سۆران محەمەد غەریب: نەوشیروان مستەفا بە دەستی کێ کوژرا؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەرگ کۆتا ویستەگەی دوای چرکە ساتەکانی ژیانە لە پاش هاتنە بونی هەموو گیان لەبەرێک بە مرۆڤی پڕ لە هزر و ئەندێشەوە لە هەردەمێکدا و بە بەردەوامی قاڵبو و سەرمەستی بگرە و بێنەیە لە پانتایی ئەم جیهانە بەرفراوانەی بێ ئەندازە پڕە لە کەشمەکێش و پڕێتی لە ئاستەنگ. دید و بیردۆزی زۆر هەن لەسەر بوون و نەبوون کە بیرمەندان و زانایانی مێژووی چەرخە یەک لە دوای یەکەکان هێناویانەتە ناو باسەکان.
مەرگ کارەساتباریەکی گەورەیە و ناخ هەژێنە کە خۆی دەکێشێت بەسەر دەوروبەردا و ڕوبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە ئەگەر هۆکارەکەی ئاسایی بێت، وەلێ چەندەها جار دڵگوشەرو تەنگەژەدارە ئەگەر بێتو لە پشتیەوە هۆکاری نائاسایی هەبن.
هەمیشە کەسە بەرچاوەکان و دەرکەوتوەکان کە کاریگەری دەخەنە سەر جموجۆڵی مرۆڤایەتی بە خراپکردن یان چاکردن یاخود دەبنە ئامرازی بونیادگەرایەتی یان دەبنە مایەی ماڵوێرانی کۆمەڵگا لە دوو ڕوداوی (لە دایک بون و مەرگەسات)یاندا بایەخیان پێ دەدرێت، دواجار دەچنە ناو دوو توێی پەرتوکەکان، جا لە دۆخێکدا دەدرەوشێنەوە ئەگەر بوبنە بزوێنەرێک بۆ سەرخستنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە گشتی و ئەو ناوچە جوگرافیایەی تیایدا دەژین بە تایبەتی، ئا لەو کاتەشدا ماڵویرانی بەسەر کۆمەڵگا دەهێنن و پاشەکشە بە خزمەت و چاکەی گشتی دەکەن دەبنە پەڵەیەکی ڕەشی پیس و دەکەونە ناو زەلکاوی لەکەداربونەوە.
کار و کردەی باش و دروست لە پارسەنگیدا پێزانین و پاداشتە.. پاداشت بەو مانایە نایەت بە بەهایەکی مادیانە هەڵبسەنگێنرێت، بەڵکو ئەرزشدان بەو کەسایەتیانەی کە دەبەخشن و وەرناگرن بەتایبەتی ئەو کەسەی پێی دەگوترێت سەرکردە یان سەرۆک یان ڕێبەر یان پێشەوا یان سەردار.
کاری خراپ و ناخاوێن و قێزەونیش دەبێتە مایەی سەرزەنشت و سەرکۆنەکردن و سزای خەڵکی.
کورد ئەگەرچی خاوەن ژمارەیەکی زۆرە لە سەرکردەی سیاسی و شۆڕشگێڕ، وەلێ ئەوەش جێگای خۆیەتی بڵێین و بپرسین.. ئایا کام لە کەسایەتی سەرکردەکاندا دەکەونە ژێر ئەم دوو جۆرە لە پۆڵێن کردنەوە.؟
(نەوشیروان مستەفا) کە ناونیشانی ئەم گوتارەیە لە ژیان و بونیدا لە کایەی سیاسیدا کاریگەری لە ڕادەبەدەری هەبووە.! لە مەرگەساتەکەیدا چەندەهابارە مایەی بایەخ پێدانە. داخۆ وەک سەرکردە دەکەوێتە ژێر سایەی کام لەم دوو ئاراستەیە و ئەگەر دروستانە لێکدانەوەی بۆ بکەین.؟
نەوشیروان مستەفا لە ژیانیدا چەندین گوتارم لەسەر کردەکانی و تەنانەت باسم لە مەرگی ناوبراو کردوە لە ساتەوەختی ژیانی ناوبراو کە چەندە کاریگەری هەبوە. وا ئێستاکە لە پاش مەرگی ئەمە دەخەمە ڕوو:
ئایا نەوشیروان مستەفا خۆڕسکانە خۆی بەرەو مەرگ چوو یاخود بەرەو مەرگیان برد.!؟

ئەگەر نەشیروان مستەفا کوژرا.؟ کەواتا کێ بکوژە.؟
پێویستە ئەوە بگوترێت. مەرج نیە هەموو کەسێک کە دەمرێت نەخۆشی جەستەیی هەبێت یان ڕاستەوخۆ بکوژرێت و ڕەوبەڕوی مەرگ بێتەوە، چونکە بەدەر لەم دوو جۆرە لە مردن، مەرگ هەیە لەسەرخۆ و هێواشە ئەویش بە هۆی کاریگەری خراپی دەرونیەوە دەبێت و پەیتاپەیتا مرۆڤ دەپوکێنێتەوە و سەرئەنجام بەرەو مەرگی دەچێت. هۆکاری پشت ئەمە خراپی هەلومەرجەکانە و کەوتنە ناو گێژاوی بیرکردنەوە کە لە ناخی کەسەکەدا دەردەکەون ئەمیش چەند لق و ڕیشەی خۆی هەیە دیارترینیان خراپی دەوروبەر و یەکانگیر نەوەستان و جیاوازی لە بیرکردنەوەی کەسەکەیە لەگەڵ خەڵکی و دەوروبەرەکەیدا. بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە بیری ڕاست و پاکی هەبێت و خەڵکانی دی لۆچ و ناڕێک بن.

بکوژەکان نە ناسراو نین و ئاشکران ، بەڵام کەس بوێری ئەوەی تیادا نیە پەردەی ڕاستی لەسەریان هەڵماڵێت کە ئەمانەن:
• ئەو سەرکردانەی ملیان نەدا بەوەی بەرژەوەند پەرست نەبن و دۆزی میلەتێکیان کردە خزمەت خۆیان .
• ئەو خەڵکانەی نەک نەیانتوانی پشتیوانی لە بیرکردنەوەی ئەو سەرکردەیە بکەن بۆ سەرخستنی بیرکردنەوەکانی کە تەواو تەریب دەوەستا لەگەڵ ئامانجی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی.
• ئەو سەرکردانەی بەناو هاوڕێبازی چاکسازی کردن بون و لەبری ئەوەی بەردەوامی بدەن بە ڕێچکەکەی چونە ناو هێز و دەسەڵاتە گەندەڵکارەکانەوە.
• ئەو هەلپەرست و خۆپەرستانەی هەلی بەرژەوەندی گشتی و خەڵکیان کردە قوربانی پایە و پارە و چونە ناو دەسەڵاتە قۆرخکارەکانەوە.
• ئەو بەناو گۆڕانانەی لەسەر پەتی بێدەنگی و متی ئۆقرەگربون و چاوەڕێی دەرفەتێک بون تا بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئامرازێک بەکاربهێنن لە پێناو گەیشتن بە مەرامی خۆیان نەک بە ئاکام گەیاندنی.

ئەوەی ئەو سەرکردەیە دەیویست.
هەر هەموو ئەمانە بکوژی نەوشیروان مستەفا بوون.!!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت