ئیبراهیم عەباس: ئارووەکانی ئومێد خۆشناو و، باسێک لەسەر سۆشیال میدیای پارتی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی: وێنەکە کاتێک گیراوە، کە ئومێد ئاروو، ئارووەکانی سۆشیال پارتی دابەش دەکات” وتاریکورد”.

ماوەیەکی باش بوو، لە پەیجەکانی پارتی دابڕابووم و حەزم نەدەکرد پۆستە پڕ لە سوکایەتی و ناوزڕاندنەکانیان ببینم، بەڵام چەند هاوڕێیەکی زۆر ئازیز لینکی هەندێک پۆستیان بۆ ناردم، بەم هۆیەوە دوو رۆژی رابردوو بەوردی سەیری ئەو چالاکیانەم کرد کە ئەو میدیا سێبەری پارتی کە راستەوخۆ بە کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسرور بارزانییەوە پەیوەستن. لەپەنای بێ دایک و باوکی ئەم پەیجانە ئەنجامی دەدەن. راستییەکەی مەسەلەی خەیار چنین و دابەشکردنەکەی کاک ئومێد خۆشناو، کە لای پەیجەکانی پارتی بووە بە کەرەسەیەکی ئیعلامی لە ناخەوە ئازاریدام، چونکە گوایە بۆ ئەوەیە کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا لەبیر خەڵک ببەنەوە!
راستە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسووک لەپەنای ئەم بەزمی خەیارەوە، سوکایەتییەکی زۆر بۆ ئومێد خۆشناو هاتووە، چونکە لایەنە رکابەرەکانی پارتی رێک کاک ئومێد یان خستۆتە تەرازووی سەرکردە باڵاکانی پارتی کە بەناهەق دەستان گرتووە بەسەر نەوت و داهاتی کوردستان، من ئەوەیان بەئاسایی دەزانم چونکە رکابەرانی پارتی ئومێد خۆشناو لە نزیکەوە نانسن، نازانن کە ئەم کوڕە شەهیدە لەناخەوە چەند پاکەو هەر حەیفە لەگەڵ تاڵانکارانی کوردستان ناوی بێت، بەڵام ئەوەی ناهەقییە سۆشیال میدیاکەی پارتییە کە لەچەندان پۆست و پەیجدا، بە ئاشکرا نووسیویانە پارتی خۆی ئەم کارەی بەو پەرلەمانتارەی پارتی کردووە، بۆ ئەوەی لە گەورەیی ماڵئاوایی سەرکردەیەکی دیاریی کوردستان کەم بکەنەوە.
ئەو ناهەقیەی پارتی بەیەکێک لەکادرە هەرە پاکەکانی خۆی هانیدام، بە کورتی باسێکی ورد لە سۆشیال میدیای پارتی بکەم، ئەو سۆشیال میدیایەی قورسایەکەی لەسەر فەیسبووکەو تویەتەریش لێی بێبەش نییە.
دوو ئاراستە لە پشت پەیجەکانی پارتییەوەیە، کە بە پلەی یەکەم مەکتەبی نێچیرڤان بارزانی یە و هەمووشی لە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و رەوانی برا بچوکەیەتی، ئاراستەکەی تر کە پلەی دووەمە دەزگای پاراستنە کە راستەوخۆ مەسرور بارزانی سەرپەرشتی دەکات، بەهۆی رووداوەکانی23-06-2015 کاتێک هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم پارتی خستە گۆشەیەکەوە، هەردوو ئاراستەی سوشیال میدیاکەی پارتی بوونە یەک و تا ئەم ساتە وەختە تەقریبەن وەکو یەک تیم کاردەکەن.
سەرۆ قادر کراوەتە بەرپرسی ژووری بەرەنگاری راگەیاندنی پارتی و بەرپرسە لە ئاراستەکردنی پەیجەکانی پارتی، بەشێوەیەکی گشتی و ئاراستەکەی مەکتەبی نێچیرڤان، سامی ئەرگوشی و سەرباز هەورامی و تەها بەرواری و ئاراس عەبدولکەریم و… هتدن. ئاراستەی پاراستنیش، شەعبان شەعبان چاڵی و نزهەت حالی و کاروان محەمەد سابر و… هتدن. لە ژووری بەرەنگارییەکەی سەرۆ قادر دا ئازا حەسیب قەرەداغی و د، سالار عوسمان و عەبدولرەزاق عەلی و… هتد هەن.
دەکرێت لەمەسەلەی خەیارەکانی کاک ئومێدەوە، کە پەیجەکانی پارتی خۆیان دەڵێن پارتی ئومێدی کردوە بە کەرەستەی ئیعلامی، تێبگەین، کە ئەوانە چونکە پەیجەکان بێ دایک و باوکن، چەند نابەرپرسیارانەو دوور لەهەر ئەتەکێتێکی نووسین و کاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن، پەلاماری ئەم و ئەو دەدەن. پەلامارێک کە داشۆراوە لە هەموو بەهاکانی سیاسی و ئیعلامی و کۆمەڵایەتی.
ئەوەندەی من زانیوومە پێش سۆشیال میدیا، بەشێکی زۆری ئەم تیمە کە لەسەر مێزی خواردنەوە دانیشتوون، باس و خواسی خواردنەوەیان، گوایە تا ئێواران پشوویەک بدەن، هەمیشە لەسەر باسی ئافرەتان بووەو دانیشتوون بەدیاری باسی قاچ و قول و رووخساری ژنە شەرفمەندەکانی هاوڕێیان لە دەزگا راگەیاندنەکان تێر پێکەنیوون، ئێستا ئەم عەبقەریانە لەسایەی پارە زۆری نێچیرڤان بارزانی و دەزگای پاراستن، ئەم پەیجە بێ دایک و باوکانەیان بە لەشکرێک رۆژنامەنووس و گەنجانی پارتی لە سەرانسەری کوردستان سپاردووەو دەست لەهیچ شتێک ناپارێزێن، ئەوەتا کاک ئومێدی هاوڕێیان کە لەگەڵیان لە سۆشیال میدیاش چالاکە، بۆ دژایەتی رێکخەری کۆچکردووی گۆڕان کردوویانە بەکەرەستەی ئیعلامی.
هەرێمی کوردستان لەسایەی ئەم بیرکردنەوە نەیتوانی پاش 18 ساڵ لە وەستانی شەڕی ناوخۆ دەربازی ئەو قۆناغە قێزەونە بکات، کەچی بەشێک لەم فیتنەگێرو ئاگرخۆشکەرانەی شەری ناوخۆ، لەهەرەمی پەیجی بێ دایک و باوکدان و رۆژانە سوکایەتی بەدەیان خەڵکی ئەم وڵاتە دەکرێت، پرسیارێک کەهەقە لێرە بکرێت ئەوەیە، گریمان لایەنەکانی تر ئێوە نەناسن، وا بێ باکن لە سوکایەتی پێ کردنیان و کردنیان بە کەرەستەی ئیعلامی! بەڵام خۆ کاک ئومێد ئەندامێکی چالاکی بۆردە ئیعلامیەکەی نێچیرڤان بارزانییە، چۆن و بەچ رووەیەک بەم شێوەیە کردتان بە کەرەسەی ئیعلامی بۆ خۆتان و بۆ لایەنە رکابەرەکانیشتان؟!.
ئێمە گرفتاری ئەم بیرکردنەوانەیەین، بۆیە هەرچی بەهای جوان بوو لەم هەرێمەدا نەتانهێشت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت