america

دکتۆر کەمال میراودەلی: دوا ئینزاری ئەمریکا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە دنیا وازتان لێ دێنێت و بزانم بە گەڵ و گیپاڵی ڕووتەوە چی دەکەن!
دەوڵەت مانای ئەوەیە شوینێک بۆ خۆت لە دنیادا بکەیتەوە، بتوانی بە یاسایی و ئەخلاقیی لەگەڵ دنیادا وەک بوویەکی هۆشمەندو عاقڵ و لێزان، مامەڵە بکەیت، ڕێزیان بگری و رێزت بگرن، لەو هەموو پەیماننامەو دەستوورو یاسا و ڕێسا و بەهایانە دەرنەچیت کە پێوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسیی و بازرگانییەکانی دنیا و ئەمڕۆ ڕێک دەخەن کە بە پلەی یەکەم ئەمریکا بەرێوەی دەبا ئەوسا چین و روسیا و ئەوروپا.
کەسێک دەولەتی بوێت دەبێ وەک دەولەتمەدار رەفتار بکات، مانای دیپلۆماسییەت و پێوەندی گشتیی [پەبلیک ریلەیشنز] و نەزاکەت و کەرامەتی شەخسیی و ڕێزلێنان لە دۆست و میوان بزانێت. بە تایبەتی کە لە ئاستێکی زۆر بەرزتر لە خۆیان ىێت و بڕیاردەری یاسایی ناومەیدانی سیاسەتی نیونەتەوەیی ئەمرۆ بن کە کورد وەک ئۆکسجین پێویستی بە بەردەوامیی سۆز و ڕێز وپشتگیریی و یارمەتییان هەیە.
لە هەمووشی گرنگتر، ئەوەیە وەک سۆکرات پێش 2500 ساڵ وتوویەتی: خۆت بناسەو سەرنجی ئەو ژیانە بدە کە تێیدایت. ئاخر ئێوە چین و چبوون؟
ئێوە بە بێ پشتیوانی ئەمریکا هیچ نەبوون و ئێستاش لە سفر زیاتر نابن.
وا دەزانن ئەردۆگان لە دژی ئەمریکا ئێوە لە باوەش دەکات؟ ئەوەندە کەر نییە. نا ئیوە بە نرخێکی هەرزان لە ئەمریکا دەکڕێتەوەو ژێر پێتان دەدات, چونکە ئەردۆگان و فاشیستی تورکی هەر بەخوێن دژی تەنانەت وشەی کورد و کوردستانە.
ئێوە ئێستا بە پێی یاسای نێونەتەوەیی سەروەریتان سفرە،
ئێوە هەموو ئەو دەسەڵاتە فیدرالییەی هەتانە و ئەو سەروەت و سامانەی دزیوتانە و ئەو هەڕەشەو فشەی دەیکەن، بنەماکەی ئەو دەستوورەی عێراقە کە گەمژانە ڕەتی دەکەنەوە. ئەمەش وەک ئەوە وایە لە سەر لقی دارێک وەستاىی و تەور دوای تەور لێی بدەی بیبرێتەوە هەر چەندە دۆستە دڵسۆزەکانت هاوارت لێدەکەن: گەمژە ئەوە نەکەیت! تۆ عینادتر دەبیت!
ئێوە کە ڕاهاتووی نۆکەریی و خزمەتکاریین بۆ پیسترین و خوێنرێژترین پیاوانی ئیتتیلاعات و میت و مۆساد، ئامادەن سووک و چروک لەبەر دەم داگیرکەرە هەرە فاشیست و جینۆسایدکەرو کوردکوژەکانی وەک ئەردۆگان و داودئۆغلۆ بوەستن و وەک مرێشکە بەکورک لە بەردەمیاندا خۆتان بچووک بکەنەوە.
سەرسام ماوم و حەپەساوم و هیچ تەفسیرێکم نەدۆزیوەتەوە چۆنە ئاوا بە بێ ئابروویی، بێ نەزاکەتی، ىێ ئەخلاقی، عینادیی، و سەرەڕۆییانە بە بێباکیی لە بەرژەوەندیی و پاشەرۆژی گەلەکەمان لەگەڵ هەرە بەرزترین و بەڕێزترین سیاسییەکانی دەسەڵاتداری دنیا و بریاردەرانی ڕێرەوی چارەنووسی جیهان، وک وەزیری دیفاعی ئەمریکا، وەزیری دیفاعی بەریتانیا، نوینەری نەتەوە یەکگرتۆکان و بە تایبەتی کەسێتیی هەرە ناودار و دەسەڵاتداری ئەمریکا بۆ بریاردانی هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: نوێنەری سەرۆکی ئەمریکی دۆنالد ترامپ بۆ هاوپەیمانی نێونەتەوەیی جەنگی دژی داعش بێرت ماکگورک، ئاوا سەرسەرییانەو ىینەزاکەتانە رەفتار بکەن.
من بە شەخسی خۆم چەندین باس و وتارم لە سەر ڕیفراندۆم نووسی، کە ئەوەی ئەمریکییەکان ئێستا پیتان دەڵێن من چەندجار بەڕوونی پێم وتوون بە تایبەتی لە وتاری ‘دوا هاوار’ دا، جگە لە چاوپێکەوتنێک بۆ ئاوینە کە بەتەواوی لە دە خاڵدا ڕوونم کردۆتەوە ڕیفراندۆمەکەتان تاقە یەک مەرجی شەرعییەت و یاساییبوونی تێدا نییە و بڕیاری کردنی لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بەبێ ڕێکەوتن لەگەڵ عێراق لە ڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە وەک لە یاسا دەرچوون و کەڵەگایی و دەستدرێژیی حیساب دەکرێت کە ئەمریکای ولاتی بە دەستوور دروستکراو، لە روسیاو پۆتینی لە کرامیا قبوڵ نەکرد و لە کەسی قبوڵ ناکات.
ئەمە ئەو دەستوورە وا دەڵێت: کە ئێوەیان کردووە بە سەرۆک و حکومەتی هەرێم و ناشتوانن ئێوەی بێ دەستوور و بێ شەرعیییەتی دیمۆکراسیی، یەکلایەنە تەفسیری دەستوور بکەن و پەنا نەبەنە بەر پەرلەمان و دادگا و دامودەزگای دەستووریی عێراق بۆ تەحکیم و چارەسەری کێشەکان، بەر لەوەی یاخیبوونی سەرکێشانەو گومانلیکراوانەی خۆتان رابگەیەنن.
سەرباری ئەمانەش: بە هیچ شێوەیەک ئەم ڕیفراندۆمە لەم کاتەدا پێویست نەبوو، پیویست نییە بە تایبەتی کە شەڕی داعش لە عیراق و سوریاش، زۆری ماوە تەواو بێت، مەگەر لە پێناوی خزمەتی داعش و دروستکردنی کۆسپ و تەنگژەیەکی گەورە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان تا نەتوانن پرۆسەی تێکشکاندنی داعش تەواو بکەن.
ئینزارەکەی ئەمریکا بە ئاشکرا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەڵێ هەر لە ئێستاوە هەرای ڕیفراندۆم زۆر کاریگەری هەبووە بۆ کۆسپ دروستکردن بۆ شەری دژە داعش و دیارە هێڕشە تێرۆریستەکەی مەخموور بۆ سەر ئەمریکییەکان سەرەتایەکی خەتەرناکی ئەمەیە.

فەرموون ئەوە دەقی تەواوی دوا ئینزارەکەی ئەمریکا:

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە
واشنتۆن، دی، سی
20 ی ئەیلوولی 2017
دەربارەی: ڕیفراندۆمی نەخشە بۆدانراویی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق
ویلایەتە یەکگرتۆکان [ی ئەمریکا] بە توندی دژی ڕیفراندۆمی حکومەتی هەریمی کوردستانی عێراقە لە سەر سەربەخۆیی. کە بۆ 25 ی ئەیلوولی 2017 پلانی بۆ دانراوە.
هەموو دراوسێکانی عێراق، و ڕاستیی هەر هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، دژایەتی ئەم ڕیفراندۆمە دەکەن.
ئەمریکا هانی سەرکردە کوردە عێراقییەکان دەدا ئەو بەدیلە قبوڵ بکەن کە بریتییە لە دایەلۆگێکی جددیی و بەردەوام لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی کە ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتۆکان و هاوکارانی تر ئاسانکاریی بۆ بکەن، دەربارەی هەموو ئەو بابەتانەی جێی نیگەرانین لەوانە پاشەرۆژی پێوەندی نیوان هەولێر و بەغداش.
گەر ئەم ڕیفراندۆمە بکرێ ئەوا ئەگەری ئەوە نییە کە دانوستاندنی لەگەڵ عێراق بەدوادا بێت و، دەرگای ئەو هاوکارییەی کۆمەڵگای نەتەوەییش بۆ پشتگیری دانوستانەکان دادەخرێت.
نرخی بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە یەکجار گران دەبیت بۆ هەموو عێراقییەکان، بە کوردیشەوە. هەر لەم ماوەیەدا، [بابەتی] ڕیفراندۆم بە فیعلی کاریی سەلبی کردۆتە سەر کاری تەنسیقکردن بۆ دەرپەڕاندنی داعش لەو شوێنانەی ‌هێشتا لە ژێر کۆنترۆلیان دان لە عێراق بە تایبەتی. بڕیاردانی کردنی ڕیفراندۆم لە ناوچە ناکۆکییلەسەرەکان سەقامگیریی تێکدەدات و گرژیی دروست دەکات کە داعش و گروپە تێرۆریستەکانی تر هەوڵ دەدەن بۆ مەرامی خۆیان نئیستیغلالی بکەن.
ڕەوشی [یاسایی] ناوچە چێناکۆکەکان و سنوورەکانیان دەبێت لە ڕێگای دایەلۆگەوە چارەسەر بکرێت بە گوێرەی دەستووری عێراق، نەک لە ڕێگای هیچ کارێکی یەکلایەنە یان [بەکار‌هێنانی] هێزەوە.
لە دواییدا، ڕیفراندۆم دەشێت پێوەندییە بازرگانییەکانی حکومەتی هەرێم و یاریدەی نێونەتەوەیی بۆ هەرێم بخاتە مەترسییەوە، گەرچی هیچ کام لە هاوکارە کانی عێراق حەز بەمە ناکەن. ئەمە بە سادەیی واقیعی ئەم مەسەلە جدییەیە. بە پێچەوانەوە بەدیلەکە کە دایەلۆگی جددیییە و ئێمە هانی سەرکردە کوردەکان دەدەین لە ئامێزی بگرن، بەڵینی چارەسەری زۆر لە سکالا رەوایەکانی کوردەکانی عێراقی پێیە، لەگەڵ دامەزراندنی ڕێڕۆیەکی بنیاتنەرانە بۆ پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کە سوود بە هەموو عێراقییەکان بگەیەنێت.
کوردەکان دەتوانن شانازی بەوەوە بکەن کە تا ئێستا پرۆسەی ڕیفراندۆم بەدەستی هێناوە، کە بۆتە هۆی یەکێتی زیاتری کورد، ژیاندنەوەی پەرلەمانی کوردیی بۆ یەکەم جار لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا و گەیاندنی پرسە گرنگەکان بۆ سەر شانۆی نێونەتەوەیی لەگەڵ ئەو هاوکارە دۆستانەدا کە ئامادەن گیانی هاوکاری زیاتر گەشە پێبدەن، لە نێوان ‌هێزەکانی ئاسایشی عێراق و پێشمەرگەی کورد لە کامپەینی دژ بە داعشداو بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون.
بەداخەوە ڕێفراندۆمی حەفتەی داهاتوو تین و گوڕی هەموو ئەم پێشکەوتنە دەخاتە مەترسییەوە. لەبەر ئەوە ریفراندۆم خۆی ئێستا پێویست نییە مادام ئەو بەدیلە هەیە کە لە لایەن ئەمریکاو کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە ئامدەکراوەو موافەقەتی لەسەر کراوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت