لاوک کونجرینی: بۆچی تورکیا لە پشت ڕیفرامدۆمەکەوەیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کات و زەمەنی ئەم ڕیفراندۆمە، زۆر بەهەستیارو گوماناوییە، لە مێژە کاریی لەسەر دەکرێت. لەدوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆرانەوە بەرنامەی بۆ دادەنرێت. وەک بەرزانی بەیەکێتی وتبوو: گەر گردی زەرگەتە لە هەولێر بوایە، ئەوا لەگەڵ زەویی تەختم دەکرد. ئەوەی پێنەکرا، خۆ پێیان دەکرێت خەونی کورد لەگەڵ زەویدا تەخت بکەن، کاتێک ڕابەرایەتییکەی کەوتە دەستی نەوشیروان مستەفا، ئەمە عەسلی ئامانجی ئەم جارەی ڕیفراندۆمە.
ئەمڕۆ تاکی کورد، لەهەموو سەردەمێک لە حیزب بێزارە، بێزارە لەخۆی، بێزارە لەژیان، گەر تروسکاییەک شک ببەن، پشت دەکەنە نیشتمان و باروبارخانەیان هەڵدەگرن و ئاوڕ نادانەوە.
ئەمڕۆ سیاسەتی برسیکردنی پارتی و داگیرکەران، کێشە کۆمەڵایەتییەکانی زەقکردۆتەوە، خێزانەکان ڕۆژانە لێک هەڵدەوەشێن، خۆکوشتن و داڕمانی دەرونی ڕۆچۆتە شادەماری کۆمەڵگاوە، ئەم ڕەوشە، ئەم بێزارییە بەرنامەی داگیرکەران و پارتی یە، وەک:
1- لەدوای 2008 وە تورکیا بە بەرنامە، کاریی لەسەر سەربەخۆبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم کرد، ئەردۆگان لەو زەمەنەوە، بە بەرنامە ئابوورییەکانی گەشەی کردو گەیشت بە مەبەست.
ببینن، لە دوای ڕۆیشتنی نەوتی بەناو هەرێم بەخاکی تورکیادا، تورکیا دوو هێندەی کورد سوود مەند بوو، نمونەشمان گەشەی ئابوری تورکیایەو. داڕمانی ئابووری هەرێم.
2- پارتی ژیرانە مامەڵەی لە گەڵ دروشمەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا کرد، کە بەشدار دەبێت لە حکومەتی داهاتووداو ، بە بەرنامەش دەریپەڕاند. ئیتر زەمەنی باڵادەستی دەسەڵات بەسەر هەموو شتێکەوە دەستی پێکرد، بەرنامەی برسی بوون و کڕینی تاکی کورد و شەکەتبوونی بیرکردنەوە دەستی پێکرد.
3- سەردەمی دابەشبوونە سیاسیە گەورەکە دەستی پێکرد، ئەویش بەرەی سونەو شیعە لەماڵی کورددا، ئەم دوو بەرەییە ئەگەر ببینین، گەشەکردنی ئەو ململانییە ناشەریفانەیە، کە لەزەمەنی دوای راپەڕینەوە ڕایکێشایە مەیدانەکەوە، پارتی تا خۆی لەگەڵ ئێران بوو پێش پاسدار دەکەوت، بەرەکەی تر بە بەرەی بەعسی دەشوبهان، کە خۆی وازیی لە ئێران هێناو ڕووەو تورکیا ملی نا، بەرەی ئەو دیویی پارتی بە ئیتڵاعات دەشوبهاند. ئەم توانایە لەئاڵوگۆرکردن، درۆیەکی گەورەیە توانای پارتی بێت، بەڵکوو ئەوە داگیرکەرانە سوود مەندن لە ملکەچ بوونی پارتی بۆ لەباربردن و دەستتێوەردانی بزوتنەوەی کوردیی.
شەپۆلی بەشداریکردنی مەرگی نەوشیروان، سینارۆ و کەفوکۆڵی سیاسی و سۆز و خزم خزمێنەو ئەرکی دینی نەبوو، بەڵکوو شەپۆلی ناڕازی و بیزاری و، پەرچەکرداری دەسەڵاتی مافیانیزم و گەندەڵ و نانیشتمانی بوو. هەر ئەمەش بوو، هێشتا کفنەکەی نەوشیروان زەرد نەببوو، دروشمە زەقەکەی سێکوچەکەی پارتی و تورکیا و ئێران دەستی پێکرد.
25-9-2017 ، ڕۆژی ڕیفراندۆمی گاڵتەجاریی بە چارەنوسی کورد، لەم ڕۆژەدا پێش 26 ساڵ لەمەوبەر، تەرمی ڕەحمەتی مستەفا بەرزانی هێنرایەوە بۆ زێدی خۆی لە بەرزان، ئەمە دووەم جارە ئێسکوپروسکی ڕەحمەتی بەرزانی دەردەهێنرێت. یەکەمجار، لە ساڵی 1981 دا کوڕانی بەرزانی بەفیتی ئێران گۆڕەکەیان هەڵدایەو ئێسکو پروسکەکەیان لەشوێنێک شاردەوەو، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان، تاوانبار کرد بەسوکایەتی پێکردنی گۆڕەکەی و خودی بابەڕەسوڵی لێپرسراویی مەکتەبی عەسکەری ئەو حیزبەیان بەکەسی یەکەمی ئەو کردە تاوانبار کرد. ئیتر دەستیان واڵا بوو، ببنە کەواسووری بەر لەشکریی پاسادران و ئەوەی لەشکریی ئێران پێی نەکرا، لە کاولکردن و بەسووتماککردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەمان کردیان.
ئەو ڕۆژ و مانگە، پارتی دەستنیشانی کردووە بۆ ڕیفراندۆم. دوێنی بۆ لافوگوزاریی کۆشک و تەلاریی کەرەج و ئەمڕۆش بەفیتی داگیرکەران بۆ سوتاندنی خەونی گەلێک، چۆن؟:
1- ئەمڕۆ تاکی کورد بەهەموو بڕیارێکی حیزبی ئەلەرگیی هەیە، تا سنوری بڕیاریی دامەزراندی دەوڵەتی کوردی.
2- تاکی کورد پەرچەکرداری دروشمەکانی حیزبە، لە: نان و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەکان و سەروەری یاساو بنەبڕکردنی گەندەڵی.
3- دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کورد، کەسانێکن گەر یەسا سەروەر بێت، دەبێت هەموویان لەسەر شەڕی کوردبەکورد بەکوشدان و، پەلکێشکردنی داگیرکەران و، تیرۆری کەسایەتی کورد و، سیستەمی برسیکردن و، تاڵانی و، بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی بخرێنە کونجی زیندانەوە، نەخوازەڵا، سوکانی دەوڵەتی کوردیان بدرێتە دەست.
ئەم خاڵانەی سەرەوە، دەمانخاتە بەرگووومانی ئەوەی، ئەم ڕیفراندۆمە بۆ بەیانی دەوڵەتی کوردی بێت، بەڵکو پیلانێکی دووژمنانە بۆ لەباربردنی خەونی هەتا هەتایی کورد، بەهۆی ئەوەی:
1- ئەگەر ڕیفراندۆمەکە، زۆرینەی هێنا، ئەوا جموجۆڵەکانی تورکیا دەست پێدەکات، لەژێر ناونیشانی پاراستنی سەروەری دەوڵەتی تورکیا.
2- ئەگەر ڕیفراندۆمەکە دەنگی کەمی هێنا، پارتی و داگیرکەران کار بۆ کپکردن و سڕکردنی جوڵەی کورد بە باڵای ئازادیدا دەبەن.
ئەوە نییە پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، لەبەرەی یەکڕیزی کورد دێتە دەرەوەو، لەهەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ سوونەی شۆڤێنی و شیعەکاندا بەرەیەک پێک بێنێت و. لەم لاشەوە، هەوڵی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردی دەدات.
هاوڵاتی نیشتمانەکەم، گومانی تیا نییە لەوە گەیشتویت، هەر بڕیارێک پارتی بیدات، هی خۆی نییە، بەڵکو جێبەجیکاریی پیلانەکانی داگیرکەرانە، بۆیە مەچۆ بۆ ڕیفراندۆم، لەبەرئەوەی:
پارتی دەزانێت، مەرگی نەوشیروان مستەفا، ڕیفراندۆمی خۆڕسکی شەقامی بوو، بۆ لەدەستدانی هەژموونی پارتی بەسەر هەرێمەوە. کۆتا خەونی بەرزانییە، کە چیتر ناتوانێت، بەردەوام بێت، بەم شێوە دیکتاتۆریانە بە سەر هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە باشترین نەخشە بۆ پارتی، پەنابردنە بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم و تا لەو ڕێیەوە پرۆسەی کورد لەبار ببات، لەبەر ئەوەی گەر ئەوان لە حوکم نەبن، پرۆسەی کورد نابێت بوونی ببێت، ئەوە ئامانجی پارتییە. بۆیە مەچۆ بۆ ریفراندۆم، با لە خشتە نەدرێیت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت