گۆران هەڵەبجەیی: قوباد تاڵەبانی شۆخی دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەگێڕنەوە دەڵێن پادشایەک دەبێت هێندە زاڵم و ستەمکار دەبێت، خەڵکەکە هەرچی پەیدا دەکەن لێیان زەوت دەکات و بۆ خۆشگوزەرانی و کەیف و سەفای خۆی بەکاریی دەهێنێت. خەڵکی مەملەکەتەکە ڕۆژ بە ڕۆژ هەژار تر دەبن و پادشاش زەنگینتر و ملقەویتر دەبێت.
ڕۆژێک بەفەرمانی پادشا خەڵکەکە کۆدەبنەوە تا قسەیان بۆ بکات. پادشا بە ورگی زل و جلی جوان و خشڵەکانی سەر سنگ و دەستیەوە، دەیەوێت قسەبکات، سەیردەکات خەڵکەکە هەموو دانیشتوون. ئەمەی لاسەیر دەبێت چونکە جاران هەموو بە پێوە ملکەچ لە حزوریدا دەوەستان.
پادشا لە یەکێک لە وەزیرەکانی دەپرسێت، کە ئەویش وەک خۆی گەندەڵە، دەپرسێت ئەوە بۆ ئەو خەڵکە دانیشتوون و بە پێوە ناوەستن؟ ئەویش ناوێرێت بڵێت [برسیانە و ناتوانن بە پێوە خۆیان بگرن]، لەبری ئەوە دڵێت: خاوەن شکۆ ئەوانە هێندەیان خواردوە ئینتەلایان کردوەو سکیان زۆر ژاندەکات، بۆیە ناتوانن بە پێوە خۆیان ڕابگرن.
پادشاش بەم وەڵامە زۆر خەنی دەبێت، بۆیە دەست بە قسان دەکات و دەڵیت: خەڵکانی مەملەکەتەکەم گوێبگرن، دەزانم لە سایەی دەسەڵاتەکەمدا گوزەران و ژیانتان باشەو هەموو شت بەو جۆرە دەڕوات کە من بەڵینم دابوو پێتان . جا پەیمان بێت لەمەودوا هیندە خزمەتتان بکەم، هێندە خواردنی باش بخۆن بە دانیشتنیشەوە خۆتان نەگرن.
قوباد تاڵەبانی[3.7] لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بڕێک لە کادیرانی یەکێتی لە مەڵبەندی سلیمانی، دەڵیت [باشترین خزمەت بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەین].
ئەم قسەی قوباد تاڵەبانی ڕێک لە قسەی ئەو خاوەن شکۆیە دەچێت، کە پێشتر ئاماژەم پێدا.
گەر کەسێک ئاگاداریی دۆخی کوردستان نەبێت و نەزانێت خەڵکی نەگبەتی ئەم دەڤەرە لە چ حاڵەتێکی ناهەموار و پڕ قەیرانی هەمەلایەنەدا دەژی، وا تێدەگات کە کاک قوباد قسە بۆ خەڵکی سویسرا دەکات.
ئەو وتانەی کاک قوباد ، بەرپرسێک بۆی هەیە بیکات، کە زۆر دڵنیا بێت لەوەی بە درێژایی ماوەی دەسەڵاتی کابینەکەی، دەستکەوت لە دوای دەستکەوتی بۆخەڵکەکەی فەراهەم کردبێت. یا دڵنیابێت لەوەی بەلای کەمەوە ژیانی خەڵک گەر بەرەوپێشیش هەنگاوی نەنابێت، نەگەڕابێتەوە بۆ دواوە.
من لە کاک قوباد دەپرسم ، بەڕاست لەو ڕۆژەوە بوویتەتە جێگری سەرۆک وەزیران چیت کردوە بۆ خزمەتی خەڵک؟ لە چیدا جێدەستت دیارە و بە دەستکەوت بۆ خەڵک هەژمار کرابێت؟ چیت کردووە کە جێگەی باس و شانازی خەڵک بێت؟ یا گەر ویستبێتت خزمەت بکەیت، کی دەستی گرتوویت و بۆ نەتکردوە؟
بەر لەم کابینە شکستخواردوەتان ژیان و گوزەرانی خەڵک بڕیک باش بوو، بەڵام لەسەرەتای دەسپێکی ئەم کابینەوە و بەهۆی سایسەتی هەڵەی کوشندەی خۆت و سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتەکەتانەوە، لەسەرجەم بوارەکاندا، خەڵکتان نغرۆی کۆمەڵێک قەیران کردوە کە دەرچون لێیان گەر نەڵێم مەحاڵە ئەوە ئەستەمە.
هەژاری، بێمووچەیی ، ناڕەزایی، سیما بارزەکانی ئەم دۆخەن و ئێوەش بە وتاری بێ مانا دەتانەوێت خۆتانی لێ دەرباز بکەن.
وڵاتێکی وەک کوردستان کە لەسەر نەوت خەوتووە . هەر نەتەوەیەکی دیکە خاوەنی بوایە {نمونەی وڵاتانی کەنداو} دەبووە مایەی دەوڵەمەندی و خۆش گوزەرانی بۆ خەڵکەکەی. کەچی بۆ خەڵکی کوردستان بووەتە نەهامەتی و هەژاریی. کاک نێچیریش چەند ساڵێک لەمەوبەر وەک بەڕێزت بە حەماسەوە بەڵێنی بەرکەوتنی پشکی داهاتی نەوتی دا بە هاوڵاتیان، کە هەر تاکێکی کورد مانگانە چەند هەزار دۆلارێکی بەر دەکەوێت. وای لێهاتوە زۆر کەس بۆ شۆخی دەڵێن: {بەڕاست ئێمە نەوت دەفرۆشین یا دەیکڕین؟} . ئەو نەوتەی کە داهاتەکەی بۆ خۆتانە و دوکەڵ و بۆنەکەشی بۆخەڵکە، خاڵت کاک هەڵۆ هەندێک پرساری جددی لەو بارەوە لێکردیت کە پرسایری زۆربەی خەڵکی کوردستانە. بۆ بێدەنگیت لێکرد و وەڵامت نەدایەوە؟
کاک قوباد بێگومان دەزانیت! بەڵام خراپ نیە بیرت بهێنمەوە.
لەوەتی دەسەڵاتی کوردی هەیە کە تەمەنی پتر لە چارەکە سەدەیەکە، بەڕێزت و حیزبەکەت بەشێکی سەرەکین لێیی، لەم ماوەیەدا نەتانتوانیوە خزمەتگوزاریە سەرتاییەکان بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن. ساڵ دەدەنە دەست ساڵ و بەڵێنی قەبە بە خەڵک دەدەن، کە هیچی لێ سەوز نابێت. تا وای لێهاتوە خەڵکی کوردستان بەردەوام بڵێن: [ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار] .
بەم گەرمایە کارەبا تا بێت کاتژمیرەکانی کەم دەکرێتەوە، ماڵان بەتەنکەر ئاو دەکڕن، بەتاڵە بەردەوام لە زیادبووندایە، مووچە چەند مانگ جارێک دەدرێت، گەنجەکان بە لێشاو وڵات جێدەهێڵن. خەڵکی کوردستان بەگشتی لە بێ ئومێدی و تووڕەیدا دەژی، ئەویش بەهۆی سیاسەتی سەقەتی ئێوەوە.
ئیتر نازانم باسی چ خزمەتێک دەکات؟ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو دڵنایە لە ئێستادا خزمەتی باش هەیە، بەڵام ئەو دەخوازێت باشتری بکات.
بیگومانم نەبەڕێزت و نە ئەوانەی لەدەسەدەڵاتدان، نە گەرما دەچەشن، نە بە تەنکەر ئاوییان بۆ دێت، نە لە قرچەی گەرماندا کارەباتان لێ دەکوژێتەوە، نە لەبەر گەرما وەک پیرەمێردو پیرەژنەکان بۆ وەرگرتنی مووچەی سێ مانگ جارێک چەند کاتژمیر چاوەڕێ دەکەن.
ئێوە واتان لێ هاتوە پێدانی مووچە لەسێ مانگ جارێکەوە بۆ دوومان جاریک بە دەسکەوت دەزانن.
سەیرە، زۆرێک لە سەرکردەکان هەندێک قسەی سواویان لەبەرکردەو بەردەوام بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، وا دەزانن خەڵک هێندە گەمژەیە بڕوایان پێ دەکات.
ئەم قسانەی کاک قوباد لە سوکایەتی و گاڵتەکردن بەولاوە هیچی دیکە نیە. چونکە لەو بڕوایەدام وێرای ئەوەی کەس لێی ناکڕێت، خودی خۆشی بڕوای پێ نیە. جا پێدیەچێت بۆ شۆخی ئەو قسانەی کردبێت.

تێبینی: بۆ ئەم بابەتە سودم لە سایتی لڤین وەرگرتووە

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت