کاوسێن بابەکر: سیستانیش گوتاری باوی شیعەکانی تێنەپەڕاند!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەند پەرلەمان و هێندێک لە سەرکردە کوردەکان بەهەڵەداوان بەیاننامەکەی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێڕاقیان بەدڵخۆشیەوە قبوڵ کرد! بەڵام لەڕاستیدا جگە لە خاڵێک کەوەک بەزەیی باسی مافی کوردان دەکات، کە پێشێل نەکرێت و مەرجیشی دانەناوە بۆ گفتوگۆ! باقی خاڵەکان ڕەنگدانەوەی هەمان بڕیارەکەی عەبادیە کە ئەوەش تێڕوانینی شەیعەی عێڕاقە بەرانبەر بەکورد، کەدژایەتی ڕیفڕاندۆم و مەسەلەی جیابوونەوەو سەربەخۆیی کوردستانە! زۆر بەڕاشکاوی داوا لە کورد دەکات بگەڕێنەوە بۆ دەستور، ئەو دەستورەی 55 مادەیان کە پەیوەندیان بەکوردەوە هەیە پێشێل کردووەو ئەو مەرجەعە باسیان ناکات!بەهیچ شێوەیەکیش قبوڵی جیابوونەوە ناکات! ئەی پەرلەمانی کوردستان چۆن پێشوازی لە گوتارێک دەکات کە تەنانەت ڕێگە بەکورد نادات گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند بکات لەسەر ئەنجامەکانی ڕیفڕاندۆم؟ تاقە جیاوازی ئەوەیە داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕیفڕاندۆمی نەکردووە! کە مەرجی عەبادیە بۆ گفتوگۆ، پەرلەمانی عەرەب لەبەغدا چۆن بەڕاشکاوی دەستور و یاسایان پشتگوێ خست بۆ دژایەتی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان،13خاڵی هەڕەشە ئامێزیان دەرکرد و سیستانیش نەک ڕەخنەی لێنەگرت بەو بەیاننامەیە پشتگیری حکومەت و پەرلەمانی کرد، پەرلەمانی کوردستان نەک ڕەخنەی لێنەگرت، لەدانیشتنی ئیمڕۆ 30-09-2017 دا قبوڵی کرد و بە ئەرێنی لێکدایەوە؟
لەقسەکانی سەرۆکی حکومەت و لەهەموو ئەو هەڵوێستانەدا، بەداخەوە تاقە شتێک کە دەخوێندرێتەوە لاوازی ئیرادەو تاڕادەیەک ترسان و پەشیمانییە! لەکاتێکدا گەل بەئیرادەی پۆڵایینەوە سندوقەکانی پڕکرد لە بەڵێ، بەخۆشحاڵیەوە کاتی نوسینی ئەم بابەتە گوێم لەبایاننامەی نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێم بوو کە سورە لەسەر ڕیفڕاندۆم و ئەنجامەکانی.
پێموایە پێشاندانی هەرلاوازیەک و پاشەکشەیەک کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پشتیوانی ناوخۆو دەرەکی و ئەوەش خەونەکانمان دوور دەخاتەوە و هەموو ئەو قوربانیانەش بەفیڕۆدەڕۆن کە لەو پێناوەدا بەخشیومانن، دوژمنانیش هەر ئەوە دەکەن کەکردوویانە، ڕەنگە زەمەن بەسەدان ساڵی تریش دەرفەتێکی تری ئاوا نەڕەخسێنێتەوە، تەنها سووربوون و یەکڕیزیمان گرەنتی سەرکەوتنمانە، نەک شتێکیتر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت