ئەحمەد ڕەسوڵ: کەمتیارەکانیش لە نێو خۆیاندا بەشەڕ دێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا هەڵوێست وەرگرتن دەبێت لە چ ڕوانگەیەکەوە بێت؟ ئایا دەبێت داکۆکی لە کێ بکەین و پشتی کێ بگرین؟ دەبێت لە دژی چی و کێ بین؟ سەبارەت بە هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاران.
بەشە گەورەکەی نوسەرانی ئازاد و ڕۆشنبیران لە کۆمەڵگا خۆراواییەکاندا نەک لە هەڵوێستوەرگرتنی ڕۆژانەییاندا لە ئاست ئەو دیاردە و ئەم ڕووداو، داکۆکیان لە فەزای گشتی، ئازادی و شکۆی هاوڵاتیانی سادە و کۆمەڵگا بەگشتی کردووە و لە بەرامبەردا هەمیشە وەک بەربەستێک لەبەردەم پاوانخوازی و سەرەڕۆییەکانی دەسەڵاتداران وەستاونەتەوە، بەڵکو بەشێکی گەورەی ووزەی فیکری و ڕووبەرێکی فراوانی توێژینەوە ئەکادیمی و مەعریفیەکانی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە بونیاد و ستراکتوری دەسەڵات و خواستە سایکۆلۆژی و کەسییەکانی دەسەڵاتداران بووە، ئەوە سەرەڕای هەوڵدانی بەردەوام بۆ دۆزینەوە و داهێنانی ئەو تەکنیک و ئامرازانەی کە دەکرێت لە ڕیگەیانەوە هەم سنورێک بۆ چاوچنۆکیی دەسەڵاتداران دابنرێت و هەم بەرگری لە فەزای گشتی و ژیانی ئازاد و شکۆمەندانەی هاوڵاتیانی سادە و ئاسایی بکرێت. لەسۆنگەی ئەم تێگەیشتنەوە نوسین و فیکر وە هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردن لای من شێوە پەیدا دەکات “شکڵ دەگرێت”، بۆیە هەر کەسێک ئاگاداری نوسینەکانی من بوبێت، کەم تا زۆر، سێ خاڵ بە گشتی دەتوانێت دەرکپێبکات کە ئەوانیش:
یەکەم: بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارێتی سیاسی “کە هەڵبەت ئاشکرایە دەسەڵاتی ئابوری، ئیداری و سەربازیشی لەخۆی گرتووە” کە بەپلەی یەک پارتی و یەکێتی دەگرێتەوە و دواتریش حزبەکانیدی کەم تا زۆر، ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت. هەڵبەت بەرەنگاربوونەوەکە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی فیکریی-سیاسیی هەم بۆ سروشت و جۆری دەسەڵاتدارێتی و هەم بۆ پایە و ڕاگرەکانی بەسەرێکدا و بونیاد و ستراکتوری دەسەڵات بەسەرێکیتردا. من هەرگیز پێم وانەبووە کەمتیارەکان تەنها ئەوانەبن کە لەنێو دەسەڵاتە کلیپتۆکراسیە میلیتاریستیەکەی دوو جەمسەرە گەورەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیدان بەو گروپە مشەخۆر و ملپانانەشەوە کەدەکەونە نێو بزنس و مارکێتینگی سیاسیەوە لەپەڕاوێز و بەدەوریانەوە، بەڵکو هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە دوور و نزیک لە خزمەتی وەها دەسەڵاتێک و لە خەم و هەوڵی سیستماتیزەکردنیدا بوون.
یەکەم/ واتا بە کورتی شەڕی من لە بەرامبەر، دەسەڵاتدارێتی سیاسی بە تایبەتی و کایەی سیاسیی کوردستاندا بە گشتی، بووە. ئەوەی نێوەندەکەیان “نێوەندی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی” تەنیوە کەمتیارەکانن، گرنگ نیە چ ڕەنگێکن. شەڕی من لە دژی کەمتیارەکانە.
دووەم/ نوسین و هەڵویستی من هەمیشە شەڕ بووە لە پێناو فەزای گشتی، ماف و ئازادیەکانی هاوڵاتیانی سادە. واتا ئەوەی لە تێڕوانینی مندا هەم ڕەوایەتی و هەم پڕایۆریتی هەیە بۆ قسەلێکردن و داکۆکیکردن ژیانی ئینسانی ئاسایی و بێپلە و پۆستە.
لەلای من “نەک لەلای من بەتەنها بەڵکو وەک پێدراوێکی واقعی” پەرلەمانتار یان هەر کەسێکیتری خاوەن پلە و پێگەی هاوشێوە، خۆ کەمێ خوارتر و کەمێ سەروتر گرنگیەکی نیە، لە نێو حکومەت، پەرلەمان و هەر دەزگایەکی گشتی ئیداری و دەوڵەتی بێت وە یان تەنانەت لە دەزگای حزبییشدا بێت، دەسەڵاتدارە. زۆر بە سادەیی و دوور لە تەعقیدات، دەسەڵاتدارە بەوپێیەی، هەم پێگەکەی کەسێتیەکی مەعنەوی دەسەڵاتداری داوەتێ هەم بەپێی پلەکەی دەسەڵاتێکی یاسایی هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە شۆفێر و پاسەوانی هەیە، کە ئینسانێکی سادە و ئاسایی هیچ یەک لەوانەی نیە.
بەوپێیەش کە لە تێڕوانینی مندا نوسین و کارکردن لە نێو فیکردا لەگەڵ هەڵویستوەرگرتن هەمیشە لەپێناو فراوانترکردنی ئازادیەکانی فەزای گشتی و گێڕانەوەی شکۆ و ئیرادەیە بۆ تاکەکان “تاکی سادە و ئاسایی نێو کۆمەڵگا” بۆیە هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردن لە پەرلەمانتاران و هاوشێوەکانیان، نەک ناچێتە خانەی داکۆکیکردن لە ئازادی، فەزای گشتی و کەرامەتی ئینسانەکانەوە بەڵکو ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی خزمەتکردن بە دەسەڵاتدارانەوە. جا ئەو دەسەڵاتدارە هەر ڕەنگێک بێت گرنگ نیە.
خاڵی دووەم/ واتا بە کورتی لەتێڕوانینی مندا هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیکردنێک ئەگەر لە گۆڕێ بێت لەلایەن منەوە یان هەرکەسێکیدی، دەبێت هەمیشە لە بەرژەوەندی تاکی سادە و ئاسایی و هاوڵاتیانی بێپلە و پایە بێت، وە لە دژی دەسەڵاتداران ” سەرۆک، وەزیر، پەرلەمانتاران و… هتد” بێت.
سێیەم/ بابەتێک کە هەمیشە لە تێڕوانینی مندا بە ئامانج گیراوە مەسەلەی ئیمتیازاتی ماددی و دەستکەوتە ئابووریەکانی دەسەڵاتدارانە. هەڵبەت ئەوە ئاشکرایە دەسەڵاتدار، ئەو کاتە دەسەڵاتدارە و لە خەڵکی ئاسایی جودا و سەرووترە کە ئەو ئیمتیازاتە ماددیانەی هەیە کە خەڵکی ئاسایی نیەتی، دەستکەوتێکی ئابوری وای هەیە کە دیسانەوە خەڵک نیەتی. من لێرەدا باسی ئەو دەستکەوتە ماددیە نایاسایی و دزی و بەکارهێنانەی دەسەڵات ناکەم بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و خۆدەوڵەمەندکردنێکی خێرا لە ڕێگەی ئەو پۆست و پلەیەوە کە کردوویەتی بە دەسەڵاتدار، لەلایەن زۆرینەی دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگای ئێمەوە، بەڵکو باس لەو موچە زەبەلاح و ئیمتیازاتە ماددیانە دەکەم کە یاسایان بۆ داتاشراوە و بە پێی یاسا بۆیان ڕێکخراوە، واتا دزی و تاڵانیی بە پێی یاسا.
بەتێگەیشتنی من، کاری مرۆڤی ڕۆشنبیر و بەرپرسیار لە ئاست کێشە جڤاتیەکان، هەوڵی بەردەوام و سەنگەرگرتنی سەرسەختانەیە نە تەنێ بۆ ئازادی و فروانکردنی فەزای گشتی لەگەڵ بەردەوام بەرجەستە و گەورەکردنی شکۆ و کەرامەتی تاکەتاکەی ئیسانەکان و هاوڵاتیانی سادە و ئاسایی، بەڵکو جەنگێکی بەردەوامیشە لە دژی ئەو گاپەی نێوان هەردوو چینی دەوڵەمەندان و هەژاران کە هەر ڕۆژ لە گەورەبوون و فراوانبوونی زیاتردایە. ئەوەش ئاسکرایە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هەموو دەوڵەمەند بوونێکی دەسەڵاتداران، چ یاسایی و چ نایاسایی، لەسەر شانی خەڵکی سادە و ئاساییە و باجەکەی هەژاربوونی زیاتری هاوڵاتیانە.
دەسەڵاتداران، بە پەرلەمانتارانیشەوە، بونەتە بارێکی زۆر قورسی ماددی و چینێکی مشەخۆر بەسەر داهاتی گشتیەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی چینێکی مشەخۆری دەسەڵاتداری ئەرستۆکرات کە هەر خودی پۆزیشنی ئەوان بەراورد بە خەڵکی سادە و ئاسایی کۆمەڵگا، بۆ خۆی مایەی بێڕێزی و سوکایەتیە بە هاوڵاتیان. تا دێت بۆشایی نێوان ئەو چینە و خەڵکیش فروانتر دەبێت. بۆیە ئەگەر هەڵوێستوەرگرتن و داکۆکیلێکردنێک لەلایەن منەوە یان هەرکەسێکیدی لە گۆڕێ بێت دەبێت دژایەتیکردنی ئەو چینە مشەخۆرە ئەرستۆکراتیە سیاسیە بێت ئەوەش بەوەی کە هەوڵبدرێت موچە و ئیمتیازاتە ماددیەکانیان لیبسەنرێتەوە یان کەمبکرێتەوە تا ئەو ڕاددەیەی بێنەوە هاوشان یان نزیک لە خەڵکی سادە و ئاسایی.
سێیەم/ واتا بە کورتی لە تێڕوانینی مندا هەر کەسێکی بە ئاگا و خاوەن هەستێکی قوڵ و ئینسانی دەبێت هەڵوێست وەربگرێت دژ بە موچەی زەبەلاح و ئیمتیازاتە ماددیەکانی دەسەڵاتداران “بە پەرلەمانتارانیشەوە” تا ئەوەی کە لێیان بسەنرێتەوە یان کەمبکرێتەوە و ئەمەش ببێتە هۆی کەمبوونەوە و بچوکبونەوەی گاپی “بۆشایی” نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای ئێمە.

تێبینی/ ئەم نوسینە زادەی پرسیاری دوو هاوڕێیە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە دوو شێوازی جیاواز لێیان کردم، سەبارەت بە هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاران، گوایا بۆ بێدەنگم لەو بارەیەوە و هیچ هەڵوێستێکم نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت