محەمەد هەریری: بۆچی زنجیرەی غرابیب سود ڕاگیرا؟!‏

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ 16-06-2017 هەوالێك بڵاوبوەوە کە زنجیرەی غرابیب سود ی ئێم بی سی لە ئەڵقەی 20 دا ڕادەگیرێت! هەواڵەکە زۆر لە ناکاو ‏بڵاوبوەوە بۆ زۆرینەی خەڵك ناخۆش بوو کە دەیانەویست لە داعش بگەن لەناوەوە، بەڵام بێگومان هەواڵێکی خۆش بوو بۆ کۆمەڵێ میدیا ‏و گروپی دینی وتیرۆرستی و دەوڵەت وخەڵکانێك لەبەر هاوبەشی زۆریان لەگەڵ داعش، ئەانە ئەو ڕاگرتنە لە ئەنجامی هەڵمەتەکانی ‏خۆیان دەبینن. لە یەك کاتدا ئیخوانەکان و میدیاکانیان و زانا وەهابیە توندڕەوەکان و مینبەر ومیدیاکانیان و سیاسیە ئیسلامیەکانی قەتەر و لە ‏جەماعەی ئیسلامی و باقی گروپە جیهادییە سەلەفیەکان هەڵمەتی دژایەتی خۆیان ڕاگەیاند دژی زنجیرەی غرابیب سود، لە ژێر ‏بڕوبیانووی جۆراوجۆر وەك مەسەلەی شەڕەف و وروژاندنی هەستی سوناتی و شیعاتی وشتیتریش! بێگومان الجزیرة مایسترۆی ئەو ‏هەڵمەتانە بوو!‏
وەك هەمیشە کەناڵی الجزیرة سەرپەرشتی هەڵمەتی دژایەتی ئەو زنجیرەیەی کرد، تا ئێستا چەندین بەرنامەی بۆ تەرخان کردوە کە ‏هەمووی لە دژی ئەو زنجیرەیە، وەك پیشەی هەمیشەیی الجزیرة لە بەرگری کردنی لە تیرۆریزمی ئیسلامی بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ ‏بەرگری لە داعش دەکات، بە بیانووی تر وەك:‏
ناوی زنجیرەکە [غرابیب سود] هەڵەیە چونکە بە مانای ترێی ڕەش دێت یان چیای سەرکەش! بێگومان ناوەکەی لە سورەتی فاطر ئایەتی ‏‏27 وەرگیراوە کە دەڵێت: [وَمِنَ الْجِبَالِ جُدَدٌ بِيضٌ وَحُمْرٌ مُّخْتَلِفٌ أَلْوَانُهَا وَغَرَابِيبُ سُودٌ] ڕاستە بە ترێی ڕەش دەگوترێت بەڵام ‏نەمزانیوە بە چیای سەرکەش بگوترێت، بەڵکو لێرە وەسفە بۆ ڕەنگی چیا، کە چیای سپی و سوور و ڕەشی قەترانیش هەیە، ‏عەرەب بە پیاوی زۆر ڕەش دەڵێن: هو أسود غربيب، إذا وصفوه بشدة السواد! کەوابوو ناوەکەی تەواوە!‏
ئینجا جەزیرە تۆمەتباری زنجیرەی غرابیب سود دەکات کە گوایە بەرهەمێکی شیعییە، چونکە مودیری ئێم بی سی علی جابر شیعییە! ئەو ‏پیاوە لە بەرنامەی حەرەب گۆت تالێنت دادوەرە کەسێکی هەتا بڵێی ڕۆشنبیر و دوور لە تائفیەت دیارە، زۆر ناخۆشە تۆ تەنها لەبەر ‏ئەوەی لە خێزانێکی شیعی لە دایک بووبیت، هەتا ئەتێیستیش بیت بە شیعەیەکی تائیفیت بزانن! ئەگەر شیعەیەکی وا تائیفییە چی دەکات لە ‏کەناڵێکی سعودی؟ هەمان شت بۆ چەند ئەکتەرێك کە شیعەن، ناکرێ هەر لەبەر ئەوە شەڕی تائیفی دژی زنجیرەکە بەرپا کەین. ‏
یان نووسەرێکی کوێتیان هێناوە دەڵێت ئەوانە حەیای ژنی خەلیجیان بردوە، چونکە دوو ژنی کوێتی دەچنە ناو داعش لە پێناو دۆزینەوەی ‏مێرد! دەڵێن ئەو شیعانە لە ڕێگای درۆیەکی ساختەی وەک [جهاد النکاح] ناوی ئافرەتی خەلیجی پیس دەکەن چونکە قەت ئافرەتی ‏خەلیجی شتی واناکەن! ڕاستە وشەی جهاد النکاح دروستکراوێکی میدیای شیعییە کاتی خۆشی لەسەرم نووسیوە، بەڵام ئەگەر ‏فەتوایەکیش نەبێت بەو زاراوەیە، گومانی تێدا نییە سەدەها کچ و ئافرەتی موسڵمان لە جیهانی عەرەب و ئیسلام و هەتا ئەوروپاش بە ‏پاڵنەری دینی و سۆزیاری چوونەتە ناو داعش بەدوای پیاوێك! کورد هەیە بە ژنەوە چۆتە ناو داعش، لەوێ ژنەکەیان لێی گۆڕیوە ئێستا ‏ڕۆژانە ژنی سعودیەك و کوێتیەک و شیشانیەکە! جهاد النکاح بە زاراوە و فەتواش نەبێت بەڵام بە کرداری هەیە لە هەردوو لای ‏پیاوەکان و ژنەکانی داعش. ئەی ئەو هەموو گەنجەی وڵاتە چەپێنراوەکانی عەرەب وئیسلام بۆ دەچن بۆناو داعش؟! مەگەر یەکێ لە ‏سەرەکیترین ئامانج دەسکەوتنی سێکسێکی هەرزان و ئاسان نییە چ لە ڕێگای دەسکەوتنی ئافرەتێکی داعش یان کەنیزەیەکی ئێزدی و ‏دیانەتی تر؟!‏
دەڵێن ئەو زنجیرەی غرابیب سودە تانە لە ئەڵقەکانی فێرکردنی منداڵان بۆ خوێندن و لەبەرکردنی قورئان دەدات، چونکە لە دیمەنێکیدا ‏دەڵێن دەبێت ئاگادار بیت منداڵت دەخەیتە بەردەستی کێ چونکە دوور نییە لەو ئەڵقەیە فێری داعشیەتی بکەن! بێگومان ئەوەش ڕاستە ئەو ‏ئەڵقە و دەرسانەی مزگەوت هێندە ترسناك بووە منداڵت لە دەست دەدەیت ئەگەر ئاگادار نەبیت، بۆ دەبێ لەسەر ئەو قسەیە ڕەخنە لەو ‏زنجیرەیە بگیرێت؟!‏
یان دەڵێن ئەو زنجیرەیە تەنها تیرۆریزمی و خراپیەکانی جەماعاتی سوونی [داعش ] نیشان دەدات، بۆ باسی تیرۆری شیعە و حەشدی ‏شیعی ناکەن؟!‏
تۆ ببینە الجزیرة چەندە مەخلوقێکی سەیرە شەڕی سعودیە دەکات کە شوانی وەهابیزمە، پشتگیری و بەرگری لە قاعیدە و داعش و ‏تیرۆریزمی ئیسلامی دەکات لەوەتی هەیە، دژایەتی شیعەگەری دەکات، کەچی لە هەمان کاتدا لەو قەیرانە سیاسیەی دژی سعودیە و ‏ئیمارات و میسر و بەحرەین، ئێرانی شیعە و دامەزرێنەری حشد الشیعي پاڵپشتی لە قەتەری جەزیرە دەکات؟!‏
ئەو ئەو ڕایەی من دەسەلمێنێت کە زۆرجار گوزارشم لێکردوە، کە دەڵێم تیرۆریزمی سوونی و تیرۆریزمی شیعی وەك وێنەیەکی پەزڵن ‏لە دوو پارچە پێك هاتوون، بێ یەکتر هەڵناکەن و بەردەوامیشیان نابێت.‏
دەنا لە چ فەرهەنگێکی سیاسی بووە ئێرانێکی تائیفی سەفەوی شیعی بەرگری لە قەتەری الجزیرە پاڵپشتیکەری تیرۆریزمی قاعیدە و ‏داعشی سوونی بکات؟!‏
وادیارە ئەو زنجیرەی غرابیب سودەش بووە قوربانی ئەو شەڕ و حەساسیەتە تائیفیەی شیعە وسونە، و توانییان لە ڕێگای مەلا و ‏بانگخوازە توندڕەوەکان خەڵکی سادە و ئاسایش تاڕادەیەك بکەنە گژ ئەو زنجیرەیە، دیارە سعودیەش تا تۆمەتبار نەکرێت بە دژی ‏سووناتی وەك الجزیرە ئاماژەی پێدەکرد لە بەرنامەکانی، بڕیاری ڕاگرتنی ئەو زنجیرەیان دا کە لەو ڕەمەزانە عەرەب لەوە بەسوودتریان ‏بەرهەم نەهێناوە بۆ هاندانی خەڵك لە دوورکەوتنەوە لە داعش و تیرۆریزمی دینی بە گشتی.‏

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت