لاوک کونجرینی: سەربەخۆیی بەبێ ئازادی و دیموکراسیەت بۆچییە؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وا بوین بە دەوڵەت، بەڵام چی دەگۆڕێت لە دەمووچاوەکانی دەسەڵات، چی دەگۆڕێت لە سیستەم، چی دەگۆڕێت لە گوزەرانی خەڵكی، لە ئابووری، لە بێکاریی، لە نەبوونی موچە و… هتد.

ئەریتریا بووە وڵات، بەڵام بەمێژووی شەڕو ماڵوێرانی بۆ سەربەخۆیی لەچنگی وڵاتی ئەسیوپیا، هێندەی ئەمڕۆ، ئەم گەلە نەیانناڵاندووە بەدەست زووڵم و زۆریی و نەبوونی و هەژاری و دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەوە.

لەدوای سەربەخۆییەوە، نیوەی ئەم گەلە ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا بوون، یان دەربەدەری وڵاتانی ئەفریکا و ئاسیان و، بێ هیوا بۆگەڕانەوە ملی ژیانێکی ئاوارەیی دەگرنە بەرو ، بەردەوامن.

ئەریتریا لە ساڵی 1993 وە سەربەخۆیی ڕاگەیناندووەو، لەو ساتەوە [ئەسیاس ئافورقی] دیکتاتۆر حوکمی ئەم وڵاتەی لە ڕێی ئاگرو ئاسنەوە بەدەستەوەیە، لەکاتێکدا دروشمی شۆڕش و خەباتیان بۆ سەربەخۆیی ، دیموکراسی مافی مرۆڤ بوو. بەڵام لەدوای سەربەخۆییەوە، ئەوەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ هەیە، نییانە.

ئەریترییەکان ئەو وڵاتەی، کە بەخوێن و ئارەق دایان مەزراند، بە جێیان هێشت. کەچی بەرزانی لە ئێستادا ئامادە نییە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ بکات لەسەر هەمواری سەرۆکایەتی هەرێم و، دەرگای پەڕلەمان لەسەر خواستی دیکتاتۆریانەی ئەو، ناخرێتە سەرپشت.  دەبێت داهاتوو بەرزانی و وەک [ئەسیاس ئافورقی] سەرۆکی ئەریتری بێت و، خەڵکی ئەم هەرێمەی ئێمەش وەک گەلی ئەریتری، مێژووەیەکی تر لە کۆچ و سەرگەرندانی تۆمار بکەن.

ئیتر سەربەخۆیی، بەبێ ئازادی و دیموکراسی مان بۆچییە؟.