دژوار شێخانی: ڕێفراندۆم لە نێوان تەخویل و تەخویندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەزۆربەی ووڵاتە دیموكراسی خوازەكانی دونیادا ئەنجامدانی ریفراندۆم بە مەبەستی وەرگرتنی رای خەلكە بۆ پرسێكی گرنگ و چارەنووسسازە كە پەیوەندی بە ژیان و داهاتووی ئەو ووڵاتە یان ئەو هەرێمەوە هەیە. زۆر نموونەمان لەو بارەیەوە هەیە وەكو راپرسییەكەی بەریتانیا بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا یان ڕاپرسییەكەی هەرێمی كەتەلۆنیا بۆ جیابوونەوەو سەربەخۆیی لە ووڵاتی ئیسپانیا و دواهەمینیشیان راپرسییەكەی توركیا بوو بۆ گۆرینی سیستەمی حوكمڕانی ووڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی. ئەمە جگە لە چەندین بابەتی تر كە پێویستی بە ئەنجامدانی ریفراندۆم هەیە وەكو دانان یان هەمواركردنەوەی دەستووری ووڵات و گەڕاندنەوە یان لابردنی سزای لەسێدارەدان و…. زۆری تر, هەموو ڕاپرسییەكیش بۆ ئەوەی پاڵپشتییەكی یاسایی هەبێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سەنگ و قورسایی هەبێت پێویستە بە پێی یاسایەكی پەرلەمانی ئەنجام بدرێت.
هەرێمی كوردستانیش دوای دیاری كردنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم كە لە دیوەخانێكی حیزبی و بە سەرپەرشتی سەرۆكی ماوەبەسەرچووی هەرێم وا بریارە لە 25/9 بەرێوەبچێت كە بە ووتەی خۆیان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەیە لە عێراق ئەوە جگە لەوەی هیچ شێوەیەكی یاسایی وەرناگرێت چونكە نە حیزب و نە هیچ كەسێك ناتوانێ بڕیارێكی وا گرنگ بدات لە حاڵەتی بوونی پەرلەمانێكی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵكەوە چ جای ئەوەی لەلایەن سەرۆكێكی نا شەرعییەوە بێت. هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەتا گەیشتە حاڵەتی هەرەشەش لەلایەن ووڵاتە هەرێمییەكانەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆش دوای ئەو هەموو قەیرانە درووست كراوانەی كەبەسەر خەڵكیاندا هێناوە ڕێژەیەكی یەكجار زۆر هاوڵاتی دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە نیشانداوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ووڵاتە زلهێزو خاوەن بڕیارەكانی وەكو ئەمریكاو روسیا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بە ڕوونی دژایەتی خۆیان ڕاگەیاندووەو، بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە جیاواز لە هەموو ئەو ریفراندۆمانەی كە لە پێشوودا باسمان كرد تەنها ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانە كە هەركەسێك بە نەخێر دەنگی بۆ بدات تەخوین ئەكرێت و بە خۆفرۆش لە قەلەم ئەدرێت ئەوە لە كاتێكدایەئەو پرۆسەیە تەنها وەرگرتنی ڕایە واتە تەخویلە و هەموو كەسێك ئازادە چۆن ڕای خۆی لەسەر ئەو بابەتە بدات, سەیر لە عەقلیەتی حوكمرانی ئەو دەسەلاتەیە كە خۆی داوای وەرگرتنی رای هاوڵاتیانی دەكات و، ئەگەر بە دڵیشی نەبێت ژووری عەمەلیات و لیستی خائین و خۆفرۆشانی بۆ درووست دەكات.
لێرەدا ئەم بابەتە چەند پرسیارێك هەڵدەگرێت, ئەگەر ریفراندۆمەكە كرا و دەنگی نەخێر زۆرینە بوو كەواتە زۆرینەی خەڵكی كوردستان خائین و خۆفرۆشن؟ یاخود ئەگەر دەنگی بەڵێ زۆرینە بوو چ گرەنتییەك هەیە وەكو دوو ریفراندۆمەكەی ساڵانی 1992 و 2005 لە بەرامبەر هەندێك پلەو پۆست و پارە نەیفرۆشنەوە بە بەغدا؟ لەكۆتاییدا ئەمەوێت ڕووی دەمم ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی بكەم پێش هەموو شتێك پەرلەمان و حكومەت بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی خۆیی و با پەرلەمان ببێتە مەرجەعی سیاسی و یاسایی هەرێم و یاسایەكی پەرلەمانی كە كۆدەنگی سەرجەم لایەنەكانی هەرێمی لەسەر بێت بۆ ئەو پرسە چارەنوسسازە دەربچێت نەوەك لە دیوەخانێكی حیزبی كات و چۆنیەتی ئەنجامدانی لێبدرێت كە هیچ شەرعیەت و بەهایەكی یاسایی نیە, وەهەروەها دەست لە سزادان و برسی كردنی خەڵك هەڵبگرن و یاسا سەروەر بێت و ئازادی ڕادەربڕین بەرتەسك نەبێتەوە و بژێوی و ژیانی خەڵك چاكبكەن و پایەكانی درووستكردنی دەوڵەت دابمەزرێنن ئەو كاتە بیر لە سەربەخۆیی كوردستان بكەنەوە, لەو حاڵەتەشدا ئەگەر تەواوی بنەماكانی دیموكراسیەت لەم هەرێمەدا چەسپا خەڵكانێك هەبوو لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەت نەبوو هەر دەبێت رێز لە ڕایەكەی بگیرێت نەوەك تەخوین بكرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت