نەبەز گۆران: پەرلەمانەكەی بارزانی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا شتێك نەماوە ناوی ئەركی پەرلەمان بێت. لەو چركەساتەی پەرلەمان ویستی خۆی بێت و لەژێر چنگی حیزب بێتە دەرەوە و، جارێكی تر نەبێتەوە بە سێبەری یەك كەس و یەك حیزب، لەو چركەساتەوە پەرلەمان كەوتە بەرهێرش. هێرشەكانی سەر پەرلەمان هێرش بوو بۆ سەر دیموكراسی و ئەو یاساییانەی حورمەتێك بۆ دیموكراسی دروستدەكەن.
لەو كاتەدا هێرشكرایە سەری و داخرا، ئیدی حیزب و سەرۆكی حیزبی پارتی بە هەموومانی وت: لەپێناو مانەوەی خۆم، دەتوانم هەموو ئەو شوێنانە دابخەم دەبنە بنەمایەك بۆ هەرێمێكی تەندروست. داخستنی پەرلەمان داخستنی ترسێك بوو لە دیموكراسی. ئێمە دەزانین بارزانی وەك كارەكانی دیكەی، ویستی داخستنی پەرلەمانیش وەك بەردەوامبوونی خۆی لەسەر كورسییەكەی بكاتە نەریتێكی حیزبی و خێزانی. كەس چاوەڕێی ئەوەی لە بارزانی نەدەكرد كورسییەكەی جێبهێڵێت، چونكە هەموو لایەك دەیانزانی كە ئەو كارە ناكات. كاتێكیش بژاردەی داخستنی پەرلەمانی خستە ئەستۆی خۆی، زۆر راشكاوانە ماهییەتە راستەقینەكەی خۆی دەرخستەوە.
ئێستاش، كە باس لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەن، ئەم كاراكردنەوەیە هێندەی داخستنەكەی بێمانایە. كاراكردنەوەكە وەك خۆیاندەڵێن: بۆ تێپەڕاندنی كۆمەڵێك یاساییە، كە ئەو یاسایانە خزمەت بە حێزب و بە یەك تاكەكەس دەكات. ئەوانەشی ئێستا شیوەنی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەن، هەر ئەوانەبوون شیوەنی بێزاربوونیان لەپەرلەمان دەكرد. ئەم عەقڵە شاخاویانە و ئەم عەقڵە خێڵەكیانە ناتوانن لەگەڵ بنەماكانی سیستەمێكی تەندروستدا هەنگاو بنێن.
پەرلەمان پێویستی بەكاراكردنەوە نییە، تا ئەركێكی حیزبی و تاكەكەسی جێبەجێبكات. پەرلەمان پێویستە ئەركە ڕاستەقینەكەی خۆی جێبەجێبكات. ئەركی پەرلەمانیش لە ئێستادا هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و گۆڕینی سیستەمی حوكمرانییە بۆ سیستەمێكی پەرلەمانی. ئەم سیستەمی سەرۆكایەتییە، سیستەمێكی خێزانی شكستخواردووە. سیستەمێكە نە بەكەڵكی ئەم سەردەمە دێت، نە بەكەڵكی ئەم كۆمەڵگەیە دێت. سیستەمێكی پڕە لە گەندەڵی، سیستەمێكە پڕە لە میلیشایی حیزبی، سیستەمێكی نا تێوار و، سیستەمێكە لەناوەوە و لەدەرەوە وێران بووە. ئەوەی پێویستە پەرلەمان بیكات كۆتایی هێنانە بەم سیستەمە تێكشكاوە و گۆڕینییەتی بۆ سیستەمێكی تەندروست.
پەرلەمان شوێنێك نییە بە ویستی حیزب و ماڵێك بكرێتەوە و دابخرێت. شوێنێكیش نییە لەكاتی بەسوددا بەكاربهێنرێت و لەكاتی بێسوددا دابخرێت. پەرلەمان یەكەم پاییەی سەرەكی یاسا و یەكەم پاییەی سەرەكی چاودێری و دەنگی خەڵكە. ئەگەر ئەم شوێنە بێحورمەتی پێبكرێت و كۆمەڵێك زۆر بڵێی ناو مەكتەب سیاسییەكان بێن ئەركی بۆ دابنێن، بێگومان دەبێتە بێماناترین شوێنی ئەم سیستەمە.
هەتا ئەم پەرلەمانە ئەركە راستەقینەكەی خۆی جێبەجێنەكات و كۆتایی بەو دەسەڵاتە تاكپەرستییەی بارزانی و حیزبییە نەهێنێت و، سیستەمێكی پەرلەمانی تەندروست دانەرێژێت و، دەستورێك بۆ هەمووان نەكاتە بنەمای ئەركە راستەقینەكانی، بێگومان نە ئەم كۆمەڵگەیە رزگاری دەبێت لەو گروپە سیاسییە خۆسەپێنە شكستخواردوە، نە دەشتوانێت پەرلەمانێك بێت ئەركی پەرلەمانی جێبەجێ‌ بكات.
لەدەرەوەی ئەمەوە هەرمەكتەب سیاسییەكی زۆر بڵێ‌، هەر كارەكتەرێكی ستایشكەری سیستەمە شكستخواردوەكە هەرچی بڵێت: جگە لە خزمەتكردن بە پەرلەمانی ماڵی بارزانی، هیچ ناوێكی دیكەی لێنانرێت. ئەوان ئەتوانن وەك خۆیان خزمەتی ماڵی بارزانی بكەن، بەڵام ناتوانن دامەزراوە گرنگەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ خۆیاندا بخەنە خزمەتی ئەو ماڵە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت