شێرزاد شێخانی: سیناریۆی كوردی بۆ فیلمی هیندی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیناریۆكانی هەمو فیلمە هیندیەكان لەراج كابورو شامی كابورەوە تا ئەمیتاو شارۆخان و سەلمان خان، یەك سیناریۆن، بەجیاوازی هەندێ گۆرانی و رەقس و سەماكانەوە، ئەگینا هەمو سیناریۆكان بریتین لە، دوو برای بچوك لەناو بازارەكانی شاردا لێك دائەبڕێن، یەكێكیان ئەبێتە زابتی پۆلیس، ئەویتریان ئەبێتە سەرۆك عەسابە. كاتێك لەكۆتایی فیلمەكەدا ئەكەونە شەڕی یەكتری و دەمانچە لەیەك رائەكێشن خاڵێك لەسەر قۆڵی یەكێكیان دەرئەكەوێ ئەزانن ئەمانە دو برای یەكترن، بەدەم گریانەوە باوەش ئەكەن بەیەكتراو بەگۆرانیەكی هاوبەش كۆتایی بەفیلمەكە دێنن. ئیدی وەكو پەكخستنی پەرلەمانەكەی خۆمان نە رۆڵی یاسا ئەمێنێ بۆ دەستگییركردنی سەرۆك عەسابەكە، نە میللەتیش دێنە دەنگ و بڵێن: ئەرێ كابرا خۆ یەكێك لەمانە سەرۆك عەسابە بو، چۆن بە نیشانەیەكی سەر قۆڵی براكەی لەسزای یاسا بەخشرا؟!. تەقریبەن زۆربەی سیناریۆی فیلمە هیندیەكان لەم بازنەیەدا ئەخولێنەوە.

 لەم ناوچەیەی ئێمەشدا بەتایبەتیش لەعیراق و بە كوردستانیشەوە لەم بابەتی سیناریۆیانە زۆرجار دووبارە ئەبنەوە، كۆمەڵێك ئەفسەری عەسكەری لەبەینی خۆیان رێئەكەون، كودەتایەك ئەكەن و، پەرلەمان داگییر ئەكەن و، بەیانی رەقەم (یەك) دەرئەكەن و دەست بەتەسفیەكردنی كاربەدەستانی پێش خۆیان ئەكەن و حوكمێكی دیكتاتۆریانە دائەمەزرێنن، چەند ساڵێك ئاوای ئەبەنەسەر، هەتا تاقمێكی تری سەربازی سەر هەڵئەداو ئەوانیش كودەتایەكیتر بەسەر حكومەتی پێش خۆیان ئەكەن و بەیانی ژمارە یەك دەرئەكەن و ئیدی سیناریۆكە دوبارە ئەبێتەوە. لەم نێوەندەدا ئەوەی تەسەور ناكرێ ئەوەیە (پەرلەمان كودەتا بكات بەسەر حكومەتەوە) ئەمەیان ئیبداعێكی تازەیە لەناو كۆمەڵگەی سیاسی كوردستاندا لەقەرنی بیستویەكدا سیناریۆی بۆ دارێژراوە؟!.

ئێستا سیناریۆیەكی تازە بەرێگاوەیە كە دوبارە بونەوەی سیناریۆكانی پیشتری عیراقە ئەویش، لەرۆژی 25 ئەیلولدا ریفراندۆم ئەكرێ، دواتر دەوڵەتێك دائەمەزرێ سیستەمی سەرۆكایەتی ئەبێ، جەنابی سەرۆك ناوی لێ ئەنرێ ( الرئیس القائد الضرورة)، یەكدو سروودی نیشتمانی وەكو ( سەرۆكمان زێرە) و ( هلا بالصقر الجبل) لەتەلەفزیۆنەكاندا پەخش ئەكرێن، لەجیاتی عەشیرەتی تكریتی، ئەمجارە عەشیرەتی بارزانی كۆنترۆڵی دەسەڵات ئەكەن .لەجیاتی حزبەكانی هاشم عەقراوی و مەلا ماتۆر، دو حزبی توركمانی و ئاشوری ئەچنە ناو جەبهەی وەتەنییەوە. لەجێی تەها محیەدین، جێگرێكی خەوت و دائەنرێ، مەجلیس وەتەنەیەكی گوێرایەڵی سەرۆك دروست ئەبێ. بەدوریشی نازانم (مەجلیس قیادەی سەورەش) دامەزرێنن؟!.

لەولاشەوە خەڵكی زۆنەكەیتر ئەكەونە جموجوڵی ناڕەزایی و مفاوەزات لەسەر لامەركەزی دەست پێئەكات و ناگەنە نەتیجە، شۆڕشی چەكداری دەست پێئەكات، مەفرەزە سەرەتاییەكان ئەچنە نزیك بەرزاییەكانی دێگەڵەو شۆرشی نوێی گەلەكەمان رائەگەیەنن و داوای خود موختاری ئەكەن. ئیدی تۆپو فرۆكەكانی دەوڵەتی كوردی بەچەكی كیمیاوی و بایولوجی بۆردومانی بازیان ئەكەن، شۆرش پەرە ئەسەنێ و شیعار لەلامەركەزی و خودموختاریەوە ئەگۆڕێ بۆ فیدراڵی، وەفدی مفاوەزی زۆنەكەی بندەست ئەچنە هەولێرو لەكۆشكی كۆماری سەری ڕەش مفاوەزات ئەكەن، بەڵام دیسان ناگەنە نەتیجە، ئیدی میللەتی زۆنەكەی تر داوای ریفراندۆم ئەكەن بۆ سەربەخۆیی و رۆژی 25 ئەیلولی ساڵی 2030 دەستنیشان ئەكەن بۆ ریفراندۆم و داوا ئەكەن ببنە دراوسێیەكی باش لەگەڵ رژێمی هەولێر بەڵام دەوڵەتی هەولێر رازی نابێ هەر چەندە خۆی لە 25ی ئەیلولی 2017دا هەمان ریفراندۆمی كردوە، لەگەڵ ئەوەشدا میللەتی زۆنەكەی تر سور ئەبن لەسەر ریفراندۆم و لەرۆژی 26 ئەیلولی 2030دا دەوڵەتی سەربەخۆی زۆنەكەیان رائەگەیەنن، ئاو بێنەو دەست بشۆ.

ئەم سیناریۆیە چەندی واقیعەو چەندی خەون و وەهمە ئەمێنێتەوە بۆ دوای ریفراندۆمەكەی ئێستا، بەڵام بیرتان نەچێ سیناریۆی فیلمە هیندیەكانیش ئەگەر چی لای ئێمە زۆر سەیرو مایەی سەرسورمانیش بێ، بەڵام لای كۆمەڵگەی هیندیەكاندا واقیعەو ئەوان بەراستی باوەڕیان بەوە هەیە كە دارا سینغ ئەتوانێ بە پەتێك لەسەر پشتی بارگینەكەیەوە فرۆكەیەكی بار هەڵگر رابگرێ! ژیانی كۆمەڵگەی ئێمەش ئەمڕۆ بووە بەفیلمی هیندی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت