پێنجەم ”ەكەی من دڵسۆز و بە ئەمەك بووبن بۆم. من زۆر بابەتم لەسەر ميللەتان خوێندۆتەوە، بەڵام لەسەر ئێوەی كورد هێندە شارەزاییەكی ئەوتۆم نییە, تەنیا هەر هێندە دەزانم كە بە هەموو مێژووی خۆتان هەر لە پێناو ئەموئەودا دەهۆڵكوت و زوڕناژەن و گیانفیدا و خۆبەخش و كڵاوسووری پێش لەشكر بوون و لە دوایيشدا هیچتان بۆ نەماوەتەوە غەیرەس تۆمەتباركردنی یەكتر و گریان و هاواروفوغان بەدوای پاشماوە و وێرانبووەكانتاندا و ئەوجا سەرلەنوێ و بەهەمان دەستوور بۆ هەلێكی دیكە تا ببنە ئاڵاهەڵگر و سەرپێچ سووری پێش لەشكری داگيرکەری ئەم سەردەمەتان.
چ لەشكرێكيش!
ئەو لەشكرە بۆرە ڕەوشت گورگەی كە هەر لە مێژووی دامەزراندنييەوە تاكو ئێستا ئێوەی كوردی كردۆتە قەڵغانێكی پۆڵايينی زۆر سەخت بۆ پاراساتنی خۆيان.
بڕوا بكەن. گەر كاتی خۆی لە سروشتی ئێوە زیاترم بزانیبایە، ئەوا هەرگیز شوێنكەوتوانی خۆمم لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا/دا بە كوشت نەدەدا و خێرا دەمڕاستەكەی خۆمم دەناردە لاتان تا بەو پەڕی بێبەرابەر داواتان لێبكەم بەو كوشتارە هەستن. دڵنياش دەبووم کە هەر لە كوردستانەکەتانەوە ملی ئەو ڕێگە سەخت و دوورودرێژەتان دەگرتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو داوايەم تاكو هەر ئافەرينێكتان بكەم و بەس. چونكە ئەوە هەر ئێوەن كە ئەو جۆرە ئازایەتی و دلێری و قارەمانی و جەنگاوەری و سەرسەختی و گیانفیدایتان تێدایە لەپێناو غەیرەدا .
ئێستايش سوپاس بۆ خوا هەر بۆ تاوێك لە دووبارەكردنەوەی بۆنەی وادا، ڕۆحم دەكریتەوە بە بەردا و گلی سەر گۆڕم بۆ دەكرێتەوە، تاكو فريای ئەوە بکەوم خۆشحاڵی خۆم دەربڕم بەو ئەو پشتیوانە بێئەندازەیەی دەیكەن لەو یانەیەی كە كاتی خۆی كۆمەكم دەكردن دژ بە جوداخوازانی نیشتمانەكەم.
با ئيتر ڕۆحم دەرچێتەوە و بە ئارامەوە گلكۆكەم بێتەوە جێی خۆی، ئاسوودەم كە نەك هەر لە ئيسپانيادا تۆی ئەڵقەلەگۆێم بەری گرتووە، بەڵکو گەيشتۆتە نێو ميللەتی كورديش كە بە هەزاران فەرسەخ لێمانەوە دوورن و داكۆكێكی زۆر سەرسەخت و گيانبەخشی بێــبەرابەرن بۆ جێبەجێكردنی هەرچييەك بمانەوەێت.
لە خۆشيدا تووشی گەشکە بووم كە ئەو تەقوتۆق و هەڵاوبگر و هاژوهووژەتان لە سەر شەقامەكانتان دەکرد. بەڕاستی ئەمە ئەوپەڕی مایەی وەفاداری و ئەڵقەلەگوێیتانە، چونكە ئەوان بە حەق دوژمنی سەرسەختی ئیسپانیان و هەر لە مێژە داوای جودابوونەوە دەكەن كە ئەمەیش لە مەبدەئی مندا نەبووە و هەر نابێت.
هیوادارم كە هەر لەسەر ئەو ڕێبازە بن و بەردەوام گیانفیدا و ئەڵقەلەگوێی و بەرخی نێری بەردەم تیغی ئەموئەو یاخود دوژمنانی خۆ بە دۆستزانتان بن.
زۆر سوپاس بۆ پشتگیرییەكانتان. هەربژین لە پێناو ئەو ڕیبازەی كە من و هاوڕێیانم بە بونیادنەری دەژمێرێن كە ئەویش” هەوڵدان لە پێناو خۆ بەستنەوە بە تابووری پێنجەمەوە”.
ژەنڕاڵ فرانكۆ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت