لاوک کونجرینی: بێ هیوایی و، ترس لە ڕیفراندۆم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ڕیفراندۆم، لە زەنگی:

1- بەسەماتی حیزبی بەسەر نەتەوەوە.

2- نەبوونی ڕێکارە یاساییەکان.

3- زەمەنی تۆڵە لەدەسەڵات.

4- دەرئەنجامی زۆرینەو کەمینە لە شەقام.

5- پەرچەکرداری شەقام، ئەوەی بۆ مەرگی نەوشیروان مستەفا کرا.

ئەرکێک، کە هەموومانی خستۆتە بەردەم کردنی، ڕیفراندۆمە بۆ ئازادی وڵات. هەموومان دەبێت لە جوانکردن و پتەوکردنی پرۆسەکە بەشدار بین. دەبێت ژیرانە بڕیار بدەین، کۆ دەنگی هەموومان دەخاتە بەردەم لێپرسراویی و هەمووشمان لە ئەنجامەکەی بەسەرکەوتن و نەرێنییەوە، بەرپرسیار دەکات.

ڕیفراندۆم دەکرا بکرێتە کۆدەنگی و کۆخواستی و کۆک بوون. بەڵام هەر لەئێستاوە ، بووە هۆکاری لێکترازان و، پەردەپۆشکردنی هەڵەو، بەرئەنجامی داسەپاندن و خۆساخکردنەوە.

کاتێک ڕیفراندۆم دەبووە هەڵگری بەسەماتی نەتەوەیی و دووردەکەوتەوە لە پاوانخوازیی حیزبی و موزایدە پێکردنی، بەیاساو ڕێوشوێنە نەتەوەییەکاندا گوزەریی بکردایەو بەیەک دەنگ و بەیەک ڕەنگ حیزب و شەقام پێشوازییان لێبکردایە، ئەمەش نەکرا. هەرئەوەشە دەرکەوتەکانی موزایدە پێکردن، لەکێشی ئەو دەستکەوتە دادەبەزینرێت و، دەبێتە گڵۆڵەیەکی گاڵتەجاریی لەشەقامدا.

لەهەر دەرکەوتەی کزبوون و بەئاگابوونی دۆڕاندنی شەقامدا، وتنەوەی دروشمە قەبەکانی نەتەوە، لەلایەن حیزبە نانیشتمانییەکانەوە، وەک کزەی مێشولەیەکی ئیزعاج بەلا گوێماندا دێت و دەچێت. ئاخر کۆنفۆشیۆس باشی ووتووە:

ببە، با بەبوون تێت بڕوانن.

ئاخر پارتی بەپاشخانێکی نانیشتمانییەوە، چۆن دەکرێت ببێتە هەڵگریی هەگبەیەکی نەتەوەیی.

کەی 31 ئاب و سەربەخۆیی یەک دەگرێتەوە.

کەی پرۆسەیەکی گشتگیر، بێ یاساو بێ کۆدەنگی بەرێ دەکرێت.

گەر نەوشیروان مستەفا، بە مان و نەمانی نەبووایە، ئەم پرۆسەیە بوونی نەدەبوو. لەزەمەنی مانیدا، پارتی وەک چەکێکی سیاسی، لەهەر ساتێ بۆ بەرژەوەندی هەرێم نەوشیروان مستەفا شەقامی دەشلەقاند و پارتی دەخستە گۆشەیەکی پرێسییەوەوە، بۆدەربازبوون لەو کەنارگیرییە ئەم دروشمە قەبەیەی بەرز دەکردەوە. بە نەمانیشی بەهۆی ئەو خەونەی پارتی و بنەماڵەی بەرزانی دەیانخواست بۆ پاش مەرگی مەسعود بەرزانی گەل بە هاوتای بەرێکردنی مەرگی نەوشیروان مستەفا، پرسەیان بۆ بگێرایە، ئەوەش نەبوو. ئەوا لەتۆڵەی شەقامە خۆڕسکەکەی مەرگی نەوشیروان مستەفاداو، گەشانەوەی داڕمانی سۆزیی پارتی و بەرزانی، دیسانەوە بووە سەردەمی هەڵکردنی دروشمە قەبەکە.

موازیدە سیاسییەکان، ڕووەو ڕۆچوون دەچن. مەرگی نەوشیروان مستەفا بووە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگر، لە سلێمانی کوانووی شۆڕشدا، زۆر لەمێژبوو، خەڵکەکەی ببونە دەروێشی مەدرەسەی بیروباوەڕیی، لە هەولێردا ئەوەی هەمووانی سەرسام کردن، هەڵگەرانەوەی ئەو بۆچوونانە بوو، کە هەولێر لە باڵای پارتی ئاڵاوە، بەڵام پێچەوانەکەیمان بینیی.

سیاسی و حیزبی دۆڕاو و کەم ئەزموون، هەمیشە هەڵەکانی دەیخواتەوەو، پەنا بۆ سینارۆی پەرچەکرداریی نانیشتمانیانە دەبات. ئەوەتا لەپاش کۆبوونەوەکەی بەرزانی لە گەڵ سەرکردە دەروێشەکانی، ڕووداوەکانی پاش دەستنیشانکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم بۆ ناساندنی شەقامی حیزب، ناساندنی دووڕییانی ئەم کردەیە پێمان دەڵێت:

1- شەقامی کوردی لەگەڵ ئەم بڕیارە نا پەرپرسیارانەیە نییە.

2- هێزە دەرکییەکان پیلانی کوشندە بەدوای خۆیان دێنن و ئەوەی بەدەستیشمان هێناوە، خاپوری دەکەن.

دەبینین ناوەندە گرنگەکانی پارتی هەر لە ئێستاوە، بەهانە بۆ بڕیارە دۆراوەکەی خۆیان دێننەوەو بە گاڵتەجارییەوە دەڵێن: ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نییە.

لەنێوان دوو وتاریی جیاوازی دژ بەیەک، ترس و بێهیوایی باڵی کێشاوە بەسەر ئەم هەرێمەدا:

1- ترسێک، گەر ڕیفراندۆم بکرێت، لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی کورد کامڵ نەبووە لەبەدی هێنانی میکانیزمە دیبلۆماسیی و سیاسی و ئابووری سەربازیی، تۆڵەی ئەم بڕیارە بێسەروبەرە بەرێوەیە لەلایەن داگیرکەرانەوە، ئەویش لە ڕوویی سزای ئابووری و سیاسی و دواتر هێرشی سەربازیی.

2- گەر خەڵکی هەرێم بەئەرێیی لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بڕیاریانداو، توشی رووبەرووبووەنەی ئەگەریی خاڵی یەکەم بوون، هەڵوێستی سەرانی کورد چی دەبێت؟ ئایا فڕکەی لێ دەکەن، یاخوود ئەوان لەپێناو مانەوەی کورسییەکەیان، ئێکسێک بەسەر هەموو خەونەکانی کورددا دێنن و بەو زمانە ناشرینەی چەند ڕۆژێکە هێشتا ڕیفراندۆم نەبووە، دەڵێن: بۆ سەربەخۆیی نییە.

3- گەر ئەگەرەکان تەنها بەفیڕۆدانی پارەو کوشتنی ڕۆژ و بەرێکردنی زەمەن بێت، لەم گەرمەی بوونی کورددا، لەناوەندە ناوچەیی و جیهانەکاندا، تواناکان هێندە بێت، ئایا کۆتایی هیواکانی کورد نابێت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی؟.

گەلێک مێژوویەک لە خوێن و گیان بەخشین، ئامادەبێت بۆئازادی، بەڵام چوونکە سەرتۆپکی پێشڕەوەکانی، هەندێکیان خەڵکانی ناپاکن. هەر دەبێت، ئەوەی هەوڵی بۆ دەدات و دەیەوێت بکرێت، بەهەڵگەڕاوەی و بە هەنسکی ساردەوە، دەبێت بیکاتە خەونێکی سەرابی و، بەدی نەیەت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت