ئەرکان محەمەد: پارتی لەنێوان ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ بەغداد.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای ڕزگارکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و، کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی چەندین ساڵەی ستەم و زۆرداری ڕژێمی بەعس. گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدادو بەژداریکردن لەبنیاتنانەوەی دەسەڵاتی نوێ عێراق. لەو کاتەوەش چەندین جار دوورکەوتنەوە لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد ڕوویدا، هەتا دواجار، کە بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و، هەروەها چەند ساڵێکە بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی جیابونەوه لەدەسەڵاتدارانی عێراق دەکات بەبیانوی ئەوەی بەغداد مافی کورد دابین ناکات و، وەک هاوڵاتی پلەدوو تەماشای کوردستانیان دەکەن!
بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، هەمیشە دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ بەرزکردنەوەی دروشمەکانیشدا، شەڕی مانەوەی لەپۆستەکانی لەبەغدادکردوە، بۆنمونە: لەئێستادا زۆرترین قسەی پارتی لەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆمە، کەچی دەیەوێت پۆستێکی باڵا بۆ (سەیوان بارزانی ) برازای مەسعود بارزانی دەستەبەر بکات، کە باڵیۆزی عێراقیشە لە وڵاتی هۆڵەندا و، بیکاتە نوێنەری عێراق لەڕێکخراوی نەهێشتنی چەکی کیمیایی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکان. واتا پارتی لە لایەک داوای ڕیفراندۆم دەکات بۆ جیابوونەوەو، لەولاشەوە شەڕی دەسەڵات لەبەغداد دەکات بۆ کەسێکی نزیک لە ماڵباتیی بەرزانی، بۆ بوون بەئەندام لە ڕێکخراوێکی سەر بەنەتەوە یەککگرتووەکان. لەنێوان ئەم دوو دووڕووییە لە سیاسەت، تێگەیشتنێک تا ئاستی گەمژەیەی لە ئەندام و لایەنگرانی ئەم حیزبەدا بوونی هەیە، چوونکە هەندێک سەرکردەو کادرە باڵاکانی پارتی لە مێدیاکانەوە، قسە لەسەر بەلێشاو تاوانبارکردنی ئەوانە دەکەن، کە لەبەرەیی نەخێرن بۆ ڕێفراندۆم. لەکاتێکدا ئەوانەی لەبەرەی ڕیفراندۆمدا نین بۆ ئەمڕۆ، ژیرانەو کوردپەروەرانە دەڕواننە پرۆسەی ڕیفراندۆم. ئەوان دەخوازن بە ماتڕیاڵێکی زۆرەوە ئەم پرسەیە ئەنجام بدرێت و، دەوڵەتی داهاتوویی کوردستان دەرێژکراوەی دەسەڵاتی ئەمڕۆ نەبن و، کە تاوانبارن بەمێژوویەک لە شەڕی ناوخۆ و پرۆسەی گەندەڵی و تاوانی مافی مرۆڤ و گیرۆدەش بەدەست داگیرکەرانی کوردستانەوە تا ئاستی ناپاکی.
کەواتە پارتی شینەکەی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی نییە، بەڵکو بۆ کۆمەڵێک پرۆگرامی نادیاریی ترسناکە، کە دەشێت تا ئاستی لەباربردنی ئەم پرۆسەیە بڕوات. ئەوسا ئەوانەی لەمڕۆدا قسە لەسەر ئەوانە دەکەن، کە ناخوازن بەم ڕیفراندۆمە ناڕوونە بڵێن بەڵی، کە نەزانن سەرگرتن و سەرنەگرتنی بە چ ئەنجامێک دەگات. تاوانباریان دەکەن بە ناپاکی، لە ئەنجامی هەر لارکردنەوەی پرۆسەی ڕیفراندۆمەدا، بەرەی نا، چی بە بەرەی بەڵێی ڕیفراندۆم بڵێن و، ئیتر سەرەی ئەوانەیە بەیاساو ڕێسا بە فەڕمی بەبەرەی ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم، بەهەمان زمانی خۆیان، قسەیان لەگەڵ بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت