Stare

ستارە عارف: ڕیفراندۆم، دوایبخەن واتا بەڵێ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕیفراندۆمەکەی بارزانی بۆ لەباربردنی دەوڵەت و سەربەخۆیی ڕاستەقینەی کوردستانە.
ئەو شوێن و کەسانەی پێیانوایە نەخێر قورسە و بە واتای ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و سەربەخۆی دێت، ئەوە یان بە مەبەست خەڵک چەواشە دەکەن، یان لەسیاسەت تێنەگەیشتون و هێشتا خامن، ئەگەر نا کە پێمانوابێت بەڵێ بۆ گاڵتەجاڕیەکەی مەسعود، بەڵێ یە بۆ 26ساڵ نادادی و ستەم و چەوساندنەوە و برسیکردنی میللەت و خۆسەپاندنەوەی بارزانی و دەستەڵاتی پشتاوپشت و ڕاکێشانی لەشکری دوژمن و خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، کەواتە بێ تەم و مژ دەبێت بڵێین، نەخێر بۆ ڕیفراندۆمەکەی بارزانی، کە ئامانجی داهاتوی دەوڵەت و سەربەخۆی کورد نیە و تەنیا کۆمەڵێک مەرامی خۆی و هاوئاوازەکانی لەڕێگەیەوە و بە ناوی سەربەخۆیەوە بەرهەم دەهێنن.
داواکاری ( بایکۆت و دواخستنی کاتی ڕیفراندۆم و ئێستا کاتی نیە )، لەناوەڕۆکدا بە واتای ئەوەیە، کە ئێوە بڕواتان بە حوکمداری ئەم دو حزبە هێشتا ماوە، کە 26 ساڵە خەریکی دزی و تاڵانین و گەل دەچەوسێننەوە، تەنیا کێشەتان لەگەڵ کات و ساتی ڕیفراندۆمەکەی هەیە، داوای دواخستن زۆر لەبەڵێ کردنەوە نزیکە، لەکاتێکدا دەبێت بە هەمومان بەم گەلە بڵێین ئەم دەستەڵاتەی بارزانی و تاڵەبانی، توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیان نیە و بە کۆی دەنگ ڕەتیانبکەنەوە و بەڵێ بۆ هیچ کارێکیان مەکەن.
دەستەڵاتێک کاری تەنیا دزی و تاڵانی بێـت، تۆ چۆن میللەت گێژ دەکەیت و پێی دەڵێیت، ئەگەر نەخێری بۆ بکەیت، ئەوە مانای دژ وەستانەوەی دەوڵەت و سەربەخۆی ڕاستەقینەی کوردیە، ئاخر دەوڵەت و سەربەخۆی بە دز و قاچاخچی دەکرێت؟، کە ناتانەوێت بێ تەم و مژ ئەم ڕاستیە بە خەڵک بڵێن، کەواتە سەر بۆ ڕیفراندۆم و حوکمداریەکەیان دەلەقێنن و دژی نین، لەکاتێکدا ئەوان خۆیشیان پێیانوتوین ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەت نیە، چونکە خۆیان باش دەناسن و دەزانن مەرد و نیشتمانپەروەر و گەل دۆست نین و تەنیا کاریان جێبەجێکردنی ئەو پیلانانەیە، کە دوژمنەکانمان پێیان دەسپێرن، ئیتر تۆ چۆن بڕوات هێشتا پێی ماوە و ناهێڵێت، خەڵک ئازایانە دەنگی نەخێریان بۆ بەرز بکاتەوە؟.
من لەگەڵ نەخێرەکەی بەرەی نەخێریش نیم، چونکە ئاراستەی سیاسیان تا ئێستا گوماناویە، بەڵام دەبوایە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتاوە بەرەی نەخێری خۆی بەهێزبکردایە، هەرچەندە ڕیفراندۆمەکەی بارزانی سەرکەوتویش نابێت، بەڵام هێشتا کات زۆر ماوە بۆ ئەوەی بە ڕاستی و بێ تەم و مژ بەم گەلە بڵێن، ئەم هەوڵە بە ناوی ڕیفراندۆمەوە بۆ لەباربردنی کارت و هەلی ڕاستەقینەی دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستانە و دەبێت ڕێگە لەو هەوڵە دوژمنکارانەیە بگرین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت