کارۆخ فەهمی: پێش دەوڵەت. بەشی دووەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پەرلەمان وەک شادەماری دەوڵەت.
هەندێک ڕووداو هەن زۆرگەورن کەچی شۆک درووست ناکەن. هەندێک ڕووداو هەن کە پێویستە ببێتە جێگەی پرسیارو تێڕامان و جۆرێکیتری رووانین، کەچی وەک حاڵەتێکی ئاسایی مامەڵەی دەکەین. ئەو ڕووداوە یەک لەدوا یەکانەی لەم دە ساڵەی دواییدا لە کوردستان ڕوویانداوە، وەک بارەگا سووتاندن، حەڤدەی شوبات، داخستن و سووتاندنی کەناڵی تەلەفزیۆنی، کوژرانی مێردمنداڵان لە خۆپیشادانەکان، کوشتنی چەندین پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە بەهۆی کەمتەرخەمی فەرماندەکانیان، برسیکردنی بە بەرنامەی خەڵک لەلایەن ئەم نیوەحکومەتەوە، دۆڕاندنی چەندین میلیار دۆلار بە کۆمپانیا زەبەلاحەکان. هەموو ئەمانە ڕووداوی گەورەن کە لەم دە ساڵەی رابردوودا روویانداوە و شۆکێکی گەورە، پرسیاری جددی، لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی بۆ نەکراوە، بەڵام لە هەموو ئەمانە سەرنجڕاکێشتر داخستنی پەرلەمانە لەلایەن هێزێکی سیاسی دیاریکراوەوە، کە زۆرترین جەدەلی لەبارەوە کراوە بەبێ ئەوەی وەک شۆکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پرسیاری لەبارەوە بکرێ. کە دەڵێم شۆک مەبەستمە بڵێم پێش داخستن و دوای داخستنی پەرلەمان کۆمەڵگای ئێمە گۆڕانکاری گەورەی تێدا ڕووینەداوە کە پەیوەست بێ پێیەوە. داخستنی پەرلەمان نەبوو بە پرسیار، نەبووەتە جێگەی ڕامان لە دەسەڵاتی سیاسی لەم هەرێمەدا.
میللەتێک شەڕی ناوخۆ و مێژوویەکی ناشیرینی لە دیل کوشتن و تاڵان و ماڵسووتاندن هەبێ، ناتوانێ کەرامەتی پەرلەمانەکەی بپارێزێ. میللەتێک لەژێردەستی دەستەیەک فەرهوودچیدا ژیان بگوزەرێنێ، پەرلەمان بۆ ئەو لە باڵەخانەیەک زیاتر مانایەکیتری نیە. ئەم هێزانە هەرکاتێک بیانەوێ وا لە حەشیمەت دەگەیەنن کە ئەم دامەزراوەیە بۆ ئێستا دەستنادات و ئەوەیتر لەئێستادا گرینگتره. کەی بیانەوێ دەتوانن زۆرێک وا تێبگەیەنن کە لە حاڵەتی شەڕدا یاسا مانایەکی نامێنێ. چۆن دەکرێ باسی پرسێکی حەساسی وەک سەرۆکایەتی و داهاتی نەوت بکرێ لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی دونیا لەشەڕداین. واتا هەمیشە بیانوویەک هەیە بۆئەوەی یاسا بێنرخ بکرێ. جوڵاندی هەست و سۆزی خەڵک ناشیرینترین یاریەکە کە ئەم هێزە سیاسیانە بەکاریدەهێنن بۆ بەررژەوەندی حزبی نەک پاڵپشتی نەتەوەیی.
راستە کورد میللەتێکی شەڕکەرو ئازایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا میللەتێکە ئێجگار بەسۆز و ساویلەکەیە، لە سینگی جەلادەکانیشیا دڵی منداڵێکی بچکۆلانە لێدەدا کە فریودانی زۆر ئاسانە. میلڵەتێک کە لەگەڵ فیلمی بۆڵیودد و دانانی ئاڵای کوردستان لەسەر باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک، قورگی پڕدەبێ لە گریان، فریودانی زۆر ئاسانە. هێندە بەسە هەموو رۆژێک لە شاشەکانەوە دیمەنی سەربڕینی پێشمەرگەیەک یان کیمابارانی هەڵەبجەی نیشانبدەی، ئیدی داخستنی پەرلەمان لای دەبێت بە شتێکی بێ بەها. ناسیۆنالیزم شتەکان بەرەو سەتحیەت دەبات و مەنتیق وەلا دەنێ: من بەس جیاببمەوە لە عێڕاقی عەلی و عومەر، خوایدەکرد بینای پەرلەمان دەبوو بە دەواجن.
داخستنی ئەم دووساڵەی پەرلەمان هیچی وای لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە نەگۆڕیوە. دەنا دەبوو ئێمە وەک میللەتێکی شارستانی بەبێ ئەو هەموو یاسا ژیارییانە نەژین کە پێویستە لە پەرلەمانەوە دەربچن. ئەم داخستنە دەریخست کە ئێمە میللەتێکین پێویستیمان بە یاسا نیە. بەبێ پەرلەمانیش دەتوانین وەک خێڵێکی بەربەری، قەبیلەیەکی تازە دۆزراوەی ناو جەنگەڵەکان بژین. داخستنی پەرلەمان نەک هەر نەبووە بە پرسیار، بەڵکو لایەنێک وەک دەستکەوتێکی مێژوویی سەیریدەکات. وەک چۆن پێشترو لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا هەمان بینای لە دەستی دەرەکی پاراستبوو. کەواتا سووک و سادە پەرلەمان گرینگە، بەڵام هەرکاتێک هێزی سەردەست بەدڵی نەبوو ئیتر هیچ بایەخی نیەو دەبێ دابخرێ. کەیش کاریان پێبوو ئەوا پێویستە کراوەبێ، وەک ئەوە ئێستا دەیبینن هەوڵ بۆ کردنەوەی دەرگاکەی دەدرێ. لەدوای ڕاپەڕینەوە پێموانیە هیچ دامەزراوەیەکیتر جگە لە دادگاو یاسا، بەقەد پەرلەمان سوکایەتی پێکرابێت.
ئێستا کاتی ئەوە ئێمە پرسیار لە داخستنی پەرلەمان بکەین نەک کردنەوەی. بەرلەوەی دانیشتنەکان دەستپێبکەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەوڕۆژەی دێگەڵە ڕۆڵی چەتە و ڕێگری بینی. بۆچی ئەوکات پێویست بوو دابخرێ و ئێستا بۆچی پێویستە بکرێتەوە؟ پەرلەمان دووکان و دەرگەی ماڵەکەتان نیە هەرکات حەزت لێبوو دایخەیت و بیکەیتەوە. لەبەر ئەوەی ئەوکات دەیویست کودەتا بکات بۆیە دامانخست، ئێستا پرسێکی گرینگی وەک دەوڵەت دەخوازێ کراوەبێ، ئەوکات عەرشی سەرۆکایەتی لەقکرد، بۆیە دەبوو دابخرێ، ئێستا بۆ درێژەدان بە هەمان کورسی پێویستە کراوەبێ. واتا ئەو سووکایەتیەی لایەنەکان بە پەرلەمانیان کردووە، سەد ساڵ لە حوکمڕانی دیموکراسییانە، سەدەیەک لە دەوڵەتی یاساو ئازادیی ڕەها، ئەو مێژووە ناشیرینە پاک ناکاتەوە.
لە سەر هەر بستە خاکێکی سەر ئەم زەمینە کە تازە شارستانیەتی گەیشووەتێ، پەرلەمان و ئەو دامەزراوانەی ڕۆڵی پەرلەمان دەبینن، کەس بە موڵکی خۆی و حیزبەکەی نازانێ. پەرلەمان بووکەڵەیەک نیەو کەی ئێمە ویستمان ئەوکات مناڵەکەمان دەتوانێ یاری لەگەڵ بکات. ئەو ڕووداوە دەریدەخا کە ئێمە ئەوەندەی لە میرنشین و سیستمی پاشایەتییەوە نزیکین، نیوئەوەندە لە هەرێمێکی دیموکراسی و یاسایی نزیک نین. کە دەڵێم داخستنی پەرلەمان پرسیاری درووستنەکردووە، مەبەست لێی پرسیارە لە بوونیادی سیاسیی لەم هەرێمە. تێگەیشتن و پرسیارە لەو داینەمۆ ترسناکەی حزبی سیاسی دەجوڵێنێ. سیستمێک کە ئیشی سەرەکی کوشتنی پرسیارە لەلای رەعیەت. دەسەڵاتێک کە ئیدی کار لەسەر بیرنەکردنەوەو پرسیارنەکردن دەکات. لەم نێوانەدا ئەوەندە خەرقی یاسا دەکرێ، ئەوەندە سووکایەتی بەبەها پیرۆزەکان دەکرێ و لەبەرانبەریدا بەهای موزەیف باڵا دەکرێ، ئەوەندە دونیایەکی تاریکی ترسناک درووستدەکرێ، کە پرسیار لە داخستنی دامەزراوەیەکی شەرعیی باڵا هیچ گرینگییەکی ئەوتۆی نامێنێ.
داخستنی پەرلەمان نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو دەوڵەتە دادەنێ کە لە ئایندەدا درووست دەبێ. ئەم ڕووداوە رێگا خۆشکەرە بۆ هەر هێزێکی دی لە دەوڵەتی ئایندەدا کە سڵ لەوە نەکاتەوە هەمان کردە دووبارە بکاتەوە. ئێمە وەک کۆمەڵێک هێزی ناڕێکی نایاسایی کەڵەگایی دەچینە ناو دەوڵەتەوە. کۆمەڵێک هێزی پەرتەوازەی داغانبوو لەناوەوە دەوڵەتی ئایندە درووستدەکەن. لە دە ساڵی رابردوودا هەرگیز کورد وەک ئێستا پڕ کینە نەبوون بەرانبەر یەکتری. کۆمەڵێک هێز نیازی درووستکردنی دەوڵەتێکیان هەیە کە ئامادەنین وەک هێزی مەدەنی دابنیشن و گفتوگۆ بکەن. ئێمە لەکاتێکدا خەریکین دەوڵەت درووست دەکەین کە حکومەت نیوەی وەزیرەکانی لەماڵەوەن و مووچەی خەڵکی بۆ نادرێ، سەرۆکایەتی هەرێمەکە دوونیایەک ئاڵۆزی درووستکردووە و چەندین ساڵە ئێکسپایەر بووە، پەرلەمان ئەوە حاڵیەتی کە دەیبینن، لە دۆخێکی لەم شێوەیەوەدا دەوڵەتی تازە ئەو بەهەشتە ئارامە نابێ کە بانگەشەی بۆ دەکەن.
ئێمە بەر لە درووستکردنی دەوڵەت، دەبوو ئەو درزە گەورانە نەیەڵین کە لە هەناوی ئەم کۆمەڵگایە درووستبووە. بەرلەوەی خوێنی شەهیدانمان پیشاندەن دەبوو ئاشتەواییان نیشانداباین. بەر لەوەی هەڵەبجەو کیمیاباران و ئەنفالمان بیربخەنەوە، دەبوو زەمینەیەکی شیاویان بۆ دەوڵەت رەخساندبا، لەبری نیشاندانی قارەمانیەتی پێشمەرگە، دەبوو بماندیبا کە پێشمەرگە یەک هێزەو هێزی دەوڵەتە نەک حزب و بنەماڵە.
بێتامترین و بێماناترین قسەیەک لەم ماوەیه گوێمان لێدەبێ، ئەوەیه کە دەڵێ ئێستا کێشەکان وەلانێن و هەڵیگرن بۆ دوای سەربەخۆیی.