بەهرۆز جەعفەر: نەخێرە” تازەکان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە لە ساڵی 2006 ەوە ئەڵێین “نەخێر”. ڕووبەڕوو، بە نووسین، بەسەر شاشەکان، لەناو دادگاکان، لەگەڵ وەفدو وفودەکان.
نەخێر: بۆ گەندەڵی، نەخێر بۆ تەقدیس کردن، نەخێر بۆ شەڕی تایەفی، نەخێر بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی، نەخێر بۆ پارەدان بە تینک تانکە بیانیەکان، نەخێر بۆ ڕۆشنبیرە موزەیەفەکانی دونیای ئێمە، ئیتر ئەو کاتەی لە ناو یەکێتیش بوین هەر نەخێر، نەخێر مان بو……. تادوایی.
جاری یەکەم، نەخێرەکانی ئێمە، ئۆپۆزسیۆن لە باری بردو مراندی، بە دیاریکراویش لە دوای (17ی شوبات) ەوە، ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو) کردنی بە پاکێج و فرۆشتنی بە دەستەڵاتی سیاسیی و، کۆمەڵێک لە هەرە نەخێریستە دیارەکانی ئەم سێ حزبە ئۆپۆزسیۆنە پێی بونە وەزیر و پەرلەمانتار و…. ساختەچی سەر شاشەکان.
خۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو سەرێکەوە بووە بە بەڵا، بەڵایەکی تری ئەو حزبە ئەوەیە یەک دونیا ئینسانی موزەیەف و تەزویر و بەتاڵ و بۆشی بۆ بەرهەم هێناوین، باشترین ئارگیومێنت، باشترین تێزی سیاسیی، بۆ ئەوەی پێی ببی بە تۆپیکی گەورەو براند بیت لە کۆمەڵگە ئەوەیە، تۆ هەر کەسێکی و لە کوێوە هاتووی ” بە پارتی بڵێ نەخێر، ئیتر ئیشت ماشییە”.
جاری دووەم، نەخێرەکانی ئێمە، دامەزراوەی نالیا قۆستیەوەو، خەریکە ئەویش بیەوێ بەسەر نەخێرەکانی ئێمەدا سەربکەوێ!. ئەم نەخێرانە کەسانی زۆر تازەن لە میدیای کوردیداو، لە پڕ فوویان پیا کراوەو، بۆ موهیممەیەک ساز کراون، لایانوایە ئەوان سەرەتاو کۆتایی ئامرازەکانی میدیان، هەندێکیشیان لە چوار پێنج ئاوی تریان داوەو، زەمانە وەک چیلکەو داری کەنار ئاو پەراوێزی خستوون، خاوەنی دامەزراوەی نالیا کۆی کردونەتەوەو، ئەسەح یش گڕیان تێبەر ئەداو، خۆی پێ گەرم ئەکاتەوە، هەڵپەی پۆست وەرگرتن و پاڵەوانێتی سەر شاشەکان ئەمانەی کردووە بە ” نەخێر یست”، لە کوردستان خەڵک بۆ ئەوە نابێ بە ڕۆشنبیر، بە توێژەر، بە ڕەخنەگر، تا کۆمەڵگە و فەرهەنگ بگۆڕێ، تا تێزی باش پێشکەش بکات، بۆ ئەوەیە لە پڕ ببێ بە پەرلەمانتار، به مودیر عام، بە فیگەرێک کە پنتە هەستیارەکانی حوکمڕانی وێران بکا، ئەم دیاردەیە “مەلاو پیاوە ئاینی” یەکانیشی گرتۆتەوەو، هاوار هاواریان هەر بۆ ئەوەیەو هیچی تر…
من بە خۆم لەو نەخێرانەم، کە نەک بە نوسین و بە پانێڵ، بە ڕاشکاوی بە کاراکتەرەکانی سەرۆکایەتی هەرێمم ووتوەو نووسیوە، بەم جۆرە “ڕیفراندۆم” سەرکەوتوو نابێ، لێرەدا هەقیقەت وونە، هەقیقەت ئەوانە نین لەسەر شاشە ئەڵێن نەخێر. ئەم نەخێرانە نەخێری بونیادنانی نیشتیمانی نیین، نەخێر نیین بۆ ڕەفاهییەت و چاکەی گشتی.
من کە ئەڵێم، نەخێر، دەیان توێژینەوەو، پاشخانێک لە کەرەستەی زانستییم هەیە، لێرەدا داتا قسە ئەکا، کتێب قسە ئەکا، بەڵام ئەو “نەخێرە تازانە” فێڵێکی ترن لە ڕای گشتی لە نەخێرە ڕەسەنەکان، هاتنی دامەزراوەی میدیایی نالیا کارەساتێکی تری مرۆیی و میدیایی و ئەخلاقی بوو بۆ کۆمەڵگەی کوردیی، سەرەتاکەی بۆ ئەوە بوو دەنگی جددیی لە کۆمەڵگەدا بکوژن و هەقیقەتەکان بشارنەوەو، کەسانی بۆش و بەتاڵی حزبەکان بدۆزنەوە قسە بۆ کۆمەڵگا بکات، کۆتاییەکەشی ئەوەیە دوای بە هەدەردانی ملیارەها دۆلار، “هاوسەنگی و، بێلایەنی” یەکەی خۆی بکوژێت، بارزانی بەم ڕیفراندۆمە هیچی نەکردبێ، ئەوەی کرد ڕووی ڕاستی و، هاوسەنگیە فشۆڵەکەی ئەم کەناڵانە دەربکەوێ. دەمامکەکانی بەر دانەوە.
وەک زانیاری کۆنکرێتیش، بیڵێم: دامەزراوەی نالیاو، خاوەنەکەی و، ئەوانەشی لەگەڵ ئەو کەوتون، نەک “دکتۆر بەرهەم ساڵەح” یان لەگەڵ نییەو لە پشت نییە، بەڵکو هۆکارێکن کە ئیشەکە لە “بەرهەم ساڵەح ” تێک بدەن، ئەمە لە لایەک. لە لایەکی تریشەوە ئێمە وەک بەرپرسیارێتی ئەخلاقی ئەوەمان لەسەر شانە ڕێ نەدەین کۆمەڵگە بە دەست چەند کاسبکارێکەوە بەرەو هەڵدێر بڕوات، کوڕێکی گەنجی و کەسابەتی خۆت ئەکەی، بیکە، یاریی کۆربۆکراتیانە ئەکەی و، میدیا ئەخەیتە سەر پێ! ئاساییە. کاتێک بۆ ناو ژیانی گشتی و سیاسەتی گشتی هەنگاو ئەنێیت، ئێمەش هەموو داتاو ئامارانەی لەبەردەستمانن، کاتی خۆی لە 2013 سەبارەت بە گوندی ئەڵمانی یەک و دووو، چاڤی لاند و هەندێ باری تر، داومانە بە داواکاریی گشتی. بڵاوی ئەکەینەوە، بۆ ئەوەی گەنجان و، ئەوانەشی لە پشتەوەت وەستاون بزانن دوای کێ کەوتون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت