newshirwan-serkewtn

بەیان ئیبراهیم: مەرگی کاک نەوشیروان خاڵی کۆکردنەوەی ناکۆکیەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر گۆڕان لە منداڵدانی یەکێتیەوە هاتبێتە دەر، ئەوا دەبێت ئەوە بزانین کە گۆڕان زادەی ناکۆکیەکان بوە لەسەر پڕۆسەی چاکسازی، ئەم پرۆسەیەش لەسەر دەستی کاک نەوشیرواندا لە دایک بو، کە ئەم پیاوە هەوڵی دا هەرێم ببێتە خاوەن دامەزراوەیی و حکومەتی هاوڵاتی و سیستەمی پەرلەمانی بچەسپیت. هاوڵاتی بخرێتە بەردەم ئەرک و لێپرسراویەتیەوە، خۆ ئەگەر ناکۆکیەکان گەشتبنە ئەوەی زۆرکات یەکتریان تاوانبار کردبێت، ئەوا ئەوە دەزانین کە نەوشیروان مستەفا درێژکراوەی ئیبراهیم ئەحمەدەو هەر ئەویش بو لە بەرامبەر فراوانخوازی حیزبێکدا بوەستێتەوە.
ئەگەر چی یەکێتی مۆرکی ئیبراهیم ئەحەمدی پێوەیە، بەڵام ئەوەی کە وەک ئەو توانی دیوارێک لە بەردەم لافاوی بیری خێڵەکیدا دروست بکات، نەوشیروان مستەفا بو نەک سیاسیەکانی ناو یەكێتی. لە ئیبراهیم ئەحمەدە وە بۆ نەوشیروان مستەفا ئەو راستیە دەبینین، کە چۆن ئەقڵێکی مۆدێرن و پێشکەوتوخواز بە پێی سەردەمی خۆی چۆن دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەقڵێکی خێلەکی و پاشایەتی بێتەوە کە ئینسان تێدا بەوە پێوانە دەکرێت، کە چەندێ ولائی هەیە بۆ پاشا.
مەرگی ئەم پیاوە، کە 50 ساڵە خەبات دەکات لە پێناو هێنانەدی دەستەڵاتێکی تەندروست، ئەوە دەردەخات کە قوتابخانەیەکی پر لە بیریی سیاسی و شکاندنی ئەو جۆرە مۆدێلەیە لە دەستەلات لە وڵاتانی خلیج پەیڕەوی دەکەن.
مەرگی پیاوێک دەبێتە خاڵی کۆکردنەوەی هەمو ناکۆکیەکان، بەڵام ئەم ناکۆکیانە دەبێت لەسەر بنەمای کارکردن بێت بۆ بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا. ڕاگرتنی یادی دامەزراندنی یەکێتی ئەو نامەیەمان دەداتێ کە مەرگی ئەم پیاوە جارێکی تر وا دەکات کە ئەم زۆنە گۆڕانێکی نەوعی بەسەردا بێت و کار بکات بۆ ئەوەی بە پرۆسەیەکی چاکسازیدا بڕوات .
مەرگی پیاوێک وەک ببێتە سفرەی کۆکردنەوەی برا دڵشکاوەکان، ئەوە دەردەخات کە بەرهەمی جێماوی ئەم پیاوە، کاریی پێدەکرێت و هەردو لایان (گۆران و یەکێتی ) مەحکومن بەوەی کار لەسەر گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز بکەن لە نێوان هەردوو زۆنەکەدا. ئەویش لەسەر بنەمای پڕۆژە و نوسینەکانی کاک نەوشیروان. تەنها ئەوە بەسە کە ئەم پیاوە دەڵێ:
ئێمە لە شاخ شارەکانمان دەڕوخاند، ئێستە چۆن دەتوانین شار بەڕێوە بەرین. دەکرێت پێشمەرگەیەک لە شاخ ئازا و شۆڕشگێر بوبێت، بەڵام ئەو ناتوانێت شار بەڕیوابەرێت .
ئەگەر ئەمە سەرەتایەک بێت، وێڕای دەیان کتێب و چاوپێکەوتن و پڕۆژە، کە ئەم پیاوە هەیەتی، ئەوا دەبێت چی یەکێتی و چی گۆڕان ئەوە بزانن کە مەحکومن بەکارکردن بۆ یەک هەڵوێستی و کارکردن لە سێبەری ئەم پیاوەدا.
مەرگی پیاوێک، کە دەبێتە کۆکەرەوەی ناکۆکیەکان، دەکاتە ئەوەی کە کاک نەوشیروان خاوەنی دنیایەک لە فکرو پڕۆژەیە و سەرکردەیەکی شۆڕشی نوێ بوە توانی نەوەی دوەمیش ئاراستە بکات و هەر گۆڕەکەشی دەتوانێت نەوەی سێیەم ئاراستە بکات و یەکێتیش دەیەوێ لێرەوە کار لەسەر ئەوە بکات کە ئەم سەرکردەیە گەر بەشێکی هی گۆڕان بێت ئەوا بەشە گەورەکەی کە جێ ی شانازی مێژوەیەکە لای یەکێتیە، بۆیە مەرگی کاک نەوشیروان خاڵی گرنگی شاراوەی کۆکردنەوەی ناکۆکیەکان بوە، وە لەسەر گۆڕێک و شەڕ و ململانێکانی نێوان براکان بوەستێنێت و ئاراستەیان بکات بۆ ئەو ئامانجانەی کە کاک نەوشیروان دیاری کردوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت