محەمەد هەریری: ئەردۆگان لە پێناو نەوەیەکی دینداری داعشی تورکی, داروێنیشی سڕیەوە لە تورکیا!‏

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە یەکێکی تر لە هەنگاوەکانی ئەردۆگان بۆ باڵادەستی ئیسلامی سیاسی سیما تورکی داعشی و ئەوەی ناوی ناوە بە دروستکردنی ‏‏[نەوەیەکی دیندار] لە وڵاتدا، بڕیارە تا ماوەیەکی تر خوێندنی تیۆری پەرەسەندنی داروێن لە قوتابخانەکان نەمێنێت. ‏
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی پەروەردە و فێرکردن، ئەلب ئەرسەلان دورموش گووتی: ئەو بابەتە لە مەنهەج و پڕۆگرامەکان لابرا ‏لە نێو ئەو بابەتانەی کە [جەدەل و مشت ومڕ وروژێنن]!.. ئەگەر قوتابیەکانمان باگراوندی زانستی و زانیاری و مەعریفەتی پێویستیان ‏نەبێت بۆ تێگەیشتنی ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر بابەتە ناکۆکەکان دەکرێت، لامان بردن!”‏
یانی هەر بابەتێك جێگای مشت ومڕ بوو لە زانست دا دەبێت لا بدرێت؟! ئەگەر وا بێت دەبێت زۆربەی زانست و تیورەکان لاببرێت هیچ ‏نامێنێتەوە لە مەنهەجەکان بۆ خوێندن!‏
ئەوە چ بیانوێکە بە بیانووی نەبوونی پاشینە و باگراوندی زانستی بۆ تێگەیشتن لە گفتوگۆکان، تیورێکی وا گرنگ لابەریت لە خوێندن!؟ ‏خۆی خوێندنەکە باگراوند دروست دەکات، نەك ڕاکردن لێی!‏
ئەوانە ڕاستیەکەی هەموو بیانووی ترێیە وەك دەڵێن، تەنها سەپاندنی جیهان بینی ئیسلامی سیاسیە لە جێگای جیهانبینیەکی زانسی بێلایەن، ‏دەنا خۆی باگراوندی زانستی لەوەوە دروست دەبێت کە تیورەکە بە هەموو جەدەلەکانیەوە بخوێنرێت، یانی بەوانەی کە پشتگیری دەکەن و ‏ئەوانەشی ڕەخنەیان لەسەری هەیە، ڕەخنەی زانستی نەك ڕەخنەی هاڕون یەحیای دمبکچی سۆزانیەکان.‏
ئەو تورکە زۆر عەنتیکەنە، ئەو کابرایەش هاڕون یەحیا ناسراو بە [عەدنان ئۆکتار] بەو تیاترۆخانەوە دژی تیۆری پەرەسەندنە، دەیان ‏موجەلەدی نووسیوە لە دژی! دەڵێت: تیۆری پەرەسەندن پیلانێکی خاچپەروەرانی خۆرئاوایی مەسیحیە بۆ فریودانی لاوانی موسڵمان – ‏یانی لاوانی موسلمان بەو تیاترۆخانەیەی هارون یەحیا فریو ناخۆن، بە تیۆری پەرەسەندن دەیخۆن؟! بەڵگەی هارون یەحیاش لەسەر ‏سەڵیبیەتی و خاچپەروەری چارلز داروین ئەوەیە لە کەنیسەیەك دەیخوێند تا ببێتە قەشە!‏

کینس میللەر زانای ناوداری بایۆلۆژی دەربارەی ئەو موهەریجە تورکە کە هاڕون یەحیایە، دەلێت:‏
چەندین ئیمێڵم بۆ دەهات کە پرسیار بوون لەبارەی تیۆری پەرەسەندنەوە، منیش سەیرم پێهات و گووتم: بۆ ئەو پرسیارانە دەکەن، لە وەڵامدا ‏منیان ناساند بە بیروڕاکانی کەسێك بەناوی هارون یەحیا، زنجیرە کتێبەکانی هاڕون یەحیا یان بۆ ناردین دەربارەی تیۆری پەرەسەندن کە ‏بە ئینگلیزی کرابوون! کە خوێندمنەوە دوو شتی خۆشی تێدا بوو، یەکێکیان چاوەڕوانکراو بوو، دووەمیان پێکەنین هێنەر بوو:‏
ئەوەی چاوەڕوانکراو بوو هەموو ئەو قسە و بەڵگانەی دژی تیۆری پەرەسەندن لەو بەشەدا باسکرابوو بەکارهینانەوەی [ڕیسایکلی] ئەو ‏بەڵگە و ئارگیومێنتانەی مەسیحیەتی ئەوروپا بوو!‏
بەشی دووەم کە زۆر پێکەنین هینەر بوو: ئەوەیە کە هارون یەحیا دەلیت تیۆری پەرەسەندن پیلانێکی خاچپەرستی خۆرئاوایی مەسیحیە ‏بۆ فریودانی لاوانی موسڵمان!‏
ئەو هارون یەحیایە یەکێکە لەوانەی عەقڵیەتی ئیسلامی تورکی فۆرمەڵە کردوە دژی تیۆری پەرەسەندن! ئەمڕۆ ئەردۆگانیش وەك ‏ئیسلامیەکی خەریج مەعهەدێکی دینی، بێگومان لەسەر کتێبی ئیسلامی نا زانستی و ئەو جۆرە کتێبانەی هارون یەحیا پەروەردە بوە، بۆیە ‏بیروڕای ئەو موهەریجە دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.‏
هەواڵەکە دەڵێت پڕۆگرامی نوێی خوێندن بۆ ساڵی ئەکادیمی 17- 02- 2018 ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات، و دورموش ‏گووتی جەخت کرایەوە لەسەر تیشک خستنە سەر دەسکەوت و دۆزینەوەکانی زانایانی تورك و موسڵمانان!‏
ئیبرۆ ئیجیت، ئەندامی ئەنجوومەنی یەکێتی پەروەردەی سێکیولار ‏‎”Egitim-Sen”‎‏ گووتی: ئەوە بیانوێکی بێ بنەمایە بۆ ‏لادانی خوێندنی تیوری پەرەسەندن بە بیانووی کە دەڵێت قوتابیانی پۆڵی نۆی دواناوەندی بۆیان قورسە لە تیۆری ‏پەرەسەندن بگەن! هەروەها بە ‏CNN‏ گووت: گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن سیستمی پەروەردە وفێرکردن لە لۆژیکی ‏زانستی دەردەهێنێت و دەیگۆڕێت بۆ سیستمێکی دینی توندڕەو و وشك. لادانی تیۆری پەرەسەندنیش لە خوێندندا ‏گەورەترین نمونەیە بۆ ئەوە!‏

arabic.cnn.com
ڤیدیۆیەکی وانە سماییەکانی عەدنان ئۆکتار:‏

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت