محەمەد بەرزی: پیاوێکی نەمر.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر بمانەوێت پێناسەی ( نەمری ) بکەین، ئەوا دەڵێین: نەمری بریتییە لە ژیانی بێ کۆتایی. زاراوەیەکە بەکاردێت بۆ پیناسەکردنی ژیان بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراو، جا ئەو ژیانە بە شیوەی فیزیایی بێت، یان ڕۆحیی. یان جۆرێکە لە جۆرەکانی ژیانی بێ کۆتایی، چ بە زیندووی بێت، یان بە مردوویی. بێگومان ئەو کەسانەشی بە نەمری دەمێننەوە، ئەو کەسە کۆڵنەدەر و بلیمەت و خۆنەویستانەن، کە لەڕێگای توژینەوە و داهێنانی مەزنی پڕ بایەخ و خەبات و کار و کردەوە و بیرکردنەوەیانەوە، بێ بەرامبەر خزمەتی نەتەوەکەیان و سەرجەم مرۆڤایەتی دەکەن و پێگەیەک لە مێژوودا بۆ خۆیان دیاری دەکەن. جا ئێستا با بزانیین بۆچی کاک نەوشیروان مستەفاکەی ئێمەش هەتا هەتایە لە مێژووی نەتەوەکەماندا ناوی بە نەمری و مەزنی دەمێنیتەوە.
لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا چۆتە بواری سیاسەتەوە و بە پاکی و چاکی لەو بوارەدا تێکۆشاوە، پاشان لە ساڵەکانی حەفتاکاندا و بە تۆمەتی دامەزراندنی ڕێکخستنی سیاسییەوە لە لایەن ڕژێمی بە عسەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. جا بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڕەشەکانی سەر ژیانی، بە ناچاری وڵات بەجێدەهێڵیت و لە شارە جوان و ڕازاوەکەی ڤییەنادا دەگیرسێتەوە. لەوێش وەک کەسێکی کۆڵنەدەر بە هەوڵوتەقەللای بێ وچانی خۆی توانیوییەتی لە یەک کاتدا و لە دوو بواری گرنگدا: ( زانستی سیاسەت و پێوەندی ناو دەوڵەتان ) بەردەوامی بە خوێندن بدات. لە مانگی مارتی ساڵی 1975 دا شۆڕشی ئەیلول بە جارێ هەرەس دەهێنێت و نزیکەی سەد هەزار پێشمەرگە چەک دادەنێن و کورد دووچاری ماڵوێرانی و دەربەدەری و ڕاگوێزان و نائومێدییەکی ئێجگار زۆر دەبێت. ئا لەو کاتەدا کاک نەوشیروان لە دوا قۆناغی خوێندنی دکتۆرادا دەبێت، جا چونکە هەموو خولیا و سەودایەکی ژیانی ئازادی میللەتەکەی بووە، چاکی مەردایەتی دەکات بە لادا و بۆ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ و گەشاندنەوەی پشکۆی خامۆشی راپەرین و هەستانەوە، بەجارێک واز لە دکتۆرا و هەموو خۆشییەکی ژیانی پڕ لە ئارامی دەهێنیت و لە شارە جوانەکەی ڤییەناوە دەگەریتەوە بۆ ناو بەفر و بەستەڵەک و باوبۆرانی کوێستانەکانی قەندیلی تەنراو بە هێزەکانی داگیرکەران. ئەمەش یەکێکە لە بەڵگەکانی خۆنەویستی ئەو مرۆڤە مەزنە. بێگومان هەموو ئەو شۆڕشگێرە ماندوو نەناسانەی لە پێناوی ئازادی میللەتەکانی خۆیاندا خەبات و تێکۆشانیان کردووە و بۆ گەیاندنی پەیامە پیرۆزەکانیان ڕووبەڕووی مەترسی و نەمان بوونەتەوە، ناویان بە نەمری ماوەتەوە، وەک ماندێللا و جیڤارا و غاندی.
دیارە کاک نەوشیروانیش یەکێکە لەو کەسانە. ئەو لە کاتێکدا گەڕایەوە بۆ نیشتمان دە فیرقەی سوپای بەعس لە کوردستاندا بڵاوەیان پێکرا بوو، ئەمە سەرباری بوونی هێزەکانی تورکیا و ئێرانی داگیرکەر لە سنورەکاندا و هەزاران جاش و خۆفرۆشی ئەڵقە لە گویێ، لەگەڵ ئەمانەشدا توانی خەباتیکی بێ وێنەبکات. چ لە بواری پەیدا کردنی چەک و پێویستییەکانی جەنگ و چ لە بواری رێکخستن و ڕۆشنبیرکردنی هێزی پێشمەرگە و سەرپەرشتیکردنی مەفرەزە پارتیزانەکان و بڵاوکردنەوەی بیری بەرگری و خۆبەدەستەوە نەدان و هاوبەشیکردنی ڕاستەوخۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەراندا.
خۆ کتێبی : ( لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ ) ئاوینەیەکی باڵانمای خۆڕاگری ئەو ڕۆژە سەختانەی کاکە نەوەیە، کە بەسەر کەل و بەندەن و لوتکە و تروپک و دوندی چیا هەزار بە هەزارەکاندا خەبات و هونەری لێک گریی داوە و هەرگیز بیری لە تێکشکان و نسکۆ و ڕاکردن نەکردۆتەوە، ئەوەتا لە کاتێکدا دەیان سەرکردەی ئازا و سەدان پێشمەرگە لە کارەساتی هەکاریدا دووچاری گرتن و شەهید بوون دەبن و بزوتنەوەکەیان ڕووبەڕووی شکست و مەترسی دەبێتەوە ڕوو لە تالەبانی دەکات و دەڵێ: ( ئەو هێزەی هەمانبوو لە ناوچووە، شتێکی ئەوتۆمان نەماوە، مەعلوم نیە ئێمەش ئەمێنین یا تیا ئەچین، تا ئێستا سەرکردەکانی کورد لە شکاندا هەڵاتون، با ئەمجارە ئێمە نەریتێکی تازە بۆ نەوەکانی داهاتو دابهێنین و ڕانەکەین و ئەگەر پێویستی کرد لە دوای خۆمان چەند گۆرێ لە کوردستان بەجێ بهێڵین. خەڵک بڵێن ئەمانە ڕایان نەکرد و مانەوە تا کوژران. دڵنیام ئەگەر خۆمان ڕابگرین هەڵ ئەسینەوە ).
دەی باشە بەڵگەی نەمری لەمە جوانتر دەبێ؟ ، کە گوزارشت لە ئازایەتی و خۆڕاگری ئەم مرۆڤە مەزنە دەکات ، کە لەو پەڕی لاوازیشدا بیری لە ئاشبەتاڵ و شکست و خۆبەدەستەوەدان نەکردۆتەوە و باوەڕی تەواوی بە کێشەی میللەتەکەی خۆی و پەیامی سەرکەوتن بووە. بێگومان قسەکانیشی ڕاست بووە و هەستاونەتەوە و توانیویانە گورزی گەورەی کەمەرشکێن لە داگیرکەربدەن. پاشان بەهرە و توانا و بیرتیژی ئەم سەرکردە ئازایە لەوەدا دەردەکەوێت، کە هەرزوو هەستی بە لاوازی و کۆتایی تەمەنی ڕژێمەکەی بەعس کردووە و توانیویەتی بە شارەزاییەوە نەخشەیەکی ورد بۆ ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بۆ ڕاماڵینی هێزەکانی داگیرکەر دابڕێژێت و لە مەشدا دەوری کارای خۆی گێڕاوە و ئەنجامەکەشی سەرکەوتن بووە. بەمەش توانی میللەتەکەی لە قۆناغی ژێردەستییەوە بگوێزێتەوە بۆ قۆناغی ئازادی.
دوای ڕاپەڕینیش هەموو خەون و خولیایەکی بریتی بووە لەوەی دەوڵەتی یاسا دوور لە حوکمی خێڵ و بنەماڵە دابمەزرێنێت و نان و کار و ئارامی بۆ خەڵکی دەستبەربکات و کۆتایی بە ستەم بهێنێت و وڵات ئاوەدانبکاتەوە و گرنگی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بدات و گوندە ڕوخاوەکان بە شێوازێکی نوێ بنیات بنێتەوە و چۆنایەتی ژیانی جوتیاران بگۆڕێت و سەرلەنوێ ژێرخانی ئابوری ببوژێنێتەوە، شان بە شانی ئەمانەش ئەو پەرۆشی بڵاوبوونەوەی خوێندەواری و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری خەڵکەکەی بووە، هەر بۆیە یەکەم کەس بووە بیری لە دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی کردەۆتەوە و توانیویەتی بە هەوڵ و تەقەللایەکی ئێجگار زۆر و کۆکردنەوەی پیتاک لە ساڵی 1992 دا سەرلەنوێ دەرگای ئەو زانکۆیە بکاتەوە. بەڵام بە داخەوە لە کاتێکدا ئەو سەرقاڵی گۆڕینی کۆمەڵگا و چەسپاندنی یاسا بووە، هەژموون و قۆرخکاری بنەماڵە و کەسانی چاوچنۆکی شڕە خۆری شەیدای پۆست و پارە، کە بوونەتە بەڵای سەری کورد، وەک کۆسپێکی گەورە و گران لە بەردەمیدا ڕێگریی لە هەوڵەکانی دەکەن. بەڵام چونکە ئەو لە پێناوی خەڵکیدا دەژیا و هەرگیز سەری بۆ هیچ کەسێک نە چەماندووە، کۆڵی نەداوە و توانیویەتی بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی باڵی ریفرۆم و چاکسازی دابمەزرێنێت و میللەت هوشیاربکاتەوە، پاشان لەو حیزبە جیابیتەوە، کە خۆی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرەکانی و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیشی کۆمپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕانی بنیات ناوە.. سەرباری ئەمانەش یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی کاک نەوشیروان بە نەمریی دەگەڕێتەوە بۆ کتێب و نووسینە نایاب و بە نرخەکانی، کە لە دەرگای هەموو بوارەکانیان داوە و سەنگ و قورسایی تایبەتی خۆیان هەیە و بوونەتە بەشیک لە مێژووی نەتەوەکەمان.
کاک نەوشیروان وەک مرۆڤە گەورەکانی دنیا بە زیندووی چووە ژێر خاکی پیرۆزی نیشتمانەوە، بەڵگەی خۆشەویستی و مانەوەشی بە نەمری، فرمێسک و ئاخ و خەفەت و شین و شەپۆڕی ئاپورەی ئەو هەزاران هەزار کەسە بوو، کە لە ناشتنیا بەشداربوون. ئەمەش نیشانەبوو، کە پەیام و ماندوو بوون و خۆنەویستی و پاکی و بی فیزی ئەو مرۆڤە ئازا پایەبەرزە ئاوێتەی ناخ و دڵودەروونی هەموو کوردێکی بە شەرەف بووە، هەر ئەمەشە وایکردووە هەژاران زیاتر لە کەسانی تر بە سفت و سۆ بۆی بگرین و بە دڵ شین و شەپۆڕ و گوڵبارانی گلكۆکەی بکەن و بە داخ و حەسرەت و چاوی پڕ لە گریانەوە سنگی بۆ بکوتن، چونکە سایەی ئەو پەنا و پەسێوی هەژاران بووە و بە ڕاستیش داکوکیکار و باوکی ڕاستەقینەی چینی چەوساوە و برسییەکانی وڵاتەکەمان بووە. بێگومان دوای خۆشی چرایەکی گەش و ڕووناکی وای داگیرساندووە، کە بە فووی هیچ دز و ستەمکارێک خامۆش نابێت. چرایەک، کە هەتا هەتایە تۆوی بڕوا و سەربەخۆیی و دواڕۆژێکی گەش لە دڵماندا دەچێنێ، کە دیارە ئەمەش خەونە گەورەکەی کاک نەوشیروانی نەمرە.