بورهان شێح ڕەئوف: ئەردۆگان مات و مەلوولە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بڕیارە ئەردۆگان سەردانى ئەمریکا بکات لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا و ئامانج و داخوازییەکانى تورکیا لە ماوەى ڕابردوودا هەر لە سەردەمى سەرۆکى پێشوو ئۆباما وە دەستى پێکردبوو کە پێیان دەگووت لە نێوان تورکیا و کوردا یەکێکمان هەڵبژێرە. وادیاربوو تورکیاخۆى گێل دەکات یان ئەوان بە گێل دەزانێت چونکە هەموو ناوەندە هەواڵى و هەواڵگرییەکانیش بگرە باسیان لە کۆمەک و هاوکارى حکومەتى ئاکەپە بۆ دەوڵەتى ئیسلامى داعش دەکرد و باشترین بەڵگەش ئازادکردنى دیبلۆماتکارەکانى تورکیا بوو لە مووسڵ لە لایەن دەوڵەتى خەلافەتەوە کە معزز مکرم نێردرانەوە بۆ تورکیا کە ئەمە یەکەم جاربوو داعش دیل ئازاد بکات!
لە ئێستادا کە ئەگەر چاوێک بە دیمەنى سەر گۆڕەپانى سووریادا بخشێنین لە ڕیزبەندى هێزەکان بڕوانین ودیارە کێ پەیوەستە بە کوێوە و کوێ لە ژێر هەژموونى کێدایە ئەمریکا ئەگەر هاوپەیمانێکى هەبێت ئومێدى ئەوەى لێبکرێت کە بەرەو دیموکراسى و سیکوێلارى بڕوات و لە ڕاستیدا دژى ڕەوتى توندڕەوى و تائیفى و مەزهەبى بێت کوردە و لە چەند ساڵى ڕابردوودا بۆ هەمو لایەک دەرکەوت کێ تواناى پێکەوە ژیانى هەیە لە گەڵ ئتنیکە جیاوازەکانى کۆمەڵگەى سوریا و کێ خەڵکى سڤیل و بێتاوانى مەسیحى و یەزیدى و ڕۆژنامەنووس و دیل دەکوژێت.
ئەردۆگان لە 29ى نیسانى ڕابردوو ڕایگەیاند کە زۆر دڵگران و ماتو مەلوول و بێزارە لەم ڕۆژانەدا کە دەبینێت هەروەکو لە سەر زمانى خۆى وتى بێ ئەوەى هەڵەى زمان یان شتێکى تربێت وتى کە دەبینم ئۆتومبیلە سەربازییەکانى ئەمریکا لەگەڵ شەڕڤانانى یەکینەکانى پاراستنى گەلى کوردى سەر بە پارتى یەکێتى دیموکراتى کوردلە سوریان وئەردۆگان بە باڵى سوریاى PKK ناویان دەبات بەیەکەوە کارى سەربازى و هەماهەنگى دەکەن لە سەر سنوورەکانى باشوورى تورکیا.
ئەمە لە لایەک و لە لایەکى ترەوە میدیاکانى تورکیاباس لە نەخشەو هەوڵى هەواڵگرى ئەمریکیەکان دەکەن بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێکى کوردى لە سوریا کە سنوورەکەى کێشراوە بە کۆمەک و چەکى ئەمریکا کە ئەمەش ڕێ خۆشکەرە بۆ دابەشبوونى تورکیا و دامەزراندنى کوردستانى گەورە ، لەوەش زیاتر دەڕۆن و دەڵێن دەوڵەتى کوردى هیچى واى نەماوە بە کۆمەک و هاندانى ئیسرائیل و ئەسەدو ئەمریکا.
پەندێکى باو هەیە نەک لە ناوکوردا بگرە لە ناو گەلانى تریشدا دەڵێت: ئەوەى زۆر بئاخفێت زۆریش هەڵە دەکات. ئەردۆگانیش یەکێکە لەو سەرۆکانەى کە زۆر دەڵێت. لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا چ بە وتارى دوورو درێژ کە هەندێکیان زیاتر لە دوو دەمژمێرى خایاندووە و، بە چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەوانى کە ئەمەش تووشى زۆر هەڵوێستى ناکۆک و دژبەیەکى کردووە چ لە سەر ئاستى ناوخۆ و چ لە سەر ئاستى جیهان و دەروەش بۆیە لە ماوەى ڕابردوودا و بە تایبەتى ئەردۆگان لە کاتى بانگەشە بۆ هەموارى دەستوورى تورکیا بینیمان چۆن پەلامارى وڵاتە ئەوروپیەکانى دەداو بە تایبەتى ئەنگیلا میرکڵى ڕاوێژکارى ئەڵمانیا بە نازى و فاشى ناو دەبرد و ئێستاش چۆن پاشگەز بووەتەوە.
لە ئێستادا کە ئەردۆگان بەتەماى کۆبوونەوەیە لە گەڵ ترامپى سەرۆکى ئەمریکا کە چەند ڕۆژى پێشوو ئەمریکابڕیارى پڕچەککردنى هێزەکانى سوریاى دیموکراتى دا کە کورد بڕبڕەى پشتێتى بۆ ئازادکردنى ڕەقەى پایتەختى دەوڵەتى ئیسلامى هەرچەندە زۆر ڕۆژنامە نووس و سیاسەتمەدارى تورکیا خوازیارى هەڵوەشانەوەى سەردانەکەى ئەردۆگان بوون لەبەر ئەو بڕیارەى واشنتۆن و بێئومێد بوون لە پەشیمان کردنەوەئەمریکا لە بڕیارەکەى.
ئەگەرچى ئەمریکیەکان تا ئێستا پێویستیان بە ڕۆڵى تورکیا هەیە لە ناوچەکەدا وەکو هاوپەیمانێکى دێرینى هاوپەیمانى ناتۆ لە 62 ساڵى ڕابردوودا ناخوازن بەرەو ڕووسیا بڕوات لە هەمان کاتیشدا بۆشەڕى تیرۆرو هاوسەنگى ناوچەکەو ئاسایشى ئیسرائیل ناتوانن کورد جارێکى تر بکەنە قوربانى تورکیا و خواستەکانى.
دۆناڵد ترامپ لە ماوەى پێشوو لە کاتى بانگەشەى سەرۆکایەتیەکەى کوردى بە جەنگاوەر ى باش و چالاک ناوبرد و وتى هەوڵى ڕێکخستنى تورکیا و کوردیش دەدەم ئێستاش وادیارە کار بۆ ئەوە بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت