بەهرۆز جەعفەر: کەواتە جەلالى سام ئاغا بکەن بەڕێکخەریی گشتى بزوتنەوەى گۆڕان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ گومان هەڵناگرێت، بزوتنەوەى گۆڕان لەدواى کۆچى دوایی گەش مردە کاک ” نەوشیروان مستەفا” ەوە، تادێت تواناى بڕیاردانى لاواز ئەبێت. لەناو گەنجەکاندا تین و توانایەکى نوێ بۆ ژیانێکى سیاسیی نوێ بەدى ئەکرێت، لەناو بەتەمەنەکانیشدا، دوو ئاڕاستەو کێبڕکێ هەیە.
بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەیە بە بزوتنەوەیەکى سیاسیی جەماوەریی، کە حزبى دەنگدەرەو، مۆدێلێکى نوێیە لە کایەى حوکمڕانى کوردییداو، سەرەتایەکى تەواو فەرمیشە بۆ سەرهەڵدانى ئۆپۆزسیۆنى مەدەنى لەناو کورددا. کۆچى دوایی ڕێکخەریی گشتى ئەم بزوتنەوەیەش حاڵەتێک بووەو، قۆناغێکە لە ژیانى سیاسیی دا ئەبێت تێپەڕێنرێت، بۆ؟. چونکە نیوە زیاترى هەڵسوڕاوانى ئەم بزوتنەوەیە دوور لەچاوى ئامرازەکانى میدیا، ئەزانن بارودۆخى ناوچەیی و نێودەوڵەتى بەچ هەلومەرجێکدا تێ ئەپەڕێت و، تا دێت گوزەرانى خەڵکى کوردستانیش بە هۆى کێشە ناوخۆییەکانەوە خراپ تر ئەبێت، تێ ئەگەن کە بزوتنەوەى گۆڕان لە ئاستى پراکتیک دا زۆربەى کارتەکانى دۆڕاندووە، دۆڕانێک کە ڕوویان نەیەت بێژن ئێمە تیمێکى سیاسیی و میدیایی لاواز بووین لە حکومەت و پەرلەمان و حزبایەتى دا، هەروەها ئەزانن چارەسەر تەنها دوو بژاردەیە: یان ئەوەتا لەگەڵ پارتى و یەکێتى ڕێک ئەکەون تا قۆناغى دواى ڕیفراندۆم و، پەرلەمان کارا بکەنەوە، یان ئەوەیە هەرێمى سولەیمانى جیا ئەکەنەوەو ئیدارەیەکى باشى ژیانى هاوڵاتیان و ناوچەکە بدەن.
لەهەردوو حاڵەتەکەدا، ڕیسک و سەرکێشى ئەوێت، کەس لەناو گەنجەکان و پیرەکان دا ئەو جورئەتە ناکا، بڕیار لەسەر هەر بژاردەیەک بدات. بێجگە لەوەش بزوتنەوەى گۆڕان پێویستى بەوەیە ئیتر واز لە سۆز و لاواندنەوە بهێنێت بەرانبەر بە کۆچى دوایی خوالێخۆشبو “نەوشیروان مستەفا”. ئەمە سیاسەتە شین و شەپۆڕ نییە، چونکە لەوە زیاتر کێشەکانى ناو بزوتنەوەى گۆڕان قووڵتر ئەبنەوە.
جا لەبەرئەوەى گۆڕان بە خێرایی تووشى سێ قەیران بووە: لە ئاستى ناوخۆییدا ڕێکخەریی گشتى نییە، لە ئاستى پارێزگاى سولەیمانى دا پارێزگاو ناوچەکە بە بێ سەروبەرەیی ئەچێتە ڕێوە، لە ئاستى هەرێم و عێراق دا، پێویستى بە بڕیاردانى ژیرانە هەیە، کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى ناوچەکەدا ئەمیش بێتە دەست. لە حاڵەتێکى وادا، بزوتنەوەى گۆڕان پێویستى بە کاراکتەرێکە لەدەرەوەى گردى زەرگەتەوە، بۆ ماوەى ساڵێک یان دووان بە دەنگى جڤاتى گشتى و ئەنجومەنى سیاسیی ئەو بزوتنەوەیە خێرا بکرێتە ڕێکخەریی گشتى، بۆ نا، خۆ گۆڕان حزبى بزنس و سەدان کۆمپانیاو چاڵە نەوت و بەرژەوەندى گەورە نییە. لەم ڕووەوە بۆ ئێستا هیچ کاراکتەرێک لە ” جەلالى سام ئاغا” گونجاو تر و، فریاد ڕەس تر نییە، بۆ بزوتنەوەى گۆڕان. بۆچى؟
یەکەم: جەلالى سام ئاغا، هاوڕێی نزیکى کاک نەوشیروان بووە لە مناڵییەوە، پاشان چەندین جار کاک نەوشیروان وتویەتى پشتگیریی ئەکەین بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم، ئینجا سولەیمانى واتەنى ” کوڕى شارەکەیە”.
دووەم: جەلالى سام ئاغا نزیکەى (45) چل و پێنج ساڵ ئەزمونى کارى ئیدارى و دارایی هەیە، لە ناوەڕاستى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو لە بەغدا کۆلێجى ئابوریی و بازرگانى تەواو کردووە. هەشت ساڵ سەرۆکى دیوانى چاودێریی دارایی بووە، (2750) ڕاپۆرتى لەسەر گەندەڵکاران ئامادەکردووەو، (86) ڕاپۆرتى هەستیارى پێش (2011) داوە بە داواکاریی گشتى، کەدەستى لەکاریش کێشایەوە گوتى ” من جسمێکى غەریبم لەناوتانا….شەرەفمەند نیم بەو وەزیفەیە”..ئەو ملیارەها دینار و دۆلارى لە قۆڕگى گەندەڵکاران هێنایە دەرەوە.
سێ: هاوشێوەى نەوشیروان مستەفا، جەلالى سام ئاغا ش خاوەنى هیچ موڵک و کۆمپانیاو بەرژەوەندییەک نییە، بە پێچەوانەوە ئەوەى هەیبوە بەخشیویەتى، خانوەکەى خۆى لە گردى سەرچنار، چل ساڵ ئەبێت تیا ئەژى، بەخشیویەتى بە وەزارەتى تەندروستى، خوشکى کۆچى دوایی کردووە و مامۆستاى ناودارى شار بووە، لە موڵکى خۆى خوێندگەى دروستکردووە، خوشکێکى دیکەى لە ڕاقى ترین شوێنى شارا، شووققەکەى خۆى داوە بە وەزارەتى پەروەردە، تا بیکەن بە دایەنگەو باخچەى ساوایان منداڵانى تیا پەروەردە بکرێت.
چوار: کە دەستى لەکار کێشاوەتەوە، نە ئۆتۆمبیل نە پاسەوانى لەگەڵ خۆى نەبردووە، داواشى کردووە کە مووچەى خانەنشینیەکەى بدەن بە کەمئەندامان و زیندانیانى سیاسیی و چینەکانى تر. جگەلەوەى ناوبراو کەسێکى هەقبێژ و قسە لەڕووە، یەک لەو کەسانەیە کە تاڵەبانى خۆشى ویستووەو، ڕێزى لێگرتووە، میدیاکان گێڕایانەوە، کە لەدانیشتن دا، لەبرى بڵێت ” وەڵا مام جەلال ئەوە وانییە” وتویەتى ” وەڵا هیچ وانییە”.
پێنجەم: جەلالى سام ئاغا، کاراکتەرێکە، کۆدەنگى لەسەرە، ڕەنگە گۆڕان لەناوخۆیدا کەسێک دیارى بکات بۆ پۆستى ڕێکخەریی گشتى، نەک لەسەر ئاستى کوردستان، لەناو خوودى خۆشیاندا، ئەو کۆدەنگیەى لەسەر نەبێت، لە کاتێکدا پەکەکە، پارتى، یەکگرتوو، یەکێتى، کۆمەڵ، میدیاکان، لایەنەکانى تر، سیاسییە عێراقیەکان، ڕۆشنبیرانى هەندەران، هەموو ئەمانە ڕایان لەسەر جەلالى سام ئاغا یەکە، یان نزیکە لەیەکەوە. بە دەستێکى ئەمین و پیاوێکى نەجیبى ئەزانن. لە ناو بزوتنەوەى گۆڕان دا گەنجەکان ئیلهام یان لەمەوە وەرگرتووە کە باسى گەندەڵکاران ئەکەن، چونکە ڕاپۆرتەکانى چاودێریی دارایی یان لە ڕێگەى پەرلەمانەوە دەستکەوتووە. بە تەمەنەکانیش هەر ئەوەیان ئەوێ گوێیان بۆ بگیرێ.
پێویست بە کات کوشتن ناکات، بزوتنەوەى گۆڕان هەتا کۆنگرە ئەبەستێت، ساڵێکى تر، یان دووانى تر، باشترین دەرچەو بژاردەى سیاسیی ژیرانە ئەوەیە “جەلالى عومەرى سام ئاغا” بکەن کەسى یەکەمى خۆیان، مادام ئەتانەوێ دۆخى ناوخۆیی نەتەقێتەوەو، بزوتنەوەکە نەکەوێتە ژێر کاریگەرى باڵەکانى یەکێتی و، بڕیارەکانى پارتییەوەو، ئەتانەوێت ڕێبازەکەى نەوشیروان مستەفاش کاڵ نەبێتەوە، بڕیارەکان لەبەرژەوەندى باڵاى نیشتیمان و، سزادانى سەرپێچیکاران بێت، دەى کەواتە جەلالى سام ئاغا بکەنە ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت