خەندان جەزا: خۆشم دەوێ پیاو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێ دیویە مەل بەباڵێک بفرێ؟ ژیان بێ ڕەگەزیی بەرامبەر ناهاوسەنگە.

شەریی من لەگەڵ تۆی پیاو نیە. دڵنیابە، من نە ئێستاو، نەرابردوو، هیچ ڕقوکینە و جەنگێکم لەگەڵ تۆ نەبووەو نییە.
من ساڵانێکە هاوارمە، کە تۆی پیاوم خۆش دەوێ، عاشقتم، عاشقمی، وەلی کەس بروام پێناکات.
شەری من لەگەڵ ئەو دابونەریتە داڕزاوەیە، کە لەمێژە فەلەجەو قرخن بووە، لەگەڵ ئەو سیستەمە لەرزۆکەیە کە ساڵەهایە سەری شۆربووە. هیچ کات تۆی پیاو بە بەختەوەرتر لەخۆم نابینم دڵنیابە، تۆ لەمن بەدبەخت تریی.
دەزانم ژن دەسوتێ، دەفرۆشرێ، لەچاڵ دەنرێ، ناوگەڵی خوێناوی دەکرێ. دەزانم زۆر لەوە زیاتر ژن هەلاهەلا دەکرێ، بەلام دەبێ بزانیت ژن قوربانیە و تۆی پیاو باجەکەی دەدەیت.
ئەوە تۆی بەدبەختی، کەدەبێ تەواویی ژیانت پاسەوانی نیوسانتی مەتر ناوگەڵی من بێ.
شەری من لەگەڵ تۆی چارەرەش نیە، هاواری من ڕووی لەتۆی بێ باڵ نیە. تۆدەزانیت چەنێک بەدبەختی پیاو!
لەئاسمانی وڵاتێکی پڕ رەنگ و بۆندا، تەنها بەباڵێک دەبێ بفریت. زانیوتە تۆی پیاو لە پانتاییەکی بێسنوردا تەنها خۆت، بەڵێ تەنها تۆ دەبێ وەک بولبولێکی قەفەس بخوێنی.
تۆ بەتەنها دەبێ پێشەوای هەموجەنگەکان بی. دەبێ تۆ بەرپرسی هەموحیزبەکان بی. دەبێ هەر تۆ پێش نوێژی مزگەوتەکان بی. ئای چەنێک بەدبەختی پاسەوانی شەرەف. ئاخر نەدەکرا چ من، چ تۆ شەرەفمان ئازادبوایە؟
دەبێ لەم زمانەم حاڵی بی، من شەرم لەگەڵ تۆ نیە!
شەریی من ساڵانێکە لەگەڵ ئەو فەرهەنگو یاسا داتەپیوانەی نیشتمانن، کە تۆیان کردۆتە کۆیلەو دەبێ پاساوانی ناوگەڵی من بی.
شەریی من لەگەڵ ئەو مینبەرانەیە، کەتۆیان کردۆتە داشی شەترە نج و، باجی دۆڕاندن لەپێناو پاراستنی قەڵای سەرۆک دەدەی.
شەری من لەپێناو ئازادی تۆو، سەربەستی خۆمدایە.
ئاخر کێ دیویە مەل بەباڵێک بفرێ؟ نە تۆی پیاو، نەمنی ژن بێ یەکتر هاوکێشەیەکی ناتەواو دەبێ.
تۆیەک هێندە عاشق، رۆژی هەزارانتان خۆی دەکاتە قوربانی سنگومەمکەکانی ژنانی ولات. تۆیەک بە سەدان جار، دێری هۆنراوەی حەزت بەباڵای پرچما هەڵدەواسی.
ئاخر تۆیەکی پیاو، هێندە بەخشندە، دەتەوێ من لەئامێزی ورژانتا غەرقی چێژبکەی، چۆن دەبێ ببیتە بکوژم؟
ئەوە تۆنیت کە دەم بەیتە قوژبنێکی تاریکو، هێزی خۆت لەدرینی پەردەیەکی چکۆلەدا تاقی دەکەیتەوە.
نا ، نا ئەوە تۆنیت کە لەسەر ماچێک سەرم لەلاشەم دەکەیتەوە، کاتێ خۆت تینوی ماچی! ئەوەتۆنیت کە ژن لەدوای ژن دەخەیتە ژێر و زۆرانبازی بردنەوەی پیاوەتی لەگەڵ دەکەیت.
ئەوە ئەو فەرهەنگ و یاساو ڕێسا داڕزاوانەن، تۆیان بەدیل گرتوەو لەژێر ئەشکەنجەی دەروندا ناچارت دەکەن ببیتە دڕندە.
ئەوە ئەو سیستەم و مینبەرانەن، تۆیان داماڵیوە لە بەخشندەی و ناچاریان کردویت و، وەدەبێ بەتەنها باڵێک بفریت، تەنها خۆت بخوێنی و خۆت بکوژو و ببڕ بی.
تۆم خۆش دەوێ، بێ تۆ ناژیم. وەرە با لەیەکبگەین دڵنیابە ژیان بێ تۆ مەنفایە، هیچ کات ناتوانم بەتەنها باڵێک بفرم.
بەلام ئەگەر هاتی تەنها خۆت وەرە، ئەو فەرهەنگە ماندوم دەکا!
خۆشم دەوی پیاو لێم حاڵیبە…..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت