مەحمود ڕەزا ئەمین: بەڵگەیەکی زۆر گرنگ بۆ مێژوو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم بەڵگەیەی هاوپێچی ئەم بابەتەم کردوە، لە 8 ی شوباتی 2007 دا، هەریەک لە (جلال الدین الصغیر) نوێنەری هاوپەیمانیی شیعە و هەریەک لە (فؤاد معصوم) و (دکتۆر سعدی برزنجي) نوێنەری هاوپەیمانیی کوردستانی، یاخود تۆ بڵێ: نوێنەری یەکێتی و پارتی، ئیمزایان کردووە.
ئەمە دەقی بەڵگەکەیە، کە لە ئەسڵا بە عەرەبی نوسراوە: یتم الاتفاق بین رئیس الوزراء ورئیس الاقلیم حول نفقات وتسلیح وتجهیز حرس الاقلیم كجزء من منظومة الدفاع الوطني”
ئەمە کوردی یەکەیەتی: سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێم رێک ئەکەون لەسەر خەرجی و چەکدارکردن و لۆجستیکی پاسەوانی هەرێم وەکو بەشێک لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی.
کێ سەرۆک وەزیر و سەرۆکی هەرێم بو: نوری مالکی، لە 20 ی 5ی 2006 بۆ 8 ی 9 ی 2014 سەروەزیر بوو.
مەسعود بارزانی، لە 31 ی 1ی 2005 وە هەتا ئێستا، 8 ساڵ بە شەرعی و نزیکەی 4 ساڵیشە بە نا شەرعی، ئەو شتەیە کە پێی ئەڵێن: سەرۆکی هەرێم!”.
کەواتە ئەم بەڵگەیە لە زەمانی ئەوان و بۆ رێکەوتنی ئەوان ئیمزا کراوە.
ئەوەی پێشتر لە سەر ناوەرۆکی ئەم بەڵگەیەم بیستبوو:
ئەو سێ زاتە لە سەر 70 هەزار پاسەوانی هەرێم “پێشمەرگە “رێککەوتون.
مامجەلال مالکی ئە بینێ و پێی ئەڵێ: “ئەی بەشی من؟” بە ئوسلوبی خۆی 10 هەزار پێشمەرگەی پێ زیاد ئەکا و ژمارەکە ئە بێ بە (80000) هەشتا هەزار پێشمەرگە.
بەڵام کە پرسەکە ئەگاتەی لای مەسعود بارزانی، نا رەزایی دەرئەبڕێ و داوای (120000) سەدوبیست هەزار ئەکا.

میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە:
چەند ساڵێک لەمەوبەر بڵاو کرایەوە کە موچەخۆری ئەم وەزارەتە (428000) چوارسەد و بیستوهەشت هەزارن. رەنگە ئێستا لەمە کەم تر یا زیاتر بێ، نا زانرێ.
چونکە پارتی هەتا ئێستا ناوی چەکدارانی زێرەڤانی و هێزە ئەمنی یەکانی خۆی نادا بە وەزارەتی پێشمەرگە. بە گۆترە موچە و پارە و مەسرەفیان وەرئەگرێ.
ئێستا بە چەکدارکراوە و ئەوانەی مەشق ئەکەن، پارتی لە کوردی خۆرئاوا و عەرەبی نەینەوا (17000) حەڤدە هەزار چەکداری خستۆتە سەر زێرەڤانی و لە میزانیەی وەزارەتی پێشمەرگە موچە و مەسرەف و لۆجستیک یان ئە کێشێ.
لە سەرەتای شەڕیی داعشەوە تا ساڵی پار، دو ژمارەی جیاوازیی جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە م، لە میدیاکانا بیستوە و بینیوە:
چەند مانگێ دوای دەسپێکردنی شەڕی داعش و پێشمەرگە وتی: بۆ شەڕ تەنیا (66000) شەستوشەش هەزار پێشمەرگەمان هەیە.
دوای نزیکەی ساڵێک لەو لێدوانە وتی: بۆ شەڕی داعش تەنیا (33000) سیوسێ هەزار پێشمەرگەمان هەیە.

پرسیارەکان ئەمانەن:
1- مەسعود بارزانی بۆچی بە 80 هەزاری ئەو زەمانە ڕازیی نەبو کە، ئێستا، دوای 10 ساڵ لەوە، زۆر کەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە بەردەستە بۆ شەڕیی داعش؟
2- کوردستان قازانجی بو ئەو 80 هەزارەی هەبوایە و چەک و مەشق و موچە و لۆجستیک و هەقوحقوقی شەهیدەکانی لەسەر بەغا بوایەن، یا وەکو ئێستا، کە کەس نازانێ چەند پێشمەرگەت هەن بۆ شەڕو، چۆن بێ چەک و بێ مەشق و بێ موچەیەکی شایستەن؟
3- کامیان قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بو: لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی نیشتمانیی عیراقا، پێشمەرگە لە یەکەی نیزامیا ڕێک بخرایە، مەشقی بەردەوامی بکردایە، بێ گرفت بەشی خۆی لە هەمو جۆرە چەک و تفاقێکی جەنگیی لە وەزارەتی بەرگریی عیراق وەربگرتایە و موچەی ئەفسەر و دەرەجەدار و پێشمەرگەی و هەقوحقوقی شەهیدانی پێشمەرگە، وەکو ئەوەی وەزارەتی بەرگری بوایە، یاوەکو ئێستا کە هیچیانی نیە و ئەسڵەن هەر ناشزانرێ ژمارەی دروستی موچەخۆرەکانی وەزارەتەکە چەندن و چەند هێزی کارامەو ناکارامەت هەن بۆ شەڕ و بەرگری؟
4- بەرپرسیار لەو نەهامەتی یەی بەسەر پێشمەرگە هاتوە، هەقە چی لێ بکرێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت