دیار عمر کاکە: ڕیفراندۆم لە سکۆتلەندا و لە کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مانگی نۆی ساڵی 2014 ڕیفراندۆم لە سکۆتلەندا ئەنجامدرا، ئەو گشتپرسیە پەرلەمانی سکۆتلەندا بڕیاری لەسەردا لە مانگی یانزەی 2013، ئەو ڕیفراندۆمە بەجۆرێک ڕاگەیاندنەکانی سەرقاڵ کرد بوو، بەهۆی ئەگەری لەداییکبونی وڵاتێك کە کاریگەری ئەبێت لەسەر جیۆپۆلیتیکی ئەوروپاو جیهان، حیزبی نیشتیمانی سکۆتلەندی سەرکردایەتی دەنگی بەڵیی ئەکرد و سەرکردایەتی حکومەتی سکۆتلەندای ئەکرد، بۆ کۆکرنەوەی دەنگی بەڵی حیزبی نیشتیمانی سکۆتلەندی پلانێکی تۆکمەی دانابو، سەرۆك وەزیرانی سکۆتلەندا ڕۆژانە سەردانی شارەکانی سکۆتلەندای ئەکرد بۆ ڕازیکردنی سکۆتلەندیەکان، هەروەها لە ڕاگەیاندنەکانەوە بە شێوەیەکی زانستی چەندەها داتای ئەکردە بەردەستی هاوڵاتیان کە ژیانیان چەند ئاسودەتر ئەبێت، چۆن ئابوری سکۆتلەندا بەهێزتر ئەبێت، بواری تەندروستی و خوێندن و کار و هەموو شتێك باشتر ئەبێت، ئەو حیزبە زیاتر ئەچونە ناو ئەو کەسانەی کە لەگەڵ دەنگی نەخێرن تا ڕازیان بکەن، هەنگاوەکانی سەربەخۆیان زۆر پوخت کردبو، حکومەتی سکۆتلەندا کتێبێکی چاپ کرد وەك ڕێبەڕێك دابەشی ئەکرد بەسەر هاوڵاتیاندا تێیدا هەنگاوەکانی سەربەخۆیی و هەموو شتێك دەربارەی سکۆتلەندای داهاتو ڕونکردبوەوە، تەنانەت پەیوەندی داهاتوی سکۆتلەندا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپاو داهاتوی ئەو وڵاتە لە ڕوی سیایسی و ئابوری هەموو بوارەکانی تر.
پاش مانگێك و چەند ڕۆژێکی تر ڕیفراندۆمە لە کوردستان، ئەو حیزبەی سەرکردایەتی ڕیفراندۆمەکە ئەکات پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەم حیزبە بۆ کۆکردنەوەی دەنگی بەڵێ تەنها ڕیگایەکی گرتۆتە بەر، بریتیە لە تەخوینکردنی ئەو کەسانەی لەگەڵ نەخێرن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەمشێوەیە لە ئێستادا، بۆ ئەو مەبەستە ژورێکی سیخوڕی عەمەلیاتی دروستکردوە ڕۆژانە ناوی ئەو نوسەر و ڕۆشنبیرانە بڵاو ئەکاتەوە و تەخوین ئەکات کە لەگەڵ نەخێرن! جگە لەوەی لە ڕێی ئەندامەکانیەوە ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هێرش ئەکەنە سەر ئەو کەسانەی لەگەڵ نەخێرن لە ئێستادا.
پارتی دیموکراتی کورستان ئەگەر خۆی بە خاوەن پرسی گشتپرسی ئەزانێت مەبەستی سەرکەوتنی ڕیفراندۆم و بەدیهێنانی سەربەخۆییە، ئەبوایە جیاوازتر تر کاریان بکردایە و سودێکیان لە حیزبی نیشتیمانی سکۆتلەندی وەرگرتایە و بە پلانێکی تۆکمەوە سەرکردایەتی ئەم پرسە نەتەوەییە گرەنگەیان بکردایە، پارتی باش ئەزانێت بەهۆی ئەدای خراپیانەوە لە حکومەت خەڵکێکی زۆر نیگەرانن لە پارتی و متمانەیان پێی نیە، ئەبوایە سەرەتا ئاشتەوایی گشتی ڕاگەیاندایە، لەگەڵ هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان، بەتایبەتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ، ئەبوایە سەرەتا سەردانی پرسەکەی کاك نۆشیروانی بکردایە بۆ توانەوەی بەستەڵەکی ڕابردوو، ئەبوایە سەردانی ئەو ناوچانەی بکردایە کەلەگەڵ نەخێرن و باسی دەسکەوتەکانی ڕیفراندۆمی بکردایە، ئەبوایە هیچ نەبێت لە ڕاگەیاندنەکانەوە وەڵامی پرسیارەکانی خەڵك بدایەتەوە، یا کتێب و ڕێبەرێکی بڵاوکردایەتەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و مەترسیەکانی هاوڵاتیان، ئاخر کەمتر لە دو مانگ ماوە کۆمەڵێ پرسیار هەیە خەڵک وەلامی نیەو ترسی هەیەو متمانەی نیە، بەشێك لەو پرسیارەنە بریتین لەمانە، ئایە ڕیفراندۆم مەبەست لێی سەربەخۆییە؟ ئەگەر سەربەخۆییە قۆناغەکانی دوای ڕیفراندۆم چین؟ ئەی تورکیاو ئێران و عێڕاق هەڵوێستیان چی ئەبێت؟ ئایا سنورمان لەسەر داناخەن؟ ئەی ئەگەر سنوریان داخست پلانی حکومەت چیە؟ ئایە پلان تەنها وتەکەی سەرۆکی هەرێمە کە وتی بە ئازادی بمرین باشترە لەوەی لەژێر دەستی دوژمن بین؟ ئێ خەڵك ئەزانێت ئەوان نامرن ئەوەی توشی کێشەو گرفت ئەبێت تەنها هاوڵاتی ئاساییە!
ئەی ئایە ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا ڕازین؟ ئەگەر ڕازین، ئایە هیچ هەڵوێستێکیان ئەبێت ئەگەر سنورمان لەسەر داخرا؟ ئەگەر هەرێم لە سەربەخۆیی ئابوری ئەوە حاڵی بو ئەی لەسەربەخۆیی گشتی چۆن ئەبێت؟ ئەی ئایە بۆچی ئێستا هەڵبژێردراوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم؟ ئایە پەیوەندی بە کۆتایی دووساڵی زیادکراوی سەرۆکی هەرێمەوە هەیە یان پەیوەندی بە جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەوە هەیە؟
ئایە ڕیفراندۆم تەنها لە هەرێم ئەکرێت یان ناوچە دابڕاوەکانیش؟ ئەگەر لە ناوچە دابڕاوەکان ئەکرێت ئاخۆ کێ سەرپەرشتی ئەکات، خۆ کۆمسیۆنی هەڵبژارنی هەرێم دەسەڵاتی نیە بەسەر ئەو ناوچانەیاو داتای هاولاتیانی ئەو ناوچانەی نیە!؟
ئەگەر سەبەخۆ بوین، ئایە وڵاتەکەمان تا چەند دیموکراسی ئەبێت و بنەماڵەو مەکتەب سیاسیەکان دەست بەسەری ناگرێت؟ ئایە داهاتوی ئابوری ئەم وڵاتە چۆن ئەبێت؟ ئەمانەو کۆمەڵێ پرسیاری تر کە دڵنیام هیچ کەسێك لەوانەی بەنیازی بەڵێن بۆ ڕیفراندۆم وەڵامی هیچ لەم پرسیارە گرنگانەیان هەبێت!
ئەگەر لۆژیکانە بڕوانینە ئەم پرسە، لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ وەڵامێکی ئەم پرسیارانەی نەداوەتەوە، بۆیە ترسێکی زۆر لای خەڵکی کوردستان دروست بوە.
بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمەکە سەرکەوتوبێت پێویستە پارتی بەخۆیدا بچێتەوەو پلانی هەبێت بۆ ئەم بابەتە گرنگە نەتەوەییە مێژوییە، هەروەها زۆر گرنگە تا نەخوێنرێتەوە بەوەی گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی نین، پێوسیتە قبوڵی کۆبونەوە بکەن لەگەڵ پارتی و بە ئاشکرا داوا بکەن ئەم پرسە دوابخرێت بۆ چەند مانگێکی دیکە تا بارودۆخەکە ئاسایی ئەبێتەوە و داوا بکەن حکومەت ئاشتەوایی لەگەل خەڵك ڕاگەیەنێت و بارودۆخی خەڵك باشتر بکات، باشتر وایە بڕیاری دواخستنەکە لە پەرلەمانەوە بێت و پەرلەمان ڕۆژی ڕیفراندۆم دیاری بکات و لایەنەکان پلانیان هەبێت بۆ ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم، بەو شیوە ڕیفراندۆمەکە یاسایی تر ئەبێت و یەکڕیزی کورد ئەپارێزیت و مەوقفی کورد بەهێزتر ئەکات لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە و ئەنجامەکەی سەرکەوتوتر ئەبێت و پشتگیری زیاتری ئەبێت لەلایەن هاوڵاتیانەوە و ڕۆژی ڕیفراندۆم ئەبێتە ڕۆژێکی مێژویی گرنگ بۆ هەموو تاکێکی کورد.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت