نەوزادى موهەندیس: یەکێتى و گۆڕان ئەم قۆناغە چۆن تێبپەڕێنن؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئێستادا کەمتر لە 2 هەفتەى ماوە بۆ یادکردنەوەى ساڵى یەکەمى ڕێکەوتنامەى سیاسى نێوان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان لە 17/5/2016دا. کە بە ئامادەبوونى هەردوو سەرکردە مامجەلال و کاک نەوشیروان واژۆکرا، وەک دوو هێز و حیزبى سیاسى هاوشان و هاوکارى یەکتر، ڕێکەوتنەکە لە ئەنجامى ژانێکى دوورودرێژ و سەخت و دژواردا هاتە لەدایکبوون، چونکە لە بنچینەدا جیابونەوەى گۆڕان لە یەکێتى لەسەر بنەماى فکر و ئایدیایەکى جیاواز نەبوو. بەڵکو تەنها لەسەر شێواز و میکانیزمى ئیدارە و بەڕێوەبردن و دەسەڵات لەناو حکومەت و حیزب و چۆنێتى مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان و پابەندنەبوون بە دیسپلینە حیزبیەکان و کاڵبونەوەى ژیانى حیزبایەتى و ڕۆحیەتى هەڤاڵانە و ڕەخنەگرتنیش بوو لە دیاردە دزێوەکانى گەندەڵى و مەحسوبیەت و ناعەداڵەتى و نەبونى نیەتى چاکسازى و ڕیفۆرم و هەنگاو بەرەو پێشەوەنان و دەرچوون لە خولانەوە لەبازنەیەکى بۆشى بێ ئومێدى و ناڕووندا.کە دەکرا هەموو ئەو بۆچوون و ڕەخنانە لەناوخۆى یەکێتیدا چارەسەربکرانەیە و یەکێتیش بەو دەردە نەبرایەوە و لاواز نەکرایە، هەربۆیە ئەم ڕێکەوتنە بۆ هەردوولا لە قۆناغێکى زۆر هەستیار و پێویستدا هاتە بوون و هەردوولاش هێشتا برینى جیابونەوە و دوورکەرتبونەکەیان لە یاد نەکردبوو، هێشتا گەرموگوڕى و دژایەتیکردنى یەکترى لەناخیاندا قوڵپى دەدا،بەڵام ناچارى قۆناغەکە و ڕووداو و پێشهاتەکان بونە هۆى لێکنزیکبونەوە و واژۆکۆدنى ئەم ڕێکەوتنامەیە، ڕێکەوتنامەکە بۆخۆى دان نانى هەردوولا بوو بە هەڵەکانى ڕابووردویان و پەشیمانبونەوەیەکیش بوو لەهەڵەکانیان وهیچکامیشیان لە پێگەى بەهێزەوە نەهاتنە پێشەوە بۆ ڕێکەوتنەکە.

ئەم ڕێکەوتنە بۆ کرا؟ گرنگیەکەى چى بوو؟
1- ڕێکەوتنەکە زەرورەتى قۆناغەکە سەپاندیى بەهۆى، لەلایەک پەکخستنى پەڕلەمان و وەدەرنانى وەزیرەکانى گۆڕان لە حکومەتدا و هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتنەکەى نێوان پارتى و گۆڕان .
2- زیادبوون و سەپاندنى هەژموونى پارتى لە ناو دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمدا.
3- داگیرکردنى شەنگال و زیادبوونى مەترسیەکانیش بۆ سەر کەرکوک.
4- خراپى گوزەرانى هاوڵاتیان و بڕینى بەشە بودجە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغدادەوە لەسەرەتاى ساڵى 2014وە.
5- پەیڕەوکردنى سیاسەتى هەڵەى نەوتى و دیارنەمانى داهات و خراپبوونى گوزەرانى جەماوەر و پەیڕەوکردنى سیستەمى پاشەکەوتى موچە و ڕاوەستاندنى پڕۆژە ئاوەدانیەکان و نەمانى خزمەتگوزرایەکان.
6- خراپبوونى پەیوەندیە ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکانیش بە هەرێمەوە و بەتایبەتیش لەگەڵ بەغدادا.
7- ڕێکەوتنەکە لە پێناو ئارامکردنەوە و ئاسایکردنەوەى دۆخى بارگاوى و توڕەو نزیک لە تەقینەوەى ناوچەى پارێزگاى سلێمانى بوو.

گرنگیەکەشى لەوەدا بووکە بوە هۆى :
1- ڕێکخستنەوەى نێو ماڵى کورد لانى کەم لەناوچەى زۆنى سەوزدا.
2- نزیککردنەوە ویەکخستنەوەى گوتار و کردارى هەردوولا یەکێتى و گۆڕان.
3- ئیستۆپکردن بە پارتى و بەرزکردنەوەى کارتى سوور بەڕوویدا و وەستاندنى لە سەپاندنى هەژموون و دەسەڵاتى زیاترى خۆى.
4- ناوچەکانى پارێزگاى سلێمانى لەدواى 7 ساڵ لە ململانێى توند و زبر لەگەڵ یەکتریدا تاڕادەیەکى باش ئارامى و هێورى بۆ گەڕایەوە و دوورکەوتەوە لە درزتێبردنى زیاتر.
5- هاوسەنگى هێزەکانى لەکوردستان پیشان عێراق و ناوچەکە و دونیاش دایەوە کە ئەوە تەنها پارتى نیە لەکوردستان بڕیار بەدەست بێت و بەڵکو هێزى سیاسى کاریگەری تریش هەن.
بەم شێوەیە ئەم ڕێکەوتنە گرنگى و کاریگەرى ئەرێنى زۆر و زەوەندى هەبوو بۆ هەردوو و بۆ ناوخۆى کوردستان و بۆ تەواوى جەماوەر و هێزە سیاسیەکانیش،و هەموان ئومێدى زۆریان لەسەر هەڵچنى و هەموانیش بە ڕاست یان ناڕاست دەستخۆشى و پیرۆزباین دەکرد جا هەبوو لەترسانا و هەبووش لە خۆشیاندا.

ئەرێ ئەم ڕێکەوتنە بە قازانجى کامیان بوو یەکێتى یان گۆڕان ؟
ئاشکرایە کە هەردوولا قازانجیان کردوە و لە جێبەجێنەکردنیشیدا هەردوولا و میلەتەکەشمان زیانى گەورەى بەرکەوتوە.
یەکێتى لەچیدا قازانجى کرد لەم ڕێکەوتنەدا؟
1- یەکێتى بەم ڕێکەوتنە و ئاشتبونەوەیە کێشەیەکى سیاسى و ئابورى و ئیدارى لەناوچەکانى خۆیدا لەکۆڵبوەوە و تاڕادەیەک سەرئێشەى لێدوورکەوتەوە.
2- ناوچەکە تاڕادەیەکى باش ئارام بوەوە و یەکێتى ئەوەند خەریک نەبوو بەناوخۆى خۆیەوە و پشتئەستوور بوو بۆ ڕووبەڕووبونەوەى جەنگى دژى داعش و تیرۆریستان و سنورى هەرێمى کوردستان لە باشورى کەرکوک و گەرمیاندا.
3- ئەم ڕێکەوتنە هێزێکى گەورەى مەعنەوى و مادى دایەوە یەکێتى لەبەرامبەر پارتیدا و بوە هۆى گەڕانەوەى متمانەش بەهێز و توانا و جەماوەرى خۆى لە کوردستان وعێراق و ناوچەکەشدا.

لەبەرامبەریشدا گۆڕانیش سوود و قازانجى گەورەى کرد کە بریتى بوون لە:
1- گۆڕانى ڕزگارکرد لە پەراوێزخراوى و گۆشەگیرکراوى دواى هەڵوەشاندنەوەى ڕێکەوتنەکەى لەگەڵ پارتیدا و پەکخستنى پەڕلەمان و دوورخستنەوەى وەزیر و فەرمانبەرە باڵاکانى لەدامودەزگاکانى حکومەتى هەرێم لە هەولێردا.
2- گۆڕان بەم ڕێکەوتنە توانى بۆ یەکەم جار بە ئیستیحقاقى هەڵبژاردنەکان بەشدارى بکات لە حکومەتە خۆجێییەکانى هەڵەبجە و سلێمانیدا گەر بە ناتەواویش بێت.
3- لە ئەنجانى بەشداریکردنى لەحکومەتە خۆجێییەکاندا توانى ژمارەیەکى باش لەکادر و هەڵسوڕاوانى جێگە بکاتەوە لەم ئیدارەیەدا و فشارى جەماوەر و بنکەى ڕێکخستنەکانى لەسەر سەرکردایەتیەکەى تاڕادەیەک کەمبکاتەوە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ،بۆچى هەردوولا لە ماوەى ئەم ساڵەدا نەیانتوانیوە یان نەیانکردوە کە تەواوى ڕێکەوتنەکە لەسەر زەمینەى واقع جێبەجێبکەن؟هۆکارە دیار و نادیارەکان چین؟بۆچى جەماوەر و لایەنگرانى هەردوولا لەسەر زەمینەى واقع هەستیان بە کاریگەرى و باشیەکانى ئەم ڕێکەوتنە نەکرد ؟ و ڕێکەوتنەکە نەبوە هۆى ڕەنگدانەوەیەکى باش بۆ سەر ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان؟

هۆکارەکان زۆرن لەوانە:
1- لەلایەک بەهۆى ململالانێ ناوخۆییەکانى یەکێتیەوە و نەگەیشتنە یەک بڕیار و تاڕادەیەک نەمانى مەرکەزیەتى حیزبى و ناوەندى بڕیارى یەکلاکەرەوە و دووکەرتبونى سەرکردایەتى یەکێتى بەسەر دوو ئاڕاستەى جیاوازدا بۆ تەواوى دۆخى هەرێم و ئەم ڕێکەوتنەش.
2- لەناو گۆڕانیشدا بەهەمان شێوە جۆرە دابەشبوون و جیاوازى بیربۆچوون سەریان هەڵدابوو دەربارەى ڕێکەوتنەکە.
3- غیاب بوونى هەردوو سەرکردە مام جەلال و کاک نەوشیروانیش لە کوردستان و گۆڕەپانى سیاسى و دوورکەوتنەوەى سایە و سێبەر و هەژموونیان بەسەر سەرکردایەتى هەردوولاوە.
4- هەوڵى لێبڕاوانەى پارتى بە ئاشکرا و بە نهێنى بۆ بنکۆڵکردن و پەکخستنى ئەم ڕێکەوتنە بەردەوام بوو لەڕێگەى دانوسان و فشار چونکە بەمەترسى بۆسەر خۆى دادەنا سەرەڕاى پێدانى دڵنیایى لەهەردولاوە. و تاڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوو.
5- هەندێک هەوڵى ناوخۆیى لە ناو یەکێتى و گۆڕانیش هەبوون بۆ سەرنەگرتن و سەرنەخستنى ڕێکەوتنەکە سەرەڕاى فشارە ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکانیش.چونکە هەندێک کەس لە خراپى پەوەندى یەکێتى و گۆڕان سوودمەندبوون و وڵاتانى ناوچەکەش هەرگیز حەز بە تەبایى و ڕێکەوتنى کوردان ناکەن.
بەم شێوەیە ڕێکەوتنەکە تاکو ئێستا پەکخراوە و نەتوانراوە بە نیەتى پێشوەخت بێت یان لەبەر فشار و گوشار و گۆڕانکاریە خێراکانى ناوچەکە و عێراق بێت تەواوى بڕگە و مادەکانى کە لە 11 بەش و 25 مادە پێک هاتوە جێبەجێبکرێت و ببێتە مایەى ڕەزامەندى هەردوولا.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە،ئەى لەدواى تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر ڕێکەوتنەکەدا پێویستە هەردوولا چى بکەن؟ چۆن هەنگاو بنێن؟ بەنیازى چین بۆ ئایندە؟
سەرەتا ئەو ڕاستیە وەبیر دێنینەوە کە هەردوولا زۆر پێویستیان بەم ڕێکەوتنە بوو وە لە ئایندەشدا هەر پێویستیان پێیدەبێت،چونکە مەترسى و هەژمونەکانى ناوخۆى کوردستان((پارتى)) و عێراق و ناوچەکەش هەر وەکو خۆیان ماونەتەوە و بگرە مەترسیە دەرەکیەکان لەئێستادا زیاتر بوون لەدواى ڕیفراندۆمەکەى تورکیا بەقازانجى ئەردۆگان و حیزبەکە و دەرکەوتنى کۆتاییەکانى داعش و بەهێزبونەوەى عێراق و گۆڕانکاریەکانى نێوان هاوسەنگى هێزە گەورەکانى دونیاشدا لە سوریا و ناوچەکەدا. بۆیە گەر یەکێتى و گۆڕان وەک تاکتیک و تێپەڕاندنى ئەو قۆناغەى پێشوو ئەم ڕێکەوتنەیان واژۆکرد بێ و بەنیاز نەبن بیکەنە ستراتیژ و پیادەشى بکەن ئەوا دەکەونە هەڵەیەکى سیاسى گەورەوە و ئەنجامەکەش بۆ هەردوولا بەخراپ دەشکێتەوە.بۆیە پێویستە کار بکەن بۆ:
1- گەرمگوڕکردنەوەى پەیوەندیەکان و بەردەوامى بدەن بە کۆبونەوە و دانیشتنەکانى سەرکردایەتى هاوبەش لە پێناو جێبەجێکردنى تەواوى ڕێکەوتنەکە و چارەسەرکردنى خراپ لێکتێگەیشتن و کێشە هەڵواسراوەکان.بۆئەوەى بارگرژى و تێکچوونى ئارامى ناوچەکەى لێنەکەوێتەوە.
2- دواتر و پێکەوە و بەهاوبەشى لەگەڵ پارتیدا دابنیشن و گفتوگۆیەکى بوێرانە و بێپەردە و دوور لەشەرم و دڵڕازیکردن و نەرمى نواندن پیادە بکەن بۆگەیشتن بەڕێکەوتنێکى سەرتاسەرى .
3- پێدابگرن لەسەر کاراکردنەوەى پەڕلەمان و حکومەت وەک مەرجێکى پێشوەختە بۆ سەرخستنى پڕۆسەى ڕیفراندۆم،چونکە بەبێ بوونى یاسایەک لەپەڕلەمانەوە ئەو پڕۆسە گرنگەى ڕیفراندۆم یاسایى نابێت،کە پێویست دەکات بۆ دیاریکردنى چارەنوسى میلەتەکەمان هەموان پێکەوە تەباو لێکنزیک بن نەک دڕدۆنگ و دوور لەیەکتر بن.
4- گرنگە پێدابگرن بۆ ئەوەى ڕیفراندۆم تەواوى ناوچە کوردساتانیە دابڕاوەکانیش بگرێتەوە و مادەى 140ى دەستوریش جێبەجێبکرێت.
5- هەوڵى جدى بدرێت بۆ پەسەندکردنى ڕەشنوسى دەستورى هەرێم و هەموارکردنەوەى بەند و مادەکانى.لەگەڵ پڕۆسەى ڕیفراندۆمدا پەسەندبکرێت.
6- هەنگاوە سەرەتاییەکانى لێکنزیکبونەوە جێبەجێبکەن وەک یەکگرتنەوەى فراکسیۆنەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاکان و پەڕلەمانى کوردستان و عێراقدا.
7- کارى جدى بکەن بۆئەوەى لە هەڵبژاردنى داهاتوودا پێکەوە و بە یەک لیست بەشداریبکەن و دەزگاکانى ڕاگەیاندنى هەردوولاش هاوهەڵوێست و هەمئاهەنگى زیاتر بکەن.
8- کارى جدیتر بکەن بۆ بوژاندنەوەى بوارى ئابورى و بازاڕ و بازرگانى و باشترکردنى گوزەرانى خەڵکى و کۆکردنەوەى داهات و شەفافکردنى خەرجیەکان.
ڕاستە ئەم دواکەوتنەش کۆتایى ڕێگاکە نیە ،بەڵام هەموو دواکەوتنێکیش بۆ یەک و یەکگرتنەوە زیانى زیاترە.بەم شێوەیە دەکرێت لەماوەیەکى کورتدا تەواوى ڕێکەوتنەکە جێبەجێبکەن گەر نیەتى ڕاستگۆیانە هەبێت لەهەردوولاوە، بۆیە ئەرکێکى گەورە کەوتۆتە ئەستۆى سەرکردایەتى هەردوولا و گەر نەتوانن تا 1/6 کە یادى 42 ساڵەى دامەزراندنى یەکێتى و تا 25/7 یادى 8 ساڵەى ڕاگەیاندن و جیابونەوەى بزوتنەوەى گۆڕانە ئەوا بەڕاستى لە جێگەى متمانەى هەردوو سکرتێر و ڕێکخەرى گشتیدا نین و جەماوەریش لەهیچکامیان ڕازى نابێت و ئۆباڵى بەردەوامبوونى ئەم دۆخە قەتیس و مەترسیدار و خراپەش دەکەوێتە ئەستۆى یەکێتى و گۆڕانەوە پێش پارتى .چونکە ئەوەى کە پێویست بوو بیکەن کەمتەرخەم و نەیانکردوە.بۆیە تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە بەشى هەرە زۆرى دەکەوێتە ئەستۆى یەکێتى و گۆڕانەوە و ئەرکیانە چیان پێدەکرێت لە کوردستان و عێراق و ناچەکەشدا بیکەن لە پێناو داهاتوى خۆشیان و میلەتەکەشماندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت