کامیار سابیر: پارتییەکانی ناو گۆڕان!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی: گفتوگۆکەی عومەر عینایەتیمان لە خوارەوە داناوە.

فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلمانی ئەتککراوی کوردستانی ڕیفڕاندۆمەکەدا، لێڵکردنەوەیەکیان ( روونکردنەوە) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن عومەری عینایەت، رای تایبەتیی خۆیەتی و تەعبیر لە گۆڕان ناکات. ئێ باشە کابرا، لە هەموو کادیرەکانی پارتیی، لە هەموو کادیرەکانی یەکێتیی باشتر داکۆکیی لەم پرۆژە تاڵانیی و چەتەگەرییەی پارتیی و یەکێتیی دەکات، کەچیی ئەم پۆپۆلیزمەی ناو گۆڕان، جورئەت ناکات، گوێی ڕابکێشێت ( کە دەبووایە، دەری بکەن).
گۆڕان، پێی ناخۆشە پێی بگوترێ پارتیی لەناو گۆڕاندا هەیە! ڕاستییەکەی بۆچوونەکانی جەلال جەوهەر، شۆڕش حاجیی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و عەبدوڵای مەلا نوریی و… تاد، لەسەر دەوڵەتی کوردیی، لەسەر ڕیفراندۆم و گێچەڵکردنی طائیفیی و بلۆکبەندیی مەذهەبیی، ڕێک قسەی دڵی ئەم ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەرییەی پارتیی و یەکێتییە. پێموایە لەو بۆچوونەمدا هەڵەم نەکردووە و زۆر دووبارەم کردووەتەوە کە” زۆربەی نەژادپەرست، نەتەوەپەرست و ئیخوانییەکانی ناو گۆڕان، هێزی یەدەکی ناسیۆنالیزمی نەوتن و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ”، خزمەتی ئەجێنداکانی پارتیی دەکەن.
گۆڕان، دەبێ لەسەر مانیفێستێکی سیاسیی ڕۆشن، مۆبەڵایز بە فیکری سیاسیی ڕۆشن، خۆی ساغ بکاتەوە. ئەگەر خەڵک گرفتی ناسیۆنالیزم و کوردایەتیی هەبێت، ئەوە باشترین و رەسەنتریین حیزبی کوردایەتیی ( پارتیی و یەکێتیین) و پێویست ناکات، گۆڕان ئەم عەرەبانەیە ڕابکێشێت. ئەگەریش خەڵک دەنگ بۆ فشقیاتی دەوڵەتی ڕەیعیی و ئەم چەتەگەرییەی نەوت بدەن، ئەوە زۆر بێعەقڵییە بە دەستی سێ و چوار لە ڕێگەی پارتییەکانی ناو گۆڕانەوە، دەنگ بدەن.
باشترە بە دەستی یەک و بە مەرجەعی ئەصیڵی کوردایەتیی( پارتیی ) و پاشكۆکانی ( یەکێتیی)، دەنگ بدەن و ئەم زەحمەتە سیاسییە لە کۆڵ گۆڕان بکەنەوە.
لە هەمووی وێرانەتر، ئەم قەومچەویی و ئیخوانییانەی ناو گۆڕان، وەکو مەعریفەی سیاسیی، چەند بەتاڵ و چەند حەتاڵن؟ ئاخۆ فاشیزم هەر ئەوە نییە بە لێوتەوە دیار بێت، کاتێ من ئەم هەموو گەندەڵیی و دزییە، ئەم هەموو نادادیی و تاڵانییە، ئەم هەموو تێرۆر و سەرکوتکارییەی دەسەڵاتە کوردییەکە نەبینم و بچم گێچەڵ بە حکومەتی فاشیلی عێراق، یان بە سوننە و شیعەی بکەم، ئەوە من هەڵگری ڤایرۆسی فاشیزمی کوردییم و چاوم لە ئاست هەموو فاشیزمەکانی ئەم کوردایەتییە نوقاندووە و دەچم، باسی فاشیزمی ئەم و ئەو دەکەم. ئەم عیانەیەتەی گۆڕانیش، رێک ئەمە دەکات. بەڕاستیی شەرمە بۆ گۆڕان، ئەمانە قبوڵ دەکات. ناشکرێ هەر ڕەخنە لە فیکر و ئایدیۆلۆژیای سیاسیی ئەم حیزب و ئەو حیزب بگریت، دەبێ کاراکتەرە سیاسییەکانیشیان بەر شەلاقی ڕەخنە بدرێن و ئێسک و پروسکی ئەم قەومچەوییەتەیان، تێکبشکێنرێت.
ئەم برادەرە لەو نەتەوەییانەیە کە دەیەوێ پەرلمان کارا بکرێتەوە و بە ئیعازی پارتیی بچێتە شوێنەکەی یوسف محەمەد، چونکە گڵۆپی سەوزی پارتیی و یەکێتیی بۆ هەڵکراوە و یەکێکە لە”ئەکبەر وەطەنچییەکان”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت