ئەحمەد ڕەسوڵ: کوردستان، شوناسێکی ئایدیۆلۆژیزەکراو یان شوناسێک بەبێ ئایدیۆلۆژیا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایدیۆلۆژیزەکردنی شوناس
ئەمڕۆژانە بڕێکی زۆر لە هەوڵی چەواشەکارانە و نوسینی عەوامفریودەرانە بە گوتارێکی نەژادیی- نەتەوەیی لە پاڵ گوتارێکی دینیی- مەزهەبی مەترسیدار لە کاردان کە هەموو تواناکانی خۆیان خستۆتە گەڕ بەمەبەستی هەرچی زیاتر ڕاکێشانی سۆزی میلیگەرایانە و ختوکەدانی هەستی دینی- مەزهەبیانەی خەڵک بە ئامانجی پاڵپێوەنانی خەڵکی کوردستان بەئاڕاستەی بەرەیەکی تائیفی- مەزهەبی دیاریکراو لە دژی بەرەیەکیتری تائیفی- مەزهەبی.
هەڵبەت ئەو نوسینە تاریک و هەوڵە ڕەشانە بۆ ئایدیۆلۆژیزەکردنی شوناسی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوردستانە لە ئەگەری دروستبوونیدا. تێکهەڵهێکێشانی ئەم دوو گوتارە، گوتارێکی نەژادیی- نەتەوەیی و گوتارێکی دینیی- مەزهەبی، کە فۆڕمێک لە ئایدۆلۆژیا بەخۆیەوە دەگرێت جگە لەوەی کە بەدەست هەژاری و ئاستنزمیەکی فیکری و تێنەگەیشتن لە مێژووی جەنگ و خوێنی ئەم ناوچەیە و تراژیدیا بەردەوامەکانی بە تراژیدیاکانی نێو مێژووی ئێمەشەوە دەناڵێنێت، هەروەها دەرگیریشە لەگەڵ جیهانبینیەکی بەرتەسک و نیگایەکی کۆنەپەرستانە لە ئاست ئازادی، ماف و شکۆی ئینسان و بەرژەوەندیە سیاسی- کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و کلتوریەکانی کۆمەڵگای ئێمەش.
ئەم جۆرە لە هەوڵ و نوسین هەموو ئارگیومێنتی خۆی لەوەدا چر کردۆتەوە، کە دەسەڵاتدارێتیەکی نەتەوەیی و دینی- مەزهەبی لە عێراقدا سەریهەڵداوە و جێگیر بووە کە بنەماکانی پێکەوە ژیان و هاوبەشیی ڕاستەقینەی لەنێوبردووە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە خۆبەخۆ و وەک پێوستیەکی حەتمی دەبێت بەرامبەر ئەو دەسەڵاتدارێتیە نەتەوەییە، فوو بکەین بە کەڕەنای نەژادیی- نەتەوەیی خۆماندا و تا دەتوانین حەماسەتی ناسیۆنالیستی خۆمان تا دواهەمین ئاست بەرزبکەینەوە، هەروەها بەرامبەر ئەو جەمسەرە دینیی- مەزهەبیە، ئێمەش پاڵبدەین بە دژەجەمسەرەوە و بۆ ئەمەش جەخت بکەینە سەر تۆخکردنەوە و زەقکردنەوەی شوناسی دینیی- مەزهەبی خۆمان.

دوو تایپ لە گوتار و سێهەمیش هەردووکیان
هەڵبەت هیچ یەکێک لە بانگەشەکارانی ئەم تێزانە ڕاستەوخۆ، ئاشکرا و بەوشێوە زەقەی کە من لەسەرەوە هێمام بۆ کردووە، قسەی خۆیان ناکەن و تێزەی خۆیان ناخەنەڕوو، بەڵکو تا ڕاددەیەک ژێرەوانکێ و ناڕاستەوخۆ پەیامەکەیان دەگەیەنن هەندێجار و هەندێجاریش بە کاڵیی و بە نەرمیی بەڵام ڕاستەوخۆ و ئاشکرا.

تایپی یەکەم: هەندێکیان تەنها گوتارە نەژادیی-نەتەوەییەکە زەق دەکەنەوە و جەختی دەکەنە سەر،

تایپی دووەم: هەندێکیان زیاتر گوتارە دینیی- مەزهەبیەکە.

تایپی سێیەم: هەندێکیتریان” کە ئەمە مەترسیدارترینیانە” هەدروو گوتارەکە بەتەنیشت یەکەوە و بە تێکهەڵکێشراوی دەرخواردی مێشکی خوینەران دەدات.
هەڵبەت لەم سەروبەندەی پڕبوونی ڕووبەری مێدیایی لە کوردستاندا لە گفتوگۆ و قسە لەسەر ڕیفراندۆم و مەسەلەی دەوڵەت، باشترین ساتەوەختی خۆنمایشکردنی ئەم گوتارانەیە گوایا ئامانجیان تەنها بردنی کۆمەڵگا و کایەی سیاسیە بە ئاقاری دەوڵەت و خۆبەرجەستەکردنی کۆمەڵگای ئێمەیە وەک جەستەیەکی سەربەخۆی سیاسی- نەژادیی- مەزهەبی جودا لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەری. هەروەها بەگوێرەی لۆژیکی ئەم جۆرە لەگوتار، کۆمەڵگای ئێمە تەنها لە ڕێی جەختکردنەوە و خۆجیاکردنەوە لەسەر بنەمای نەژاد- نەتەوە و دین- مەزهەب توانایی و ئەگەری ئەوەی دێتە بەردەم کە بچیتە نێو مێژووەوە و وەک بکەرێک دەربکەوێت.
لە ڕاستیدا ئەم تێگەیشتنە جگە لەوەی ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژی دژ بە سەرەتاکانی مافی مرۆڤی لەنێوخۆیدا هەڵگرتووە و فەزا ئینسانیە گەردوونیە فراوانەکەی نێو هەناوی هەر دەوڵەتێکی مۆدێرن و شانداداو لەسەر بنەماکانی مافی ئینسان و سێنتراڵیزەکردنی ئازادی، ماف و ژیانی تاکەکەس و هاونیشتمانی بێلەبەرچاوگرتنی نەتەوە، ئیتنیک، زمان، دین و مەزهەب وەردەگێڕێت بۆ فەلسەفەیەکی دەوڵەتیی تاریک و مەترسیدار و بۆ دیدێکی ئایدیۆلۆژی بەرتەسک و داخراو. تێپەڕینی دەوڵەت و پڕۆژەی دەوڵەتسازی بەنێو ئەم جۆرە لە گوتاردا جگە لەوەی دەوڵەتێکی فاشیستی- ڕەیسیستی بە فەندەمێنتالیزمێکی دینیی- مەزهەبیەوە کە لە دژایەتیەکی قوڵدا دەبێت بەرامبەر دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینە، پلورالیزم، مافی مرۆڤ، ڕۆحی ئەم سەردەمە و بەها و نۆرمە گەردوونیەکان وە لە باشترین حاڵدا دەوڵەتێکی داخراوی نیمچە فاشیستی لێوە دێتەدەر.

پڕۆبلێماتیککردن و وەژێر پرسیارخستنی ئەم جۆرە لە گوتار
با بپرسین ئایا خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژووی سیاسی-کۆمەڵایەتی خۆی بە ئێستاشەوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئایین و ئایینزا جیاوازەکانی ئەم ناوچەیەدا هەبووە تا ئێستا بچێتە سەنگەرێکەوە لە دژی ئەو یان ئەم ئایین و ئایینزا؟ ئایا خەڵکی کوردستان لە درێژایی مێژووی خۆیدا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، کێشەیەکی نەک قوڵ وگەورە بەڵکو زۆر سادە و بچوکیشی هەبووە لە بەریەککەوتنە میلییە ڕۆژانەییەکانی خۆیدا بە نەتەوە و زمانەکانی دیکەوە؟ وەڵام بۆ هەردوو پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاشکرایە خەڵکی کوردستان هیچ کات کێشەیەکی نەبووە لەگەڵ بوونە نەتەوەیی- ئیتنیکی- دینی- مەزهەبیە جیاوازەکانی ئەم ناوچەیە. ئەوەی کێشەی ئێمە بووە، کێشە بووە لەگەڵ ڕژێم و دەسەڵاتدارێتیەکانی ئەم ناوچەیە کە دەسەڵاتدارێتی نادیموکراتیک، دژ بە ئازادی و مافی مرۆڤ بوون هەروەک چۆن خەڵکی کوردستان لە کێشەدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارێتیەکەی هەرێمی کوردستانیش کە دەسەڵاتدارێتیەکی نادیموکراتیک، دژ بە ئازادی و مافی مرۆڤە.
دیسانەوە با بپرسین ئایا ئەم سەنگەربەندی نەژادی- نەتەوەیی و دینیی- مەزهەبیە دەتوانێت کوردستان بگەیەنێت بە دەوڵەت؟ ئایا لە ئەگەری بە دەوڵەت گەیشتنی خەڵکی کوردستانیشدا دەتوانێت ئارامی و جێگیری بەرپا بکات؟ ئایا ئەم بەرەگرتنە دەتوانێت کوردستان و ناوچەکە بەدووربگرێت لە جەنگ و ئاشوبی گەورەی نەتەوەیی؟ ئایا ئەم گوتارە، کە خەڵک، کایەی سیاسی کوردستان و دەسەڵاتدارێتیەکەی پاڵپێوەدەنێت بەرەو هەڵگرتنی شوناسێکی دینیی-مەزهەبی، دەتوانێت لەو خوێن و کوشتارەی کە وەک ئاگرێکی نەکوژاوە ئەم ناوچەیەی تەنیوە بێدەربەست و سەربەخۆ بێت و کوردستانیش تێوەنەگلێنێت؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا، بۆ هەر کەسێک بە لانیکەمی خوێندنەوە، بەدواداچوون و تێگەشتنەوە، دەزانێت کە ئەم سەنگەربەندیە نەژادی- نەتەوەیی و دینیی- مەزهەبیە نەک کوردستان ناگەیەنێت بە دەوڵەت بەڵکو هەڕەشە لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانیش دەکات و بە کردەیی کوردستان پەلکێشدەکات بۆ نێو جەنگێک کە ئەوسەری دیار نیە. بەڵێ بە هەموو دڵنیاییەکەوە ئەو گوتارە هەڵگری جۆرێک لە جەوهەری فاشیستیانەیە کە هەمان جەوهەر دەبەخشێتە بوونە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانی دەروبەرمان. واتا ئەگەر لە ئێستادا بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گونجان و ئارامیەکی باش و ڕێژەییداین لەگەڵ بوونە نەتەوەیی، ئیتنیکی، دینی و مەزهەبیە جیاوازەکانی دەوروبەرمان ئەوا لە دوای پەرەگرتن و هەڵکشانی ئەم جۆرە لە گوتار نەک هەر ئەو گونجان و ئارامیە ڕێژەییە لەبەین دەچێت بەڵکو جەنگ و ئاشوبێکی گەورەش ئێخەی خەڵکی کوردستان و ناوچەکەش دەگرێت کە هیچمان پێناگەیەنێت جگە لە کارەسات و وێرانەیی، ئەمەش بەوەی کە تۆ نەک هەر خۆتت خزاندۆتە ژێر شوناسێکی نەتەوەیی- نەژادی و دینیی- مەزهەبیەوە بەڵکو بوونەکانی دەوروبەریشت بارگاوی دەکەیت و ڕەنگ دەکەیت بە دژەشوناس لەبەرامبەر خۆت. واتا ئەم گوتارە چەند کاردەکات لەسەر ئایدیۆلۆژیزەکردنی شوناسی ئێمە دژ بەئەوانیدی هێندەش کاریگەر دەبێت لە ئایدیۆلۆژیزەکردنی شوناسی ئەوانیدیش بە دژی ئێمە. لێرەوە ئەم جۆرە لە گوتار و بانگەشەکارانی، کە ىرواناکەم لە ئاگاییەوە بێت بەڵکو پێم وایە لە دەستکورتی مەعریفیەوەیە هەرچەند هەندێکیان لە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژیەوەیە، هیچ بۆ ئێمە ناهێنن جگە لە ڕۆچوون و هەرەسی زیاتر.

شوناسێک بەبێ ئایدیۆلۆژیا یان چ جۆرێک لە گوتار؟
پێدەچێت بانگەشەکارانی ئەو جۆرە لە گوتار کە پێشتر هێمایان بۆکرا، بێخۆماندووکردن تۆمەتی حازربەدەست و بێئارگیومێنتی خۆیان ئاڕاستەی من و هەرکەسێکیدی کە نزیک، لایەنگر و هەڵگری ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن بێت دەکەن بەوەی کە دژ بە دەوڵەت و سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنوسینی خەڵکی کوردستانن. هەڵبەت ئەمجۆرە تۆمەتە داتاشراو و حازربەدەستانە نەک بێبنەما و بێناوەڕۆکن بەڵکو بۆ خۆ بەدوور گرتنە لەوەی بێتە نێو ئارگیومێنت و گفتوگۆوە، چونکە لە بناغەوە ئارگیومێنتێکی هەم عەقڵانی و هەم ئینسانی لەپشتی ئەو جۆرە گوتارانەوە نەوەستاوە. بەهەرحاڵ، ئەوەی من دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، کە من و هەر کەسێکیتری بەئاگا لە مێژووی کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دەوروبەر و بە ئاستێکی دیاریکراوی تیگەیشتنێکی ئینسانیەوە، ئەوا نەک هەر دژ و ناکۆک نیە بە مافی چارەی خۆنوسینی خەڵکی کوردستان تا ئاستی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئازاد، کە هاونیشتمانیان تێیدا ئازاد، سەربەخۆ، خاوەن ماف، کەرامەت و شکۆی خۆیان بن، بەڵکو بە توندی پشتگیر و پاڵپشتین نەک هەر بۆ خەڵکی کوردستان بە تەنها بەڵکو بۆ هەر گروپ و کۆمەڵە خەڵکێکی تری چەوساوە و نائازاد لە نێو هەر چوارچێوە و کیانێکیتردا.
با بپرسین، ئایا چ گوتارێک دەتوانێت هەم دابڕان و جیابوونەوەیەکی قوڵ و ڕیشەیی لە نێوان هەرێمی کوردستان لەلایەک و عێراق و دەوڵەتانی دیکەی دەروروبەر و ناوچەکە لەلایەی دیکەوە دروست بکات؟
هەم لەسەر ئاستی گوتار و لەسەر ئاستی کایەی سیاسی و دەسەڵاتدارێتیش هەم لەسەر ئاستی ژیانی میللی-کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و کلتوری خەڵکی کوردستان ئەوەی دەتوانێت جیابوونەوە و دابڕان بخوڵقێنیت لە باقی بەشەکانی عێراق و کۆمەڵگا و ووڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە کە شاگوتار و تاکە گوتار بێت، گوتاری دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینە، مافەکانی مرۆڤ، پلورالیزمی سیاسی، تۆلێرانسی دینی و کۆمەڵایەتی، ماف و ئازادیە کەسییەکان، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، سەروەری ژیانی دەزگایی و یاسایی بێت. کۆمەڵگای ئێمە هێزێکی ڕاستەقینە کە دەتوانێت هەیبێت، دەستگرتنیەتی بە بەها و نۆڕمە گەردوونیە باڵا و ئینسانیەکانەوە. ترانسپلانتی “چاندنی” بنەماییبوونی ئینسان و ماف، ئازادی، ڕێز و کەرامەت، ژیانی تاک و هاونیشتمانیان لە نێو دەزگاکان و یاسا، بەها، فەرهەنگ و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکاندا. هاوسۆزی و هاودەردی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ تراژیدیاکانی ئێمە جگە لە ئینسانییەت و بەها و نۆڕمە گەردوونیە باڵا و ئینسانیەکانە و هیچیتر. ئێستاش کۆمەڵگای ئێمە نە خاوەنی هێزێکی سەربازی و ئابوری وەهایە کە بتوانێت بچێتە کێبڕکێ و جەنگەوە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، وە نە یەکگرتووییەکی ناوەکیشی هەیە تا بتوانێت پشتی پێببەستێت لە حاڵەتی وەستانەوە بەڕووی دنیای دەوروبەردا. بەڵام لە حاڵەتی دەستگرتنی بەو شاگوتارەوە هەم دەتوانێت یەکێتیەکی ناوەکی و هەم پشتگیری نێودەوڵەتی مسۆگەر بکات کە ئەمانەش خاڵی گرنگ و بنەمایین بۆ دروستکردنی دەوڵەت. سەرباری ئەوانەش کە شاگوتار و تەنها گوتاری تۆ، ئازادی، دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینە و مرۆڤدۆستیەکی خالص بوو، ئەوا هەم ناچیتە بەرەی دژ بە بوونە نەتەوەیی-دینی-مەزهەبیەکانی دەوروبەرەوە و هەم کاریگەر دەبیت لە ڕەنگکردن و بارگاویکردنی شوناسی ئەوانیدیش بە شوناسی خۆت، کە ئەمەش دیسانەوە ڕێگاکە تەخت و ئاسانتر دەکات.
دەرئەنجامیش ئەم شاگوتارە دەبێتە شوناس و جەوهەری ئەو دەوڵەتەی داهاتوو کە دەتوانێت هەم بەهرەمەند بێت لە ئارامی و جێگیری بە دنیای دەوروبەر و جیهانەوە هەم ئارامی و جێگیری و یەکێتیەکی نێوخۆیی، ئەمە جگە لەوەی لە پەیوەندیەکی تەندروست، بەهێز و بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا و دەوڵەتێکی سەرکەوتووش دەبێت.