ئومێد قەرەداخی: ده‌وڵه‌ت گرنگه‌ یان كه‌رامه‌تی مرۆڤ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ده‌وڵه‌ت له‌ بنه‌ره‌تدا به‌ ته‌نها چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و سیاسی دانپێدانراو نییه‌، به‌ڵكو رێكخستنێكی ئاره‌زوومه‌ندایه‌ له‌ نێوان مرۆڤگه‌لێكدا بۆ پاراستنی دادپه‌روه‌ری، بۆ به‌دێهێنانی خؤشگوزه‌رانی و هه‌لی یه‌كسانی ژیان له‌به‌رده‌م هه‌مواندا، ده‌وڵه‌ت قه‌واره‌یه‌كه‌ تیایدا كاڵای گشتی وه‌ك ئازادی و ئاسایش بۆ هه‌موان دابین ئه‌كرێت، تیایدا مرۆڤ به‌ كه‌رامه‌ت و شكومه‌ندی مرۆڤانه‌ی خۆیه‌وه‌ ئه‌ژی و به‌پێی یاسا مافی پاراێزراوه‌. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ئه‌م ئه‌ركه‌ جێبه‌جێنه‌كات، ئه‌وا ده‌وڵه‌ت له‌ ده‌زگایه‌كی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانییه‌وه‌ ئه‌بێته‌ ئامرازی چه‌وسانه‌وه‌ی نوخبه‌یه‌كی سیاسی سه‌ركوتگه‌ر دژ به‌ هه‌موو هاوڵاتیان، ئه‌بێته‌ كارخانه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی نا عه‌داله‌تی و تێكشكاندنی شكۆی مرۆڤانه‌ی مرۆڤ، له‌ هه‌لومه‌رجێكی له‌م شێوه‌یه‌دا ده‌وڵه‌ت مه‌ترسیدارترین هێزه‌ به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه‌ ، مرۆڤی بێ ده‌وڵه‌ت گه‌لێك شه‌ره‌فمه‌نتر و سه‌ربه‌رزتره‌ له‌ مرۆڤی ده‌وڵه‌تدار، ئه‌م دۆخه‌ له‌ عێراقی سه‌دام و سوریای ئه‌سه‌دا ئه‌بینین، سوریای ئه‌سه‌د ده‌وڵه‌ته‌، دانبێدانراوه‌، به‌ڵام ئامرازی شكاندنی كه‌رامه‌ت و شكۆمه‌ندی ئینسانه‌، ده‌زگای كوشتن و بڕینه‌، ده‌زگای تاڵانی و به‌خته‌وه‌ری نوخبه‌ی حاكم و برسیتی كۆمه‌ڵگایه‌، له‌م ئاسته‌دا ده‌وڵه‌ت نه‌بوونی باشتره‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، به‌هۆی خراپی جۆری حوكمرانی كوردییه‌وه‌، خراپی هه‌موو شتێك گه‌یشتۆته‌ سه‌ر ئێسقان، ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌هۆی ره‌فتاری چه‌ته‌گه‌رییه‌كانییه‌وه‌ ئابووری كوردستانی دارزاندوه‌، ئه‌م داڕزاندنه‌ش هیچی له‌ خۆشگوزه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدار و خێزانه‌ سیاسیه‌ باڵاده‌سته‌كان كه‌م نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی ملیاره‌ها دۆلار، به‌ڵام گوزه‌رانی فه‌رمانبه‌ر و چینه‌ مامناوه‌نده‌كانی تا سنووری شكاندنی كه‌رامه‌ت هێناوه‌ته‌ خواره‌وه‌ ، رۆژ نییه‌ به‌ هۆی ئه‌و سیستمه‌ مووچه‌یه‌ی حكومه‌ت بێ هیچ یاسا و رێسایه‌ك داینا، شكۆمه‌ندی هه‌موو ئینسانێك نه‌كه‌وێته‌ ژێر ئیهانه‌ و سوكایه‌تی پێكردنه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌وه‌ كارگه‌ و بانك و كۆمپانیا و سه‌رخان و ژێرخانی ولات وێران نه‌بێت، له‌ كۆی گشتیدا تاكی كورد په‌راوێزخراو پاسقكراوه‌، هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیستیش دروشمه‌ قه‌به‌كانی نه‌ته‌وه‌ له‌ تاكی نه‌ته‌وه‌، له‌ ئازادییه‌كان و مافه‌كان به‌ گرنگتر بزانیت، بزووتنه‌وه‌یه‌كه‌ سه‌ری له‌ فاشیزمه‌وه‌ ده‌رئه‌چێت، جه‌وهه‌ری ئایدۆلۆژیای به‌عس به‌ گه‌وره‌زانینی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ به‌سه‌ر تاكی عه‌ره‌بیدا، سه‌ره‌نجامی عێراقی سه‌دامی به‌رهه‌مهێنا كه‌ دۆزه‌خی هاوڵاتییه‌كانی بوو.
بیست و پێنج ساڵه‌ یاسا و دادگا هیچ سه‌ربه‌خۆییه‌كی نه‌بوه‌، له‌گه‌ل بوونی له‌شكرێك مافیا و گه‌نده‌ڵ، ته‌نها یه‌ك مافیا، ته‌نها یه‌ك گه‌نده‌ڵ به‌ دادگا نه‌دراوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یاسا و دادگا بۆ ته‌سیفیه‌ی حساباتی سیاسی و شه‌خسی به‌كارهاتوون.
بیست و پێنج ساڵه‌ بازار و چالاكی ئابووری كۆنترۆڵكراوه‌، ئاراسته‌كراوه‌، له‌سایه‌ی ئه‌م قۆرخكارییه‌دا پیاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات بینای ده‌یان نهۆمی ئه‌به‌ن به‌ ئاسمانا و سه‌دان هه‌زار ئینسانیش له‌ خه‌ون به‌ خانوویه‌كی سه‌دمه‌تریه‌وه‌ ئه‌بینن.
له‌ كوردستاندا شه‌قێك له‌ په‌رله‌مان و دام و ده‌زگای هه‌ڵبژێردراو هه‌ڵداوه‌ و دیموكراسی سوك و بێ بایه‌خكراوه‌،به‌رانبه‌ر به‌مه‌ دیوه‌خانی سیاسی بازاڕی گه‌رمه‌، له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تێكی له‌مشێوه‌یه‌ بێ دوو دڵی ده‌وڵه‌تێك ئه‌بیت له‌سه‌ر حسابی كه‌رامه‌ت و كه‌سایه‌تی هاوڵاتییه‌كانی، چوارچێوه‌یه‌ك ئه‌بیت بۆ حوكمێكی سوڵتانی و سه‌پاندنی جه‌هه‌نمێك به‌سه‌ر هاوڵاتییه‌كانیدا.

[contact-form-7 404 "Not Found"]