نەبەز گۆران: هاژەهاژی شاشەكان، ڕاستییەكانی ونكردوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەهەموو لایەكەوە هەرەشمان لێدەكرێت، هێشتا هەڕەشەكان نەچوونەتە دۆخی كردەییەوە و هەر لە وتاردا دەردەكەون. نازانین سەركردایەتی سیاسیی حیزبەكان چۆن خۆیان ئامادەكردوە بۆ ئەو ساتەی هەرەشەكان دەچنە بابی كردەییەوە. (رەنگە خراپ نەبێت لە ئێستادا بیرلەوە بكرێتەوە رێكبكەویت لەگەڵ دوژمنی دوژمنەكەت، بۆ ئەوەی دوژمنەكەت جوڵا، دوژمنی دوژمنەكەت دژی بجوڵێت.)
ئەو جوڵە رەگەزپەرستانەیەی لە عێراق و پەرلەمانەكەیدا دەكرێت، لە هەرێم پەرچەكردار بەشوێن خۆیدا دەهێنێت. راستییەكەی پێویستە مرۆڤی كورد هەمیشە چاوەڕێی ئەو جوڵە رەگەزپەرستانەیە بكات، چونكە ئەو سیستەمەی لە عێراقدا هەیە، سیستەمێكە لەو تایپەی مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت. (سیستەمەكەی خۆشمان ئەم تایپەی بەرهەم هێناوە، كە زیاتر لە بیست ساڵە كۆمەڵگەیەك ئازار دەدەن.)
دەبینین لە ئێستادا شەڕێكی سایكۆلۆژی توند لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردی دەكرێت و، ئەم شەڕە سایكۆلۆژییە لەناو بەشێك لە تاكەكاندا ترسێكی دروستكردوە، وەك (مجەمەد ماغوت) دەڵێت:” ترس رۆحی سمیون” ئەم ترسە پەیوەندی بە مێژووەوە هەیە، مێژووی ئەم كۆمەڵگەیە لەگەڵ رەگەزپەرستی تورك و فارس و عەرەب، مێژووێكی خوێناوی بووە، چاوەرێشدەكرێت جارێكی تر ئەو مێژووە خوێنی تێبكەوێتەوە، چونكە ئەویتری رەگەز پەرست نایەوێت تۆ وەك خۆت قبوڵبكات. لەهەموو حاڵەتێكدا ناكرێت چاوەڕێ لە رەگەزپەرستی تورك و فارس و عەرەب بكەیت كوردبوون وەك خۆی قبوڵ بكەن، ئەوان كورد لە چوارچێوەی نەخشەكەی خۆیان قبوڵدەكەن.
ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێم و لەناوچەكە هەیە، شاشەكان بەرێوەی دەبن، نەك ئەو لۆژیكەی كە پێویستە هەبێت و دەوری خۆی بگێرێت، لەبری ئەوەی لۆژیك دەورببینێت پەراوێزخراوە و شاشەكان كاڵیانكردوەتەوەو هاژەهاژەكان شوێنیانگرتوەتەوە. لە فەزای ئاوادا هەندێكجار تاكەكانی ناوكۆمەڵگە دەگەنە دۆخێك ناتوانن تەنانەت بیریش بكەنەوە، چونكە رووداوەكان هێندە بەخێرایی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت و شاشەكان بەجۆرێك باڵادەستیان دروستكردوە بیركردنەوە بوەتە ئەركێكی قورس.
تائێرە چاوەڕوان ناكرێت (بارزانی) و لایەنە سیاسییەكانی ناو بەڕێوەبردنی ریفراندۆم پاشگەز ببنەوە. كە دیمەنی شاشەكانیش دەبینرێت، بیرم دەچێت بۆ نوكتەیەكی ناو كتێبەكەی (مام جەلال) نوكتەكە دەڵێت: جارێكیان مام جەلال بۆ دانوستان دەچێتە بەغداد، كە لەوسەرەوە دەگەڕێتەوە، كاك كۆسرەت بەخۆی و هێزێكی گەورەوە لەوێ‌ دەبن، كاتێك دەڵێن مام جەلال نزیكبوویەوە، كاك كۆسرەت دەڵێت: ئەو هێزە بشارنەوە مام جەلال بیبینێت رێككەوتنەكە لەگەڵ بەغداد هەڵدەوەشێنێتەوە و دەڵێت با هێرش بكەینە سەر كەركوك.
كاتێك لە یاریگاكانی (دهۆك و زاخۆ) (بارزانی) ئەو هەموو خەڵكە دەبینێت، هەرباشە ناڵێت: با هێرش بكەینە سەر بەغداد.
ئالێرەدا ئەو هاژە هاژەی شاشەكان دروستیدەكەن، راستییەكان وندەكات. پێویستە سەركردایەتی حیزبەكانی كوردستان نەخشەیان هەبێت و كەمێك لەو شەپۆلە بێنە دەرەوە. چونكە ئەو هەرەشانەی لە ئێمە دەكرێت تەنها هەرەشە نین بۆ سەر گوتارێك، هەرەشەن بۆ سەر یەك بەیەكی ئەم كۆمەڵگەیە. ئێمە ناڵێین بترسن، بەڵام دەڵێین پێویستی بەخۆ ئامادەكردنە. لەبری ئەوەی خۆمانبدەینە دەست هاژەهاژی شاشەكان، باشترە بیرێك لە نەخشەكان و لەو هەرەشانە بكەینەوە كە چاوەرواندەكرێت ببنە كردە.
بیركردنەوەش تەنها بۆ خۆپتەوكردن و پاراستنی ئەم كۆمەڵگەیە. گوتارەكان و ململانێكان لە هەر ئاستێكدابن گرنگ نین، گرنگ پاراستنی مرۆڤی ئەم هەرێمەیە لەو هەرەشانە. بۆ ئەوەی نەكەوینە ناو دۆخێكی نالۆژیكییەوە پێویستمان بەوەیە دور لە هاژە هاژی شاشەكان، بەشوێن نەخشەیەكدا بگەڕێین لە هەر رووداوێكی نەخوازراو كە روودەدات، كەمترین زیان بەر مرۆڤی كورد بكەوێت. ئەمەش مانای ترس نییە، مانای خۆ ئامادەكردنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت