جیهاد محەمەد: خۆپەرستی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هیچ بوونەوەرێک لەم سەر ڕووی زەمینە هێندەی مرۆڤ خۆپەرست نیە.
وا پێدەچێت مەسەلەی خۆپەرستی تا ئاستێک سروشتی بێت لە مرۆڤدا و هێندە خەسڵەتێکی خراپ و ناشیرین نەبێت، ئەگەر وا لێکماندایەوە کە خۆپەرستی بۆ خۆپاراستنە، بۆ خۆژیاندنە، بۆ بەرگریکردنە لە منداڵ و نەوە و جگەرگۆشەکان، بۆ پاشەکەوتکردنە بۆ ڕۆژانی تەنگانە.
واش پێدەچێت ئەم خسڵەتە، خەسڵەتێکی خۆرسکی بێت لە مرۆڤ و هەرچ بوونەوەرێکی تردا، کەواتە تا ئێرە ئاساییە و دەبێت بە ئاسایی وەربگیرێت. بەڵام کاتێک ئەم خۆپەرستیە بە جۆرێک شۆڕش دەبێتەوە بە ناو ناخ و عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤدا، کە لە بچووکترین هەڵسوکەوتیدا بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت دەردەکەوێت، بۆ نموونە لە کاتی دەستبردن بۆ نانخواردن، دەستبردن بۆ ئەو میوە و سەوزە و خۆراکەی کە لەبەردەمیدایە، هێندە نەوسننانە و خۆپەرستانە دەستی بۆ دەبات، ئەگەر بە وردی چاودێری بکەیت وا دەزانیت کە هەرچی لە بەردەمیدایە لە ئان و ساتێکدا دەیماشێتەوە، بۆیە ئەگەر جگەرگۆشەکەی خۆشی بە تەنیشتییەوە بێت بیری ناکەوێتەوە، یان دوای یەک دوو پاروو ئنجا بیری دەکەوێتەوە. ئەم حاڵەتە بە تایبەتی لە کاتی خواردنە بە تام و بە چێژەکاندا دەردەکەوێت. ئیتر لێرەوە ئەم خەسڵەتە دەبێت بە خەسڵەتێکی ناشیرن و دزێو و نا ئاسایی.
خۆپەرستی ئەگەر بەری پێنەگیرێت و تەشەنە بکات ئەوە زۆر جار بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین و بێ ئەوەی بە وردی بیرمان لێکردبێتەوە، یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ململانێ و پێکدادان و شەڕ و شۆڕ، جا ئەو ململانێ و پێکدادان و شەڕ و شۆڕە، ئەگەر لە نێوان دوو کەسدا، یان چەند کەس و چەند خێزانێکدا، یان لە نێوان تاقم و دەستەو گروپەکاندا، یان لە نێوان ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵتەدا بێت، ئەوە قەوارە و گەوەرەیی بە گوێرەی خۆی دەردەکەوێت، ئەمەش سەرچاوەکە ناگۆڕێت، بەڵکو ئەم سەرچاوەیە بە گوێرەی بچووکی و گەورەیی قەوارەکەی میکانیزمەکانی و ڕەهەندەکانی کەم و زۆر و بچووک و گەورە دەبن و دەردەکەون، هەتا خۆپەرستیی و چاوچنۆکیەکە گەورەتر بێت ڕەهەندگلێکی دیکە وەردەگرێت و لە خوێندنەوەیدا ڕەنگە بە خەسڵەت و کردەوەی دیکە لە قەڵەم بدرێت، بەڵام لە بەنڕەتدا هەر خۆپەرستیە.
ترسناکی ئەم سەرچاوەیە بە گوێرەی کەمی و بچووکی و گەورەیی دەگۆڕدرێت، هەتا خۆپەرستیەکە زیاتر و گەورەتر بێت زیاتر ترسناکتر دەبێت.
خۆپەرستی بێ ویژدانی دروستدەکات، ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لاواز دەکات، خەسڵەتە مرۆییەکان ورد ورد دەهاڕێت و دەسڕێتەوە، خۆشەویستی لە نێو تاکەکاندا دەسڕێتەوە، لە جێگەی خۆشەویستی ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی دروستدەکات، زۆر جار ئەم خەسڵەتە دزێوە مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو بیرکردنەوە چاوچنۆکییەی کە وارەفتار دەکات: “ئەوەی خۆم بۆ خۆم ئەوەی تۆش دەخۆم”.
هۆکار و فاکتەرێکی بنەڕەتی بۆ لابردن یان ڕێگەگرتن لە گەورەبوونی خۆپەرستی، خودی خێزانەکان خۆیانن، لە ناو خیزانەکاندا ئەگەر پەروەدەیەکی زانستیانە و عەقڵانییانە و دیموکراتیانە هەبێت بۆ کۆرپەکان هەر لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تا تەمەنی شەش ساڵی ئەوە بێگومانی خۆپەرستی کەم دەکاتەوە. فەیلەسوف و بیرمەند بێرتراند ڕەسڵ دەڵێت:”منداڵ لە تەمەنی یەکساڵیەوە تا تەمەنی شەش ساڵی، ئەوەندە شت فێر دەبێت کە بە درێژایی تەمەنی ئەوە فێر نابێت” کەواتە ئەم فێربوون و ڕاهات و پەروردەیەی تەمەنی منداڵی دەبێت بە بناغەیەکی پتەو بۆ گەورە بوون.
هۆکار و فاکتەری دووەم، بۆ کەمکردنەوە و لابردنی خۆپەرستی، پەروەردە و سیستمی پەڕوەردە و فێربوونە، پەروەردە و سیستمی پەروەردە ئەگەر لەسەر بنەمایەکی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی و دیالۆگ و دیموکراتی دامەزرابێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە فاکتەر و هۆکارێکی گرنگ و سەرەکیە بۆ نەهێشتنی خۆپەرستی، یان گەورەنەبوونی خۆپەرستی لە مرۆڤەکاندا.
فاکتەر و هۆکارێکی سیەیەم، کە خۆپەرستی بسڕێتەوە لای مرۆڤەکان، مسۆگەرکردنی ژیانێکی بەختەوەر و دادپەروەر و یەکسانە لە لایەن حوکمڕانەکانەوە کە ڕێکخستنی ژیانی تاک و کۆمەڵگەیان لەسەر شانەو و ئەرکیانە. هەڵبەت بۆ ئەمەش ئەبێت دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانەکان بە ڕاستی لە خودی گەل و خەڵک خۆیەوە بێت و بە دڵ هەڵیانبژاردبێتن و متمانە و بڕوای تەواو لە نێوانیاندا هەبێت.
ترسناکترین خۆپەرستی، خۆپەرستی حاکم و حوکمڕانەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکانە، چونکە دەسەڵاتی سیاسیی وحوکمڕانەکان بۆ ئەوە هاتوونەتە بەرهەم کە ژیانی تاک و کۆمەڵگە رێکبخەن، کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسی ـ لە وێنەی دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای کوردستان ـ خۆپەرست دەبن، ئیتر زوڵم و ستەم دروستدەکەن و دەربەستی ژیانی گشتی خەڵک نایەن. خۆپەرستییەکەیان پاڵیان پێوە دەنێت هەرچی ستەمە بیکەن لە پێناوی دزین و تاڵانی سەروەت و سامانی خەڵکدا. لێرەشەوە نادادپەروەری و نا یەکسانی و نا بەرابەری و چەوسانەوە بە جۆرێک دروست دەبێت، کە چەندین زیندانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دروستدەکەن بۆ ئەوانەی هەڵدەگەڕێنەوە لێیان، یان بۆ ئەوانەی کە لە تاو بێدەرەتانی و نەبوونی و هەژاری کاری نەشییاوی وەک دزی و کوشتن و پەلامار و هێڕش بۆ سەر کەسان و خێزانەکانی تر دروست دەکەن، دەسەڵاتی سیاسی و حاکم و حوکمڕانەکان کە خۆپەرستبوون بێ سڵەمینەوە گوێ نادەن بە هیچ بەها و ئەخلاقێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خوێنی خەڵک دەڕێژن لەسەر بچوکترین هەڵگەڕانەوە، لەسەر بچووکترین ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتن.
دەسەڵاتی خۆپەرست چەند ترسنۆکە هێندەش دڕندەیە، چونکە دڕندەییەکەی لە ترسنۆکییەوەیەتی، ترسنۆکیەکەشی لە ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتەکەیەوەتی، لە دەستدانی دەسەڵاتەکەشی لە خۆپەرستییەوەتی.
ئێوە تەماشاکەن، کاتێک دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبە حوکمڕانەکانی وەک پارتی و یەکێتی لە شاخدا بوون بە ناوی شۆڕشەوە، چەند خۆپەرستیش بووبێتن زۆر خۆپەرستییەکەیان دەرنەدەکەوت، چەند ترسنۆکیش بووبێتن ترسنۆکیەکەیان دەرنەدەکەوت، دیارە بە هۆکاری ئەوەی سەروەت و سامانێکی گەورەیان لە بەردەستدا نەبوو تا ترسنۆکانە و دڕندانە بیخۆن و بەرگری لێ بکەن. بەڵام کاتێک بوون بە حکومڕان و سەروەت و سامانی کوردستان کەوتە بەردەستیان بوون بەو دز و جەردەیەی کە هیچ ئەخلاقێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهای مرۆڤبوونیان تێدا نەماوە. ئەم دەسەڵات سیاسییە خۆپەرستە، درۆزن و ساختەچێتی گەورەش دەکەن لە پێناوی مانەوەیاندا. کارێکیان کردووە کە کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خەڵکیان شێواندووە.
ئەم دەسەڵاتە سیاسییە دزێو و خۆپەرستە، دوا کارت کە لەمڕۆدا بە دەستیانەوەیە کارتی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتە. کە بە ئاشکرا یاریی و مەرامە سیاسییەکانی ئەو دیوی ئەم دروشم و بانگهێشتە ڕازاوە و جوانانەیان دیارە، مەگەر لای ئەوانە دیار و ئاشکرا نەبێت کە بوون بە کۆیلە و شایەر بۆ ئەم دەسەڵاتە ستەمکار و خۆپەرستە.