بەیان ئیبراهیم: گەشتی ریفراندۆم، بە شەرابی نەوت و قوماری نەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە ڕەچاوکردنی دۆخی سیاسی و ئابوری ئێستای هەرێم، بە خوێندنەوەی دۆخی ناوچەکەو وڵاتانی دراوسێ، بەڕوانین لە وجودی بنەماکانی دەوڵەت و یاسا نێو دەوڵەتیەکان بۆ رەزامەندی بون بە دەوڵەت، بە ڕامان لە وجودی سەرکردە ریفراندۆم خوازەکان. ڕابردو ئێستایان. چانسەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم و دەرەنجامەکانی حکومڕانیان، بە تێگەیشتن لە دۆخی نا هەمواری گوزەرانی خەڵک و دواجار بە دیتنی دیمەنی سیاسیە بازرگان و سەرۆکە خۆسەپێنەکان و دواجار وجودی “نا”یەکی حیزبی و هاوکات جەماوەری بەرفراوان.. دەکرێت لە هۆکاری سوربونی هاوئاوازەکانی ریفراندۆم و ئاوازدانەرەکەیان تێبگەین، ‎ تیمی ڕیفراندوم کێن؟ ‎
یەک بەیەکی ئەوانەی لەم تیمەدان وەک موگناتیس زۆرترین گەردو پەڵەی ناشرینی ئەنتی نیشتمانی و نەتەوەیی بەسیماو جەستەیانەوەیە، سەرجەمیان لەوانەن کە لەگەڵ هەردو چەمکی خیانەت فەساد بەجۆرێک ئاوێتە بوون وەک دوانەیەکی هاوشێوەیان لێهاتوە.. ‎با بەنمونە (مسعود بارزانی و هۆشیار زێباری) وەرگرین.
بارزانی وەک مونەزری ریفراندۆم و زێباری وەک سەرۆکی لیژنەی ریفراندۆم.. بارزانی پاش دوو خولی سەرۆکایەتی و دوو ساڵی درێژکراوەو ساڵ و نیوێکیتری خۆسەپاندن هیچ هۆکارو ئامرازێکیتری مانەوەی نەماوە لەسەر کورسیەکەی، هیچ بیانو تەبریرێکی گونجاو نەگونجاو نەماوە بۆ مانەوە لەسەر کورسیەکەی، نە یاسا نەعورفی سیاسی و نە تەفسیرو تەئویلی یاسایی دەروێشەکان و راوێژکارەکانی، ئەو بۆ مانەوەی بەتەنها ئەم بەهانەی ریفراندۆمەی ماوە و هیچیتر، دوای ریفراندۆم .. ئەو دەڵێت: ئەرکی ڕاگەیاندنی دەوڵەت وادەکات لەسەر کورسیەکەم بمێنمەوە تا ڕۆژی قیامەت. گەر بەسادەیی بپرسین بارزانی بۆ مانەوە لەسەر کورسیەکەی ریفراندۆم نەکات.. چی بکات.؟ ‎
هۆشیار زێباری ئامرازی ئەتککردنی ریفراندۆم و ئەمانجی نەتەوەیی! كە سەرۆكی لیژنەی ریفراندۆمە ئەو كە دەكاتە خاڵی بارزانی بەزۆرینەی دەنگ و لەناو ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی لێوەرگیراوەتەوە دەزگای یاسادانان دادگایی کردوەو سزای داوە.. ئایا بەسەرۆککردنی گەندەڵێك لەخەمی چارەنوسی نەتەوەیەکدایە یان سوکایەتی بە نەتەوەو ئامانجی سەدان ساڵەی نەتەوەیەک..؟ بارزانی بۆ زێباری کرد بەسەرۆکی لیژنەکە…؟ بۆ ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و… چەندینیتر بکاتە شاگرد و بەردەست و ئەندامی لیژنەکەی، ‎کە وشیار زێباری گەورە دەستپیس بووە سەرۆکی لیژنەکە ئیدی ڕۆژانە دەیان نوسەرو قەڵەمی دەرباری دەبێت بەشان و باڵیدا هەڵبەن، گەر زۆر بەسادەیی بپرسین تەنها بۆ رێزگرتن لە ئامانجی لەمێژینەی سەربەخۆیی نەدەکرا بارزانی کەسێکیتری بکردایە بەسەرۆکی لیژنەکە..؟ ئایا هاوئاوازەکانی بارزانی بەتایبەت (کۆسرەت رەسول و مەلا بەختیار) نەدەکرا یەکێکیان ببونایە بە سەرۆکی لیژنەکە؟ ‎٭
هەیمەنەی وڵاتانی دراوسێ و هەیبەتی ئاوازدانەرو هاو ئاوازەکانی..! ‎هەرێم لەساڵی ۱۹۹۱ و لە سەروەختی ئاودیوکردنی یەکەم شۆفڵ و محاویلەی کارەباوە بێ هەیبەت و بێ سیادەترین ‎گروپ و حکومڕانی سەر زەوییە، تا ئێستاش ئەم جوگرافیا زەلیلە مەیدانی تەراتێنی میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێرانە، تا ئێستا ئەم دەسەڵاتە ئەتککراوە کلک و سێبەرو موتیعی سیاسەت و بیرۆکەی تورک و فارسە، مەیدانی بنکە سەربازی و سیخوڕیەکانی ئەوانە، ئەم دەسەڵاتە مارەکراوە زۆر بێ هەیبەتترە لەوەی جورئەتی جەنگی سەربەخۆیی هەبێت لەبەرامبەر تورک و فارس. ‎٭
سەربەخۆیی و یاسا نێودەوڵەتیەکان.! ‎کاتێک ئاڵای کوردستان دەچێتە ڕیزی ئاڵای دەوڵەتان و دەبێتە 194 مین دەوڵەتی ئەندام لەنەتەوە یەکگرتوەکان، بە تەنها سێ مەرجێ نێو دەوڵەتی پێویستن، وەک (بونی خاک و خەڵک، دەسەڵاتێک بۆ بەڕێوەبردن، دانپێدانانی نێو دەوڵەتی) ئیدی لەو سێ مەرجەدا هیچ وابەستەییەک بە ریفراندۆم و گشتپرسیەوە بونی نییە، ریفراندۆم دەکرێت لەهەرێم (رۆژنامەی ئاوێنە ئەنجامی بدات)، یان (رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی) ئەسڵەن یەکێتی قوتابیانی پارتی و کۆمەڵەی خوێندکارانی یەکێتی دەتوانن ئەنجامی بدەن.! کەناڵی ( rudaw nrt ) دەتوانن، ‎ ریفراندۆم (لەسوید ئەنجامدرا بۆ فرۆشتنی شەریکەی ئەپسلود “ڤۆدگا” ، (لە ئەڵمانیا بۆ راکێشانی سکەی قیتار).. ئایا ریفراندۆم..؟ گەر زۆر بەبەهایە بۆ کاریان بە دەرەنجامی ریفراندۆمی ساڵی 2005 نەکرد؟ ‎٭ ریفراندۆم (گەل و دەسەڵات) ‎لە دنیادا دەسەڵاتێک جورئەتوو روی ریفراندۆمی هەیە کە گەلەکەی تێرو خۆش گوزەران بن، بۆ شایی نێوان گەل و دەسەڵات لەهەرێم سنوری تێپەڕاندوە، ئەم دەسەڵاتەی هەرێم بێسومعەترین جۆری دەسەڵاتە لەسەر زەوی، روو قایمیەکی گەورەیە کە ئەمانە باس لە ریفراندۆم دەکەن بۆ پشتگیری جەماوەری لەهەرپرسێک کە ئەم دەسەڵاتە بە دەنگدانی خەڵکێ بسپێرێت.. بەتەنها گرەنتی لە تەزویرو فاوڵی ئینیخابیدایە، بەکورتی دەسەڵاتێکی تەزویرچییەو ریفراندۆمێکی مزەور ئەنجام دەدات، ئابوری هەرێم و دەمامکی ریفراندۆم زیاتر لە سی ملیار دۆلار قەرزی قومارو دوا گرێبەستی بیست ساڵەی روسنەفت.! بەچی دادەپۆشرێت و چۆن لەبیر خەڵک دەبرێتەوە؟ کام کارتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەتوانێت لە گاڵتەجاری ریفراندۆم بەهێزترو گونجاوتربێت.؟ هەژاری و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری و بێ موچەیی کە کوشندەترین دەردی کۆمەڵایەتییە… بە ریفراندۆم نەبێت کام گۆشە نیگای سیاسی دەتوانێت بۆ ماوەیەک لەبیر خەڵکی بباتەوە.؟ ٭ ریفراندۆم و سیاسیە جامبازەکان.؟ دەستەبژێری حکومڕانی هەرێم چین لە باندێکی تاجرو جامبازی خۆسەپێن زیاتر؟ کام لە ئاوازدانەرو هاوئاوازەکانی چەندین پرۆژەی بازرگانی ناشەرعی و نایاسایی نییە؟ کێ دەتوانێت لەو پێڕەدا جنسێکی نامۆ بە گەندەڵی و بە فەسادی سیاسی و ئەخلاقی بە خەڵک بناسێنێ و پیشانبدات؟ ٭
ریفراندۆم و دوکانە سیاسیەکان؟
سێ رۆژ لەمەوبەر هێزە تازەکەی حەمەی حاجی مەحمود یەکەم موچەیان لە پارشێودا وەرگرت، ئێستاش سەر دەرناکە بۆچی هێزە تازەکەی کاکە حەمە لە پارشێودا موچەکانیان وەرگرت، دەیان پارتی سیاسی کە بە هەمویان کورسیەکی پارلەمانیان نییە چۆن و بۆچی لەدەوری ئەم گاڵتەی ریفراندۆمە کۆبونەوە.؟ حیزبیان تیایە بەتەنها باوکێک و کوڕەکانیەتی.. بێ گومان هۆکاری زۆر سادە پارشێوە موچەکەی هێزە نوێکەی کاکە حەمەیەو ئەمە بۆ حیزبەکانی تریش ڕاستە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت