كارۆخ عوسمان: ئەرێ بارزانی لەھەرێمی سلێمانی چی دەكات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بارزانی دوای گشت قەزاو ناحیەكانی زۆنی زەرد سەردانی سلێمانی دەكات، وەك ئەوەی سلێمانی لەدەرەوەی ھەرێمی كوردستان و دوورە دەست بێت، زۆرترین ئامادەكاری بۆ كردووە.
ئەرێ ھاوبەشەكانی لەمەسەلەی ڕێفەراندۆمە درۆیینەكە چی ئەكەن؟ ئەی ئەگەر ھاوبەشن بۆچی ئەركی بارزانی سوك ناكەن و خۆیان كەڕنەڤاڵی (بەڵێ) بەڕێوە نابەن؟
یان بارزانی ئەوەشی قۆڕغ كردووەو نایەڵێ كەسیتر لەبەردەمی جەماوەر قسەی جۆشدانی ناسیۆنالیزمی و قۆڕیاتی كوردایەتی بكات.
ھەربۆیەشە لێناگەرێ، جێگرە ناشەرعیەكەی و تاقمە بیر فاسدە وەدووكەوتووەكەی یەكێتی و پیاوانی خودای ڕەوتی ئیخوانی و تەنانەت كاك حەمەی گوڵەخانەش بۆیان نیە لەحزووری ئەزبەنی شەكرێك بشكێنن.
قەناعەتی زۆرم بە دواخستنی ڕێفەراندۆم ھەیە، بەبڕوای من دواھەمین چركەش مابێت ھەر دوای دەخات، ھەرخۆیشی دەیگوت ڕێفەراندۆم كاتی فشاری ئێمەیە، بەڵام پێم وایە بارزانی بۆیە ھێشتا ھەرسورە، تا كەڕنەڤاڵەكان بكات، واھەست دەكەم موتعەیەكی لێ وەرەگرێت و لەولاشەوە گەلی بەش مەینەت دەخاتە خەوی قوڵی دەوڵەتی كوردیەوە.
ئەگینا بارزانی بەم شكڵ و شیماك و بەم بێ مستەوایی و بێ ئیمكانیاتە عەسكەریە مایەی پێكەنینە ھەڕەشە لە ئەمریكاو فەڕەنساو بریتانیاو ئێران و توركیا بكات.
خۆ ھەموو ھێزی پێشمەرگەی یەكێتی و پارتی بەشی یەك حەفتەی تەنھا فیرقەیەكی سوپای عێڕاقی ناكەن، ئینجا 26 بنكە عەسكەریەكەی توركیاش لەولاوە.
تەنھا بۆ موزایەدەی سیاسی لەژێر ڕەشماڵی خێڵەوە بڕیارێك دەدات كەئەگەر عنیادیەكەی تاسەربێت ئەوە ھەرێمی كوردستان توشی نەھامەتیەك دەبێت كەنەیدیوە، خۆ لەلایەك ڕەنگە قازانج بكات، ئەویش بە لەكۆڵ بوونەوەی ئەو ئیدارە خراپە گەندەڵە بێباكە دزە بكوژەی دەستی پارتی و یەكێتی، بەڵام خوێنی زۆریش دەڕژێ و دواجار بنەماڵە قۆڕغكارە قورمیشكراوەكانیش دەچنەوە زێدی پارە ھەڵگیراوەكانیان.
بارزانی دەبێت خۆی ئاوا بیركۆڵ بێت یان مستەشارەكانی وای پێدەكەن، ئاخر ئەم زمانی خیتاب و جوڵەی دەستانە ھی كەسێكی عەوامی كەم یان زیاد كڕۆمۆسۆمە.
خۆ بیرتانە كاتێ بە خەڵكی كوردستانی دەگوت ھەڵپەڕن، كەچی ئێستا لەسەر مەنەسەی بانگەشەی دەوڵەت ھێندە شێواو و شپرەزەیە بەگشت ئەندامەكانی جەستە ھەڵدەپەڕێ، خەڵكێكیش كەنانی چەوریان لەو گەنگەڵۆچكەیە بەم خیتابە كورت بین و نالۆجیكیانە كەوتوونەتە ھەلەكە سەما.

دەبێ لەسلێمانی چی بڵێت؟
لەكوێ خەڵك بۆ بەشداری كەڕنەڤاڵەكە ببات؟
چەند خەرج بكات بۆ كرێی گواستنەوەو نان دانی ھەوادارە پڕ ھەواكان، تا كەڕنەڤاڵی سلێمانی قەڕەباڵغ بكەن؟
دەبێ چ لەززەتێك لەوەدابێت مرۆڤ بەدرێژایی یەك مانگ گوێ لەوتارێك بگرێت، كەگشت وتارەكان یەك وەرەقە بن و ھەمان كەلیمەبن؟
یان ھەر بۆ ھاش و ھوش، زۆری و بۆریە؟
ئاخر خۆ دەبێ وتاردان لەسلێمانی جیاوازی ھەبێت لەگەڵ بادینان و ھەولێرو سۆران و ئامێدی و… تاد، ئەگەر زۆنی زەرد زۆرینە خەربەندەی بارزانی بن خۆ سلێمانی كەمینەیەكی كەم نەبێت پارتی نین، مەگەر پارتی دەستی دووبن و ھەوای پەنجەی پێیان لەكونی لوتیان وەكو دوكەڵی سوتانی فیۆڵی شەریكەی كارو قەیوان بێتەدەرێ.
گریمان پارتیەكانی دەستی دوو قایلن بەوەی دوای گشت ناحیەكانی سنوری بنەماڵەی بارزانی كەڕنەڤاڵی ڕەئیسی حزبیان بۆ بگێڕدرێت، بەڵام خۆ ئەگەر تۆزێ جورئەتی تەكلیف و ڕەخنەیان ھەبوایە، دەبوو ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی دوای ھەولێر بارزانیان ھێنابوا بۆ شارەكەیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت