هادی حەمەڕەشید: زمان ئامرازە، ئامانجەکە بیری خەڵک مەبەنەوە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جوتیارێک هەبوو ڕۆژێک لە کێڵگەکەیدا کولەکەیەکى گەورە و نائاسایی لەڕووى قەبارەوە چنی بوو، تەلەفزیۆنێکى لۆکاڵى وەک دیاردەیەکى دەگمەن گفتوگۆیان لەگەڵ جوتیارەکەدا کردبوو، جوتیارەکە لەبرى باسى دیاردە دەگمەنەکە ئەیووت: داوا لە حکومەتى هەرێم ئەکەم جووتێک تایەى گەورە بۆ تراکتۆرەکەم بکڕێت، بەخوا تایەکانى کەڵکى نەماوە!
سەردانى کۆمەڵێک پەرلەمانتاری کوردستان بۆ ئەوروپا و ڕەخنەکان لە زمانى نووسینى نووسراوێکیان بۆ پەرلەمانی ئەوروپا کراوەتە ئامانج و بەپێچەوانەشەوە ئامانجەکەیان بچووک کراوەتەوە!
تێڕوانینى تەندروست بۆ فەرمانڕەوایەتى ئەوەیە، کە هەوڵ بدرێت لەڕووى ئەتەکێتى نووسین، هەڵسوکەوت، نانخواردن و حەوانەوە، گفتوگۆ لە جێگا فەرمییەکانداو…هتد، زۆرترین وردەکاریی بکەیت و باشترین دەربڕین و وێنە بخەیتە هزرى بەرامبەرەوە، بەتایبەتى ئەگەر ئەو وەفدەش بۆ جۆرێک لەلۆبیکردن و کەمپەینکردن بۆ سەرخستنى پرسێکى دیاریکراو چووبن، ڕەنگە زانینى زمانە زیندووەکانیش ڕەگەزێکى گرنگى سەرخستنیان بێت، بەڵام تەنانەت هەموو ئەمانەش ناکاتە ئەوەى ئەم (ئامراز)انەمان لەلا ببێت بە (ئامانج).
ئامانجى وەفدەکە لەسەردانەکە، گەیاندنى ستەمى داخستنى دامەزراوەیەکى گرنگ و هەستیار و پایەى دەوڵەتدارییە، بەقەولى(عەلى حەمەساڵەح، یەکێک لە بەشدارانى وەفدەکە) لەسەر گیرفانى خۆیان و تەنانەت هەیانە قەرزیشى کردووە بۆ خەرجی ئەو گەشتە، میکانیزم و ئامرازەکەشیان کە نووسینى نامەیەکە، هەڵەى زمانەوانى تێدایە، ئەمە ئاماژەیەکى خراپە، بەڵام ئامرازەکەیان خراپ پێشکەش کردووە، نەک ئامانج!!
ئۆردۆگان کە لاى باندى دەوڵەتە حیزبییەکە وەک (ئۆلگو)یەک تەماشا ئەکرێت، جگە لە تورکى هیچ زمانێک نازانێت، کەچى توانیویەتى تەنانەت خۆڵ بکاتە چاوى ملیۆنەها زمانزان و شارەزاى زمانەوانى!
لە بنەڕەتدا کەس ئەتوانێت پێمان بڵێت سەردانى چەند جارەى وەفدى سەربازیی هەرێم بۆ ئەوروپا، کە بەشێک لە سەردانەکانیان بۆ کارى هونەریی بوو!! دوو کەسێتى زۆر ناپڕۆفیشناڵى دنیاى هونەر کە شێخ جەعفەر مستەفا و سیروان بارزانى لە دیارترینیان بوون نوێنەرایەتییان ئەکرد، سەرکەوتن و شکستى ئەم وەفدە چەندە لەسەر بەهێزى ئەندامەکان و بەپێزیی ئەدەبیاتى قسەکردن و زانینى زمان و ئەتەکێتى جل و بەرگ و دیپلۆماسییەتیان وەستا بوو؟!
لەم جۆرە ڕەخنانەوە تێئەگەین کە چەندە لە قەیرانى قوڵى ڕەخنە و ئاراستەکردنى ڕەخنەش داین؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت