ئیبراهیم عەباس: دوا 24 کاتژمێری ژیانی عەبدولکەریم قاسم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەوروبەری کاتژمێر 8 ی بەیانی رۆژی هەینی 8 ى شوباتی 1963، بەرامبەر 14ی رەمەزان، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو رۆژە دەوامی فەرمی نەبوو، عەبدولکەریم قاسم ( 1914/09/21 – 1963/02/09) لە پشوودا بوو، رێگاکان چۆڵبوون و هاتووچۆیان کەم لەسەر بوو، عەبدوسەلام عارف و بەعسییەکان دەستیان دایە کودەتا دژ بە رژێمی قاسم.
کاتژمێر هەشتی تەواو، عەبدول سەلام عارف گەیشتە کەتیبەی دەبابات لە ئەبو غرێب و پەیوەندی بە عەقید ئەحمەد حەسەن بەکر کرد، بەهەردووکیان سەرپەرشتی خالید مەکی هاشمیان کردو داوایان لێکرد بەرەو بەغدا برۆن.
کاتێک گەیشتنە بارەگای رادیۆ، ئەفسەرەکانی بارەگاکەش هاوکاریان بوون بۆ کودەتاکە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی ئیزگەی رادیۆکەدا گرت. هەرچەندە لە ئیزگەوە یەکەم بەیانی کودەتاچییەکان خوێندرایەوە و رایانگەیاند کە کۆتایی بە رژێمی قاسم هاتووە و ناوبراو لە بارەگای وەزارەتی بەرگری دەستگیرکراوە، بەڵام لەم کاتەدا زەعیم قاسم لە پشوودا بوو، کاتێکیش لەماڵ هاتەدەرەوە بۆ ئەوەی بەرەو وەزارەتی بەرگری بروا، بەهەزاران خەڵک رژانە شەقامەکان و بەهوتاف کێشان قاسمیان گەیاندە بارەگای وەزارەتی بەرگری، خەڵکەکە هاوریان دەکرد هیچ کەس سەرۆکیان نییە، زەعیم نەبێت.
دوا نیوەرۆی رۆژی 9 ی شوبات، دوای شەرێکی یەک رۆژە لە نێوان عەبدولکەریم قاسم و بەعسییەکان، قاسم کە لە بارەگای وەزارەتی بەرگری بوو، لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عەبدول سەلام عارف دەکات و ئەم گفتوگۆیەی لێدەکەوێتەوە.
قاسم: عەبدول سەلام ئێوە سەرکەوتن، دەوری من کۆتایی هات، سوێند بەشەرفم، دەمەوێت لەبەرخاتری نەرژانی خوێنی زیاتر بچمە دەرەوەی عێراق.
عەبدوسەلام وەڵامی دایەوە: بەخودا ئەی کەریم ئەمە لە دەسەڵاتی مندا نییە، بەڵکو لەدەستی برایانی سەرکردایەتی شۆرشە، ئەوان بریار دەدەن، نەک تاکە کەسێک.
عەبدولکەریم وتی: بیرت دەخەمەوە ژیانت دەپارێزین، وە من هەرچی لەدەستم بێت دەیکەم بۆ بەرزبوونەوەی تۆ بە ئاراستەی خزمەتی وڵات
عەبدول سەلام: ئەمە لەدەرەوەی ئەم پرس و بابەتەیە، خۆمان رادەست بکەم و دادگایت دەکەین.
قاسم : مەرجەکانتان چین؟
عەبدول سەلام: لە هۆڵی گەل وەرە دەرەوە و چەکەکەت رادەست بکە، هێماکانی سەرکردایەتی سەر کڵاو و جلوبەرگەکانت دابگرە.
کاتژمێر 12:30 دوا نیوەرۆ قاسم و ئەو ئەفسەرانەی لەگەڵیدا بوون خۆیان رادەستکرد، عەبدوکەریم و تەها شێخ یان سواری دەبابەیەک کردن، قاسم جانبی و فازڵ مەهداویی و کەنعان خەلیل حەداد بە مدەرەعەیەک لەدوایانەوە رۆیشتن بەروە بینایەی رادیۆ.
دوای گەیشتنی قاسم و ئەفسەرەکانی هاورێی بۆ بارەگای رادیۆ، لەنێوان قاسم و عەبدوسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکرو عەبدول غەنی راویی و عەلی ساڵح سەعدی ئەم گفتوگۆیە روویدا:
عەبدول سەلام عارف، داوای لە قاسم کرد کە دەبێت بە قورئان سوێند بخوات، کە عەبدوسەلام عارف سەرکردەی راستەقینەی شۆرشی 14ی تەموزی 1958 بووە، بەڵام قاسم رەتی کردەوە. وەتومەتی خیانەتی گەورەی نیشتمانیان دایە پاڵ و تومەتباریان کرد کە حوکمی تاکە کەسی پیادە کردووە . قاسم داوای دادگایەکی دادپەروەرانەی کرد، بەڵام دادگایەکە 10 تا 15 دەقیقەی زیاتری نەکێشا، دادگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش بە سەرۆکایەتی عەبدول غەنی راوی بریاری گولە بارانکردنی قاسم و ئەفسەرە هاورێکانیان دا.
پێش ئەوەی قاسم گولە باران بکرێت، ئامادەبوان داوایان لێکرد دوا داوای ژیانی بکات، قاسم تەنها داوای یەک پەرداخ ئاوی کرد، بەڵام گوێیان بە داواکەی نەداو رەتیان کردەوە پەرداخە ئاوەکەی پێ بدەن.
لەم ساتەدا ئاگری فیشەکی رەشاشی عەبدول غەنیم راوی و مونعم حەمید عەلی، لە جەستەی قاسم و ئەفسەرەکانی هاورێ درا کە لەسەر کورسی دایانیشاندبوون. هەریەک لە فازڵ عەباس مەهداویی و ملازم کەنعان حەداد عەلی، بەربوونەوە سەر زەوی، بەڵام عەبدولکەریم قاسم و تەها شێخ ئەحمەد بە کورسییەکانیانەوە نووسان. دواتر بە کامیرەی سینەمایی وێنەیان گیراو لەسەر تەلەفزیۆن نیشانی خەڵک دران.
بەم شێوەی حوکمی عەبدولکەریم قاسم دوای چوار ساڵ و شەش مانگ و پازدە رۆژ کۆتایی هات.
راستە هەریەکە لە عەبدول سەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر لە قونانەغەکانی ژیانی سیاسیان، لە دەیەی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو بوونە سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام نەک نەیانتوانی وەکو زەعیم عەبدولکریم قاسم خزمەت بە عێراق بکەن، بەڵکو لە سایەی ئەوان دکتاتۆریەتی سەدام حوسێن خوڵقا. کە نەک لە حوکمرانی 35 ساڵەی سەدام و بەعسییەکان هیچ نەما بەسەر عێراق و کوردستان نەهێندرێت، بەڵکو دوایی ئەو زەمەنە درێژە لە فەرمانرەوایان، ئەم وڵاتەیان تووشی ئەم گێژاوە کرد، هیچ گرەنتی نییە بە چەندان دەیەی تریش وڵاتی عێراق کە سەردەمێک بەغدا پێشەنگی داهێنانە گەوەرکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوو، ببێتەوە وڵاتێک کە خەڵک بە ئارامی تێدا بژیت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت