پشکۆ ناکام: مورتەد.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ریفراندۆم وەک رووداوێکی گەورە و مێژوویی لەسەر دەستی بنەماڵەیەکی مێژوویی و جوگرافی جائیز نیە، هەروا بە سادەیی و بێ رازاننەوە بێتە دی، بەتایبەتی گەر زانیمان ڕیفراندۆم وەک “مەنجەڵ” یەکەم کەرەسەی لێنانی دەوڵەتی کوردیە و بۆ خۆشکردنی تامی ئەو خواردنە کە هەرگیز لە ژێر دانا دەرناچێت پێویستە چەن بەهاراتێک بەکار بێنین، هەم خواردنەکە واتە تامی دەوڵەتە کوردیەکە خۆش ئەکات، هەم بۆن بەرامێکی وای ئەیاتێ تا بینایەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەمریکا بچێت، هەندێک بابەت و بەهارات بۆ رازاننەوەی ریفراندۆم ئەمانەن:
A- هەر هەنگاوێکی گەورەی وەک ریفراندۆم و پاشان دەوڵەتی کوردی پێویستی بە سرودە. بۆیە ئەبێت سرودێک بۆ ریفراندۆم دابنرێت کە کەناڵە زەرد و زەرد هەڵگەڕاوەکان بیست و چوار سەعات پەخشی بکەن، ئەمەش ئەرکێکی قورس نیە، ئەو شاعیرەی شیعری” زێڕە” ی داناوە ئێستا دەرسی ڕێبازی بارزانی لە مەعهەدی پێگەیاننی!! کادیرانی پارتی ئەڵێتەوە، ئەو زاتە دەستی لەو شیعرانەیا هەیە و ئەتوانێت بەدەم چارەکێکەکەوە ( مەشروب نەک مووچە) شیعرێکی زۆر جوان و لایەق بە ریفراندۆم بنوسێ، خۆ سەرۆک هەر سەرۆکە ئیتر زێڕە کەی دوێنێ بێت یان ئەوەی ئەمڕۆ..ئاوازەکەیشی هونەرمەندێک هەیە گەر کاتی هەبێت” چونکە زۆر مەشغوڵی گورانی بێژە ئافرەتەکانە” لە ئاواز دانانا سەری ڕووتاوەتەوە، شارەزاییەکی تەواوی هەیە لە سوود وەرگرتن لە ئاوازی سرودەکانی بەعس و تێکەڵکردنی بە سرودەکانی پارتی، ئەتوانێت بەشەو و ڕۆژێک ئاوازێک بۆ شیعرەکەی شاعیری زێڕە لەسەر ریفرابدۆم دانێ، بۆ وورتنی ئەو سرودەش پەک ناکەوێت “داود القیسی” مان زۆرە.
B- جێی خۆیەتی ریفراندۆم ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیشی هەبێت، ئەمەشیان کارێکی قورس نابێت، لەبەر ئەوەی ریفراندۆم بەسەرپەرشتی و لەسەر دەستی پارتی و هاوئاوازەکانی یەتە دی. هەقە تەختی ئاڵاکە زەرد بێت و وەک ئیشارەتێک بە شانازیەکی پارتی 31/ ئەستێرەی لەسەر بێت کە سیمبولی پارتیە بۆ گەرانەوەی بۆ هەولێر لە 31/ئابی 1996، رەنگە بوونی ئەستێرەش لەسەر ئاڵاکە دڵی ئەمریکیەکان خۆشکات ئەوان پەنجا ئەستێرەیە هی ریفراندۆم سی و یەک، لەوانەیە ئەمەش کاربکاتە سەر بەهێز کردنی پەیوەندی ئەمریکا و هەرێم لەکاتی کۆڵانی دەوڵەتە کوردیەکە مەنفەعەتی خۆی هەبێت و دەعوەتیش بکرێن.
C- ناوی هەموو ئەو جاش و خائین و خۆ و ریفراندۆمە فرۆشانەی کە دژی ریراندۆمن و لەبەرەی(نەخێر)ن، ناو و رەسمیان بەسەر هەموو دوکان و سوپەرمارکێتەکانی هەرێما بڵاو بکرێتەوە تا کەس هیچیان پێ نەفرۆشێت و دواتر لە ڕێگەی داداگاکانی هەرێمەوە بە تایبەتی ئەوانەی هەوڵێر کە خۆشبەختانە لەڕووی بێلایەنی ونەزاهەتەوە ناو و ناوبانگێکی عالەمییان هەیە، سزای ڕەوای خۆیان وەربگرن، خراپیش نابێت ئەگەر خۆیان و کەس و کاریان دوور خرێنەوە بۆ دوورگەیەکی زۆر دوور لە هەرێم تا چی تر نەتوانن بگەڕێنەوە و کوردستانی بنەماڵە و ئابووری سەربەخۆ و دیموکراسی و ریفراندۆممان لێ پیس بکەن “بۆ جێ بەجێ گەیاننی ئەو جۆرە هەنگاوە ئەتوانرێت سوود لە تەجروبەکانی ئەتا تورک و رەزا شا وەربگیرێت لە مامەڵە کردن لەگەڵ یاخی و مورتەد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت