گۆران دوکانی: بارزانی ئامانجەکەی پێکــا!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەدرێژای ئەو سیناریۆو ژاوەژاوەی بارزانی بەناوی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆوە دروستی کردوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کێشەو ئاڵۆزیەکانی هەرێم زیاتردەبن، گرژیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان ترسناکتردەبن، بارزانی ئێستا لەبەردەم دوو ڕێگادایە، هەرکامێکیان هەڵبژێرێت بەزیانی سیاسی خۆی دەشکێتەوە:
ڕێگای یەکەم: نەتەوە یەکگرتوەکان بڕوایان بەڕیفراندۆمی هەرێم نیە هەربۆیەش لەڕۆژی ڕیفراندۆمدا نوێنەریان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان نابێت، وەبەئاشکراش پێیان گوتون ئیش بەئەنجامی ڕیفراندۆمەکەتان ناکەین، ئەمریکاو ڕووسیاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاش بەهەمان شێوە لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نین، هەربۆیە ئەوانیش ئەنجامەکەیان بەلاوە گرنگ نیەو کاریشی پێ ناکەن، واتە ئەنجامی ڕیفراندۆم ئەگەر لە %100 دەنگی “بەڵێ” بێت هێشتا هیچ گرنگیەکی نیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بارزانی ناتوانیت بەو ئەنجامەی ڕیفراندۆم دەوڵەتی سەربەخۆ ڕاگەیەنێت.
ڕێگای دووەم: ئەگەر بارزانی لەدواساتەکاندا پەشیمان بێتەوە لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم (جا بەهەر بیانویەک، یان هەرسیناریۆیەک)بێت، ئەوە گەمەکە ترسناکتردەبێت بۆ ژیانی سیاسی خۆی، چونکە بارزانی عەیامێکە خەڵکی هەرێمی بەم پرسەوە مەشغوڵ کردوە، بۆیە ئەم بژاردەیەی دووەم زیاتر متمانەی بارزانی لای خەڵک و تەنانەت ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسیانەش کەم دەکاتەوە کە لەسەرەتای هەرای ئەم ڕیفراندۆمەوە هاوڕاو هاو ئاوازبوون لەگەڵ بارزانیدا.
تاکە شتێک کەبارزانی تێیدا سەرکەوتوبوو بەتەواوی ئامانجەکەی پێکا، لەبیربردنەوەی برسێتی خەڵک و ئەو هەموو نەهامەتی و قەیرانە سیاسی و ئابوریانەی هەرێم و هەروەها چاوبەستەکی لەتاڵانکردنی داهاتی نەوت لەژێر ناوی ڕیفراندۆمدا، فیعلەن بارزانی لەم کارەدا زۆر سەرکەوتووبو، ئێوە بڕوانن پێش ئەم هاشوهوشەی ڕیفراندۆم هەرچی پاڕلەمانتارو چاودێری سیاسی و چالاکی مەدەنی و نوسەرو ڕۆشنبیربوو، لەڕاگەیاندنەکان و سۆشیال میدیاوە باسی کێشە ڕاستەقینەکانی هەرێمیان دەکرد، بەڵام ڕیفراندۆم و دەنگی “بەڵێ” و “نەخێر”، ئەنجامدانی یان ئەنجام نەدانی لەوادەی خۆیدا هەموو کێشە ڕاستەقینەکانی هەرێمی لەبیری خەڵک بردەوە.
لەکۆتایدا ئەوەی لەهەمووی گرنگترە بگوترێت، ئەگەر سبەی بارزانی لەبڕیارەکەی پاشگەز نەبێتەوەو ڕیفراندۆم ئەنجام بداو هاوکات دەنگی “بەڵێ” زۆرینەبێت، ئەوا لانیکەم چەند ساڵێکیتریش برسێتی خەڵک و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی نیشتیمان درێژەی دەبێت لەژێر ناوی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا!

 

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت