دکتۆر کەمال میراودەلی: گەر گۆڕان ئەم مارەبەجاشییە قبوڵ بکات لەت و پەت دەبێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی گۆرانی دروستکردوە، ئەوەیە کە جیای کردۆتەوە، کردوویەتیە هیوای نەوەکان بۆ دەوڵەتی دامودەزگاکان، دەستووری دیمۆکراتی، حوکمی یاسا، دادپەوەریی کۆمەڵایەتیی، کۆتایی دەسەڵاتی ناشەرعیی خیانەتاوی بنەماڵەیی و… هتد. هەر ئەمەشە هۆی مانەوە و بەهێزبوونی و بوونی بە هێزی خاوەن پاشەرۆژ.
بۆیە گۆڕان پێویستە ئەم مارەبەجاشە قبوڵ نەکات، کە کلکەکانی بنەماڵە لە ناو یەکێتی دەیانەوێت بەسەریدا بسەپێنن و بۆ ناو زەلکاوەکانی خۆیانی ڕابکیشن.
مارەبەجاش دیاردەیەکی بە ناو شەرعی ئیسلامییە، کە عەقڵی بیدائی بیابانی ئیسلامی عەرەبیی دەرەدەبڕێت.
ئاوا کار دەکات:
پیاوێک ژنەکەی سێ-بە-سێ، فەوری و ئیسلامییانە بێ هەق و رڕای ژنەکە، تەڵاق دەدات. دوای ماوەیەکی کەم یان زۆر، لە بەر هەوەس، یان هەر هۆیەک بێت، پەشیمان دەبێتەوەو دەیەوێت ژنەکەی بگەڕێتەوە بۆی.
بەپێێ ئەم شەرعە وەحشییانە، ناتوانێ ئەمە بکات تا ژنەکە شوونەکاتەوە بە پیاوێکی تر ئەویش تەڵاقی بدات، ئەوسا میردەکەی پێشووی دەتوانێ مارەی بکاتەوە. بۆ ئەمەش حیلەیەکی شەرعی دروستکراوە. پیاوێکی گەنجی زەلامی تینووی سێکس دەدۆزنەوە، ژنەی بۆ یەک شەو لێ مارە دەکەن کە دەبێ وەک ژنی خۆی لەگەلی بخەوێت و سێکسی لەگەڵ بکات. ئەوسا تەلاقی بداو مێردە کۆنەکەشی مارەی دەکاتەوە.
ئەو دەورەی یەکێتیی بەرامبەر گۆران دەیبینێت کت و مت مارەبەجاشە.
بارزانی بە ناڕەوا، بە شەقی سێ بە سێ، سەرچاوەی ڕەوایی و مەرجەعی شەرعییەتی وڵات و میللەتی تەلاق دا.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەتک کردو پەرلەمانی پەکخست و حوکمی تاکڕەوی بنەماڵەیی چەسپاند و لەو ماوەدا خۆی و برازاکەی بە ئارەزووی خۆیان بۆ ئامانجی گوماناویی لە ئەنقەرە تەڕاتیێنیان دەکرد و پرۆژەی ڕیفراندۆمی بارزانی بەشێکە لەو پرۆسە کەڵەگایی و ناشەرعییە، کە ئێستا دەیەوێت بۆ مانگێک بە هۆی دەوری مارەبەجاشی یەکێتییەوە سەدی سەد بۆ مەرامی خۆی و شەرعییەت دان بە تەڵاقەکەی، بووکی پەرلەمان [کارا] بکاتەوە.
تکا لە خوشکان و برایانی گۆڕان. پیرو لاو، کۆنەخەباتگێڕ وتازە شۆڕشگێڕ دەکەم، ئەم زیواجە شەرمەزاراییە قبوڵ نەکەن. مەسەلە پرینسیپە:
پرینسیی شەرعییەت، نوینەرایەتی دیمۆکراتی خەلک لە لایەن پەرلەمانەوە، حوکمی یاسا، قبوڵنەکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی نوقمبوو لە خیانەت و تاوان و کارەساتدا.
گۆڕان بریتییە لە ‘ئەمن جیاوازم’، لە جیاوازیبوونی، تایبەتبوونی، بەئەخلاقبوونی و خۆبەندیی بە دەستوور و سەروەریی پەرلەمان و شەرعییەتی ئەو بڕیارانەی نوێنەرانی خەڵک لە پەرلەمان بە ناوی خەڵکەوە دەدرێن.
بۆچی بارزانی و کلکەکانی ئامادە نەبن تەنیا یەک مانگ و نیو رێفراندۆم [ لە پێناوی یەکوتاریی کوردو هاتنەناوەوەی گۆڕان و کۆمەڵیشداو رێزگرتنی رای ئەمریکاو ئەوروپاو زۆر وڵاتی تر و تەواوکردنی تێکشکاندنی داعش و هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ کە بە شەرعیی بڕیار بدات]، دوا بخەن؟ بەڵام بە پەلە پەل بیانەوێ بووکێکی دوو ساڵەی ىێ تاوان کە دوو ساڵە بە ناهەق تەڵاقیان داوە، مارە بکەنەوە؟ با جاشایەتیی و مارەبەجاشیی هەر پیرۆزیی سەرانی گەندەڵی یەکێتی بێت.
تکا لە گەنجانی یەکێتیی و بە تایبەتی براو خوشکانی ئەندامی پەرلەمانیش دەکەم کە ئەوانیش ئەو سووکایەتییە و ئەو مارە بەجاشییە قبوڵ نەکەن.
یەکێتی دەبوو دەوریکی تەواو پێچەوانە ببینێت.
دەبوو لەبەرەی شەرعییەت و دەستوورو سەروەریی پەرلەمان و حوکمی یاساو موئەسسەسات، بووایە.
دەبوو لە 31ی ئابدا نەچووبایە بۆ پیرۆزکردنی شەرمەزارکردنی خۆی و پەرلەمانی ئەوسا.
دەبوو هەوڵدا ئەو بەرە فروانە بۆ گوشار لە سەر بنەماڵە پێکبێنێ تا قبوڵی بریارەکانی پەرلەمان و حوکمی یاسا بکەن و داوا لە بارزانی و برازاکەی بکەن وەک مەرجێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ئیستیقالە بکەن.
ڕۆژان رۆژی لە دوایە. ئەم دەهۆڵەی ڕیفراندۆم دوای دوو حەفتەی تر کپ دەبێت و ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن.
پێویستە گۆران بە دەهۆڵی دەوڵەت و سەربەخۆیی و ریفراندۆم تەوازونی تێکنەچێت و لە پرینسیپە بنیاتنەرەکانی لا نەدات و زیاتر خۆی بە پەرلەمان و شەرعییەتی دیمۆکراتیی و حوکمی یاساوە ببەستێتەوە.
با وەک وەک سەرانی گەندەڵی یەکیتی پشت لە جەماوەرەکەی نەکات.
با وەک یەکگرتوو، نەکەونە تەڵەی نیفاقەوەو نەبن بە پاشکۆی بنەماڵەی شەرعییەتکوژو، شەرعییەتی دیمۆکراتی و ئەخلاقی خۆشیان لە دەست نەدەن. قبوڵکردنی مارە بەجاشیی کۆتایی بە گۆڕان وەک گۆڕان دێنێ و لەتوپەتی دەکات.
دڵنیام گۆڕانی پیر و گەنج ئەم شەرمەزارییە قبوڵ ناکات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت