محەمەد هەریری: ڕقی نەخۆشانەی تورك لە کورد.
کە ڕق هەموو سنورێکی ماقوڵ دەبەزێنێت بە هۆ و بێ هۆ، لە شەڕ و لە ئاشتی یەکسان دبێت، ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە ئێمە لەبەردەم نەخۆشیەکی دەروونی مێژوویین کە حەلی نییە.
ئەو ڕقەی تورك دەریدەبڕێت بەرامبەر کورد وەك میللەت، ڕۆژانە دەیبینین و هەستی پێدەکەین و پێی دەتلێینەوە. کێشەکە ئەوەیە کورد لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی و لەبەر ساویلکەیی و دڵ سافی هیچ ڕۆژێك لە مێژوو ئاڵوگۆڕی ئەو ڕقەی نەکردۆتەوە بە ڕقێکی هاوتا. ئەوەش زۆر ئازارم دەدا و ئازاری هەموو کوردێك دەدات، کە ئێمەی کورد هەمیشە بەرکاری [ئۆبجێکتی] ڕقی بکەری [سەبجێکتی] تورك بین. چەند ئارام بەخش دەبوو ئەگەر ڕۆژێك لە مێژوو بۆ نمونە سەلاحەدین ئەیوبی کە تورك ڕقیان لەویشە لەبەر کوردبوونی ولەبەر مارەکردنەوەی ژنی نورەدین زەنکی تورکی، حەملەیەکی لەسەر کردبان لایەکی ئیمپراتۆریەتەکەی لەو تورکە دڕندانە پاك کردبایەوە. ماقوڵ نییە هەر ئێمە لە ڕۆڵی چەوساوەی تورك بژین.
میللەتانی ئەو ناوچەیە سروشتێکی نا شارستانی زۆر دڕندانەیان هەیە، ڕیز لە دڕندەی وەك خۆیان دەگرن چەندەش خراپ بێ، و بە سووک و لاواز دەڕواننە مرۆڤی بێ زەڕ و بێ وەی هەرچەند ئادەمیزادیش بێ! کورد دەڵێی بە هەڵە کەوتۆتە ناو ئەو دڕندە و نامرۆڤانە، دەنا کورد ترسنۆك و بێ دەسەڵات نییە، بەڵام درندە نییە، دەنا هێزی کوردمان دیت لە شەڕی خاچپەروەران چۆن شۆڕەسوارانی کورد حەوت پاشای مەسیحیی و فەڕەنگیانیان شکاند! ڕۆژهەڵاتناسێك باسی ڕەوشتی دزی عەرەب و تورکی دەکرد و بەراوردی دەکرد بە دزی کورد، دەیگووت دزی کورد قەت مرۆڤ ناکوژێ لەکاتی دزیکردنیدا و بە هیچ جۆرێك حورمەتی ئافرەتی ماڵەکە ناشکێنێ، بەڵام دزی عەرەب و تورك ڕاست و چەپ دەکوژن و دەستدرێژیش دەکەنە سەر ئافرەتەکان!
ئەو ڕقەی تورك لە بیستنی ناو کوردستان لەسەر ڕوخساری نەگریسیان دەردەکەوێت.
لە لێدان و کوشتنی جەندەرمە و پۆلیس و ئاسایشی تورکی بۆ بێ دەسەڵاتترین مرۆڤی کوردی پیروپەککەوتە و منداڵەوە دەردەکەوێت!
لە سوکایەتی و گێچەڵی خاڵەکانی پشکنینی ڕێگا وبان و فڕۆکەخانەکان دەردەکەوێت!
وەرە دوو کەس لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبۆڵ بنێریتەوە عێڕاق چونکە یەکیان وێنەی منداڵێکی خۆی بە جلی کوردیەوە لە پڕۆفایلی فەیسبوکەکەی داناوە، و ئەویتریان وشەی کوردستان یان لە پۆستێکی فەیسبوكی ئەو دۆزیوەتەوە؟!
توێژینەوەیەکم خوێندەوە بەناوی [بۆچی داعش ڕقی لە کوردە؟] لە نووسینی خانمی نوسەر ئۆزەی بۆلۆت (Uzay Bulut) کە ڕۆژنامەنووس و توێژەرێکیشە لە فۆریۆمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle East Forum (MEF)، دەڵێت: سەنتەری ستراتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (ORSAM) لە ڕاپۆرتێکیدا کە لە مانگی ئاب دەریکردوە، ووەك یەکەمین توێژینەوەی لەو جۆرە کە لەسەر لایەنگرانی داعشی تورکی زمان بکرێت لەسەر تۆڕی پەیوەندی کۆمەڵایەتی تویتەر، توێژەرانی سەنتەرەکە هەڵسان بە داونلۆدکردنی 51982 تویت لە 2567 ئەکاونتی ئەوانەی لایەنگرانی داعشن، سەنتەرەکە بۆ ماوەی چوار مانگ ئەو تویتانەی یەک یەک خوێندەوە و خستنیە بەر توێژینەوە.
”ئەنجامی سەرەکی ئەو توێژینەوانە ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کە مەسەلەی سەرەکی لایەنگرانی داعش لە تورک زمانەکان دینی نییە هێندەی دنیوییە! واتە پاڵنەری سەرەکییان لە پاڵپشتی داعش لە دژایەتی پ ک ک و هەر کاروبارێکی پەیوەست بەو حزبەیە. ئەو توێژینەوە دەریخست کە بابەتە دینیەکان کە جەوهەری ئایدیۆلۆژیەتیان پێك دەهێنێت بە پلە دوو دێت لای ئەو داعشە تورك زمانانە!” [١]
یانی بوون بە لایەنگری داعش هێندە لەبەر باوەڕیان بە داعش و جیهاد و باقی خوڕافاتە دینییەکان نییە، هێندەی لە ڕق لێبونەوەی کورد و پەکەکە یە.
ئەوەی زیاتر ڕق و حیقدی تورک بە گشتی و داعشی تورکی بە تایبەتی دەوروژێنێت ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کوردەکان بوو لە کۆبانێ لە کانونی دووەمی 2015، کاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل توانیان ئەفسانەی ڕەشی داعش بشکێنن لەو شارە قارەمانە.
کەوابوو ئەو پاڵپشتیەی تورکان بۆ داعش ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رقەی تورکەکان هەیانە لە دژی کورد کە خۆی دەنوێنێت لە کێشمەکێشی هێزە نەتەوەپەرستە تورکیەکان وپەکەکە و پەیەدە، کە لەو دەبەرێك چوونەی کورد و داعشیش تورکە توندڕەوەکان گوزارشیان لە توندڕەوی نەتەوەیی خۆیان کرد لە فۆرمی توندڕەوی دینی، ئەوەش بە چاوساغی ئاکەپە و ئەردۆگان هاتە دی کە توانی توندڕەوی نەتەوەیی ئاوێتەی توندڕەوی دینی بکات بەسەرکەوتوویی، کاتێ وەک خەلیفەیەکی داعش ساڵی ڕابردوو وەسفی حزب و هێزە کوردیەکانی کرد بە مولحید و زەردەشتیەکان! ئەو مولحید وزەردەشتیانەی چەندین ساڵە دەستی دەستی پێدەکردن لە پرۆسەی بەناو ئاشتیدا!
ئەردۆگان وەک خودانێکی [٢] داعش توانیویەتی تورکێکی زۆر داخیل بەو ڕێکخراوە تیرۆرستیە بکات هەر لە ڕقی کورد، لە ڕێگای ئەو داعشە تورکانەوە هەڵمەتێکی دینی چڕ بۆ تەکفیری کورد و ناوزڕاندنیان ئیجرا دەکەن، بەڵام خۆشبەختانە داعش خۆی هێندە ناوزڕاوە نەکەسی پێ سووک دەکرێ و نەکەسی پێ بەرز دەکرێ، هەموو حیقد و ڕق و قینەی تورك لە کورد لە داعشی چاکتر و بەهێزتری بۆ دروست ناکرێ، ئەو داعشەی وەك دەجالی ئاخیر زەمان لەسەر دەستی قارەمانانەی کورد سیحری بەتاڵکرایەوە، ڕۆژێکیش بۆ تورك لە مێژوودا هەیە بۆ بەتاڵکردنەوەی ڕق و قینەی مەغۆلیان!
محەمەد هەریری
سەرچاوەی توێژینەوەکەی Uzay Bulut: http://www.israelnationalnews.com/Articles/Article.aspx/20602
وشەی خودان م زۆر پێ جوان و لەبار بوو لە مانای وشەی العراب ی عەرەبی یان Godfather ی ئینگلیزی.