عەتا قەەرداخی: ئایا سەربەخۆیی پێویستی بە ریفراندۆمە، یان بە رێکخستنی ناوماڵی کورد؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە ئاشکرایە بە پێی پەیامە ئاسمانیەکان و بەپێی رێسا دانراوەکانی دەستی مرۆڤ خۆى، لەوانەش جاڕنامەى مافی مرۆڤ و بەرنامە کۆى رێکخراوە مرۆییەکان، مرۆڤ و وەکو تاک و وەکو دەستەو گروپ و وەکو نەتەوە ئازادى بڕیاردانی چارەنووسی خۆیی هەیەو مافی مومارەسەکردنی هەموو ئازادییەکانی خۆیی هەیە بە مەرجێک لەسەر حیسابی ئازادى ئەوانی تر نەبێت. ئایا لەم روانگەیەوە کورد مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیی هەیە یان نا؟ بێگومان هیچ بەربەستێک نیە کە وەڵامی ئەم پرسیارە بە نەخێر بدرێتەوە. هیچ پاساوێکیش نیە بۆ ئەوەى کورد بۆ هەتا هەتایە ژێردەستەى عەرەب و تورک و فارسدا بێت. هەروەک هیچ پاساوێکیش نیە بۆ ئەوەى کورد لەسەر جوگرافیاى خۆى راپرسی پێبکرێت تا بزانرێت ئایا سەربەخۆیی دەوێت یان نا؟ ئایا ئەوە کام لۆجیکی عەقڵە کە پێی وابێت کورد پێویستی بە راپرسیە بۆ ئەوەى بزانرێت ئایا سەربەخۆیی دەوێت یان نا؟ ئەگەر پاساوى لاوازى حیزبە کوردیەکان بۆ راپرسیکردن لە کوردستاندا بۆ ئەوە بێت بە داگیرکەرانی کوردستان و بە دەوڵەتانی تریش بڵێن ئەوە راى گەلی کوردە کە سەربەخۆیی دەوێت، دیسان ئەوەش بەڵگەى ئاشکراى نەزانی و بێ ئاگایی و نەشارەزایی حیزب و سیاسیەکانی کوردە بۆ تێگەیشتن لە گەوهەرو ماهیەتی عەرەب و تورک و فارس، چونکە ئەو سێ دەوڵەتە داگیرکەرە نەک بڕوایان بە راوبۆچوونی گەلی کورد نیە بەڵکو ئەوان بە درێژایی مێژوو گوێیان لە دەنگی گەلەکانی خۆیشیان نەگرتووەو بە بە کەلەپچەو زیندان و لە سێدارەدان و ئاگرو ئاسن وەڵامی هاورەگەزە فارس و تورک و عەرەبەکانی خۆیشیانیان داوەتەوە نەک هەر کورد، ئەو کەسەى لەگەڵ رژێمەکانی ئەواندا نەبووبێت سادەترین مافی نەدراوەتێ. ئێستا بە پێی کام لۆجیک تورک و عەرەب و فارس دان بە مافی کورددا دەنێن؟ ئایا بەڕاستی حیزب و سیاسیەکانی کورد ئەوەندە نەزان و بێ ئاگان کە ئەم حەقیقەتە نەزانن و تاکو ئێستا تێی نەگەیشتبن و پێیان وابێت لە رێگاى راپرسیەوە ئەو دەوڵ’تە داگیرکەرانە دان بەسەربەخۆیی کوردستاندا دەنێن؟ یان باسی ریفراندۆم یاریکردنێکی ترە بە عەقڵ و هەست و کەرامەتی هاووڵاتی کوردو بۆ ئەوە ماوەیەکیش بە بابەتی ریفراندۆمەوە جەماوەر سەرقاڵ بکەن بۆ ئەوەى نەیپەرژێتە سەر باسکردنی گەندەڵی و فەرمانڕەوایی خراپی ئێستاى ئەم حیزب و دەسەڵاتە؟
ئایا دەوڵەتانی غەیرى داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەتی زلهێزەکان واتە ئەوانەى کە بێجگە لە خۆیان و بەرژەوەندى خۆیان هیچی تر نابینن و تەنیا لە روانگەى بەرژەوەندى خۆیانەوە سەیرى دنیا دەکەن، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن بزانن راوبۆچوونی خەڵکی کوردستان چیە لەسەر سەربەخۆیی؟ حەقە سیاسیەکانی کوردو بەرپرسانی کورد کەمێ بە ئاگایانەتر بیر بکەنەوە. کوردستان کە جێگاى تەراتێنی راوێژکارو هەواڵگرو رۆژنامەنووس و پیاوانی جۆراوجۆرى وڵاتانی بڕیار بەدەستە، زانیارییەکانی ئەو دەوڵەتانە لەسەر کوردو خەڵکی تریش زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕوانی ئەوە بکەن لە رێگاى راپرسیەوە بزانن کورد چی دەوێت. ئێستا و لەم سەردەمەدا کەم شت بە نهێنی ماوەتەوە. بەرپرسانی کوردستان خۆیان چاک دەزانن کە رۆژئاواو دەزگا سیخوڕى و هەوڵگرییەکانیان چۆن ئاگادارى وردو درشتی کارە بێ سەروبەرەکانی ئەمانن و دەزان چۆن خەریکی گەندەڵین و چۆن مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن و کێ و کێیان پیاوى ئێرانن و کێ و کێیان پیاوى تورکیان و کێی و کێیان پیاوى شیعەى عێراق یان سوونەى عێراقن و تەنانەت رەنگە بشزانن کێ پەیوەندى لەگەڵ ئاراستە توندڕەوەکاندا هەیە و کێش هاوکارییان دەکات…تازە بە تازە کوردى ژیرو وریا بە تەمایە لە رێگاى ریفراندۆمەوە بە رۆژئاوا بڵێت ئەوەتا کورد سەربەخۆیی دەوێت.
گومانی تێدا نیە کە جیهانی بڕیار بەدەست و داگیرکەرانی کوردستانیش چاک دەزانن کە گەلی کورد نەک هەر لە باشوور بەڵکو لە کوردستانی گەورەدا سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆى خۆیی دەوێت، هەروەک گومانیشی تێدا نیە کە هیچ حیزبێکی کوردى خاوەن نفوزو پێگە نیە نەک لە باشوور بەڵکو لە هەموو کوردستاندا کە بەرنامەى سەربەخۆیی و دەوڵەتی هەبێت. بۆ نموونە با لە باشوورەوە دەست پێبکەین پارتی کە لەبەر لاوازى و بێ سەروبەرى یەکێتی و گۆڕان ئێستا وەکو داواکارى راستەقینەى سەربەخۆیی خۆى نمایش دەکات، نە بەرنامەى حیزبەکە بەرنامەى سەربەخۆییە و نە ئەو هەنگاوانەى کە ئێستا دەیهاوێژێت هەنگاوى سەربەخۆین. سەربەخۆیی پێویستی بە بڕیارى ئازایانە هەیە. ئەگەر بەراست پارتی بە جیدى دەیەوێت دەوڵەتی سەربەخۆ لە کوردستاندا رابگەیەنێت، ئەوا پێویستی بەوەیە لە پێگەیەکی خودایانەوە سەیرى هەموو کورد بکات و لە پێناوى درووستکردنی دەوڵەتدا لە دەستبەردارى مەرج و بەندو رق و کینەو دوورخستنەوەى ئەم لایەن و ئەو لایەن ببێت و لە کورتترین کاتدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکات. من بەلامەوە سەیرە پارتی بیەوێت دەوڵەت درووست بکات بەڵام پێداگرى بکات لەوەى کە پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، پەرلەمانێک کە شەش مانگی ماوە بۆ ئەوەى ماوەى یاسایی تەواو بێت. تۆ بڵێی یوسفەکەى ئێمە بتوانێت لەم شەش مانگەدا لە بنی بیرەکە بێتە دەرەوەو عەساى سیحرى موساى پێببەخشرێت و هەرەس بە پارتی بهێنێت. راستە موسا پێغەمبەر لە وەڵامی خودادا گووتی: هی عێاى اتوکا علیها و اهش بها على غنمى و لی مارب اخرى). دیارە پاتی ترسی لەو – مارب اخرى- یە هەیە. بەڵام بەراستی ئەگەر پارتی بڕواى بەسەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت هەبێت دەبێ هەموو تاکێکی کورد لە یوسف محەمەدەوە تاوەکو بەرزترین و لێهاتووترین تاکەکەسی کوردو تاکو ئەو شوان و گاوانە نەخوێندەوارەشی کە تەنیا دەزانێت مێگەل و گاگەلەکە بباتە پاوەند هەموویان دەبێ بخرێنە خزمەتی پێکهێنانی ئەو دەوڵەتەوە. ئەگەر پارتی بەم عەقڵیەتە کارنەکات ئەوە جێگاى خۆیەتی بە گومانەوە سەیرى بەرنامەو بڕیارو کارو ستراتیژى ئەو بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت بکرێت. وەڵامی پارتیش بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت کە بەراستی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردى کردووە بە ئامانجی کورت خایەنی خۆى، دەبێ بە کردەوە ئەوە بکات کە هەنگاوى یەکەمیش بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی لەوجۆرە رێکخستنی ناو ماڵی کوردە.
یەکێتی نیشتیمانی کە پێشتر بەرنامەیەکی لاستێکی هەبوو بە ناوى مافی چارەى خۆنووسین بەڵام هەرگیز نە خاوەنی پرۆژەو بەرنامەى سەربەخۆیی و دەوڵەت بووە نە وەکو حیزبیش بڕواى پێی هەبووەو نەکاریشی بۆ کردووە. لەتکەى بەرنامەى یەکێتی پیادەکردنەکانی مام جەلالە کە حیزبەکەیی کرد بە قوربانی پۆستی سەرۆک کۆمارى عێراقی عەرەب و حیزبیشی وەکو کۆمەڵێ هەتیووى بێ سەرپەرشتیار بەجێهێشت و بەدەنگی بەرزیش رایگەیاند دەوڵەتی کوردى خەونی شاعیرانە، ئەوەتا ئێستا لەبرى حیزب و بەرنامەو ستراتیژ هەریەکە مۆسیقایەک دەژەنێت و بڕواناکەم یەکێتی بەم حاڵەى ئێستایەوە بتوانێت نەک بڕیار لەسەر سەربەخۆیی بەڵکو بڕیار لەسەر سادەترین شت بدات و لە نێوان پارتی و گۆڕاندا وەکو پێشتریش نووسیبووم لەسەر تاڵەموویەک راوەستاوەو ئاسۆیەکی روونی نیە نە بۆ خۆى و نە بۆ ئایندەش. دیارە قۆناغەکە لەوە خێراترە کە یەکێتی بتوانێت بۆ ماوەى دوورو درێژ لەسەر ئەم خاڵی شلۆقە بمێنێـەوەو درێژەدانی بەم بارەى ئێستاى بەرەو چارەنووسێکی نادیارى دەبات.
بزووتنەوەى گۆڕان وەکو بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی کە سوارى شەپۆلی ناڕەزاییەکانی خەڵک بوو، نەیتوانی وەڵامی ئەو نارەزاییانە بداتەوە، هەروەک نەیشیتوانی ببێـتە خاوەنی بەرنامەیەکی جیدى بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و نەیشیتوانی ببێتە خاوەنی بەرنامەو ستراتیژى نەتەوەیی.. ئێستا وەکو ئەوە وایە لە بۆشایدا بخولێتەوەو نە بەرنامەى سەربەخۆیی هەیەو نە گوتارێکی روون و ئاشکراى هەیە، شێوەى کارکردنیشی بە تایبەتی لە زمان و دەربڕینی ئەو نەوە نوێیەى کە ئێستا ئەندامی جڤاتن یان ئەندامی پەرلەمانن یان رۆژنامەنووس و شرۆڤەکارن یان هەڵسوڕاون (نەک ئەو گروپەى موخەزرەمەى کە پێشتر لەسەرکردایەتی یەکێتیدابوون) وادەردەکەوێت ئەم بزووتنەوە یەک بەرنامەو یەک گوتارى هەبێت ئەویش بەرنامەو گوتارى ئەنتی بنەماڵەى بارزانی بێت. دیارە ئەم شێوازە کارکردنەش سەرئەنجام گۆڕانی لە بزووتنەوەیەکی جەماوەرییەوە کردووەتە هێزێکی ئەنتی پارتی و ئێستا وەکو جێگرەوەى جەلالیزمی شەستەکان بەرامبەر بە پارتی دەردەکەوێت.
بەهەرحاڵ ئەمە هەرسێ زلحیزبە بە ناو نەتەوەییەکەى باشوورى کوردستانن کە هیچیان پرۆژەى سەربەخۆیی و بەرنامەى دەوڵەتیان نیە، کەواتە هەڵاى ریفراندۆم چیەو بۆ چ مەبەستێکە؟ پارتی کە خۆى بە خاوەنی دەزانێت بۆچی پێداگرى دەکات؟ ئەگەر بەراستی پارتی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردى دەوێت با زەمینەسازى بکات و دەوڵەت رابگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەر حیزب و لایەنێک لەو حاڵەتەدا دژى سەربەخۆیی و دەوڵەت بێت، شووناسی دوژمنی گەل وەردەگرێت، کە پێموانیە هیچ حیزب و لایەنێک پڕکێشی دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان و درووستکردنی دەوڵەتی کوردى بکات.
دیارە ئەوەش ئاشکرایە پارتە کوردییەکانی بەشەکانی ترى کوردستانیش هیچ کامیان بەرنامەى سەرخۆیی و دەوڵەتی کوردییان نیە. ئێستا کێ دەتوانێت پێمان بڵێت بەرنامەى پێکەکە چیە؟ ئایا گوتارى پێکەکە لە کوێی گوتارى ناسیونالیزمی کوردیدایە؟ ئایا پێکەکە خەبات بۆ دەوڵەتی کوردى دەکات یان شتێکی تر؟ بەداخەوە ئێستا پێکەکەش لە رووى بەرنامەو ستراتیژى نەتەوەییەوە هیچ لە پارتەکانی باشوور لەپێشتر نیە. پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵات نایشارنەوە کە ئەوان تاکو ئێستا باسی مافەکانی کورد دەکەن لە چوارچێوەى ئێرانی یەکگرتوودا.
بەهەرحاڵ ئەوەى ئامانجی ئەم نووسینەیە باشوورى کوردستان و بابەتی ریفراندۆمە. ئایا سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵوت پێویستی بە ریفراندۆمە؟ بێگومان ئەگەر کورد لە باشوور بەرنامەى سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی هەبێت، ئەوا زەمینەسازى ناوخۆیی دەکات و کێشەکانی ناو ماڵی خۆى چارەسەر دەکات و یەکێتی و یەکبوونی هەموو کورد پێکدەهێنێت و لەسەر ئاستی دەرەوەش بزووتنەوەیەکی دیپلۆماسی دەست پێدەکات بۆ پەیداکردنی پشتگیرى بۆ ئەو دەوڵەتەى بەتەمایە درووستی بکات. ئەگەر بەراستی بەرنامەى درووستکردنی دەوڵەتی هەبێت، ئەوا لە دواى ئەو بەرنامەسازیە کە رێکخستنی ناو ماڵەکەیەتی بڕیاردەدات و هیچ پێویستی بە ریفراندۆم نیە، بە تایبەتی ئەوەتا دەبینین ئێستا باسکردنی ریفراندۆم بەرەو ئەوە دەچێت کە زیاتر ناوماڵی کورد بشێوێنێت. هەقە سیاسیەکانی کوردو بەرپرسی هەموو حیزبەکان بەلایەنی کەمەوەو هەرهیچ نەبێت بەشی ئەوە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لەوە زیاتر ناوماڵی کورد نەشێوێنن و لەبرى هەنگاوى زیاتر ئاڵۆزکەر، ئەو هەنگاوانە هەڵبهێنن کە گرژییەکان خاودەکەنەوە. ئەو هەنگاوانە هەڵبهێنن کە کورد بەرەو یەکبوون دەبات، چونکە سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردى پێویستی زیاترى بە یەکێتی و یەکبوونی کوردە زیاتر لەوەى پێویستی بە ریفراندۆم و بانگەشەى دوور لە کردارو موزایەدەى بێ گەوهەر بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت