عەتا قەرەداخی: دانووسان و گفتوگۆ لەگەڵ کێ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکێک لە بنەماکانی گفتوگۆ و دانووسان بوونی دوو لایەنی ئامادەیە بۆ پرۆسێسێکی لەم جۆرە. دوو لایەن، کە جۆرێک لە هاوشانی هەبێت لە نێوانیانداو بوێرى و ڕاستگۆیی هەبێت بۆ گەیاندنی ئەو گفتوگۆیانەى دەکرێن، بە ئەنجامێک کە چارەسەرى کێشەکان بکات. یەکێک لە کێشەکانی حکومەتی عێراقی ئەوەیە کە هیچ ئیلتیزامێکی دەستوورى یاسایی و ئەخلاقی نیە بە تایبەتی لە مەزهەبی شیعەدا درۆو فریودان و پاشگەزبوونەوەش لە بەڵێن و پەیمان جۆرێکن لە تەقوا. هەروەک ئاشکرایە لە عێراقدا دەستوورێک هەیە بەڵام حکومەتی عێراقی ئەو دەستوورەى ژێر پێ خستووەو بە ئارەزووى خۆى وەکو پێکهاتەیەکی دەرەوەى دەستوورو یاساو بە عەقڵی دارستان کاردەکات. کاتێ هێزى نەبێت نەرم و نیانەو باسی دیموکراتی و یەکسانی دەکات ئەویش تەنیا بە قسە نەک بە کردەوە، کاتێکیش هێزى هەبێت چۆنی بوێت بەوجۆرە بڕیار دەدات و هیچ حیسابێک بۆ کورد ناکات، خۆ ئەگەر لەوەى ئێستاى بەهێزتر بێت و دڵنیا بێت کە دەتوانێت شەڕى کورد بکات ئەوا هیچ دوو دڵ نابێت و پەلامارى کوردستان دەدات.
کەواتە گفتوگۆ لەگەڵ کێ ؟ لەگەڵ ئەم عەقڵیەتە دڕەندەو وەحشیگەریەى شۆڤێزنیستی عەرەبی کە نزیکەى سەدەیەکە بە کوشتن و بڕین مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات؟ هەر لێرەوەیە کە هەموو گفتوگۆو دانووسانێک لەگەڵ عەرەبی عێراق خۆ خەڵەتاندن و خۆ فریودانەو هیچ بەرهەم ناهێنێت. کەواتە دەوڵەتانی بڕیاربەدەست و هەموو ئەوانەى تریش کە داواى گفتوگۆى نێوان کوردو عێراق دەکەن بۆ چارەسەرى کێشەکان لە گوێی گادا خەوتوون یان درۆدەکەن و ئەوانیش خۆیان دەخەڵەتێنن چونکە دەبینن بە بەرچاوى هەمووانەوە حکومەتی عێراقی بڕواى بە سادەترین بنەماى هاوبەشی نیەو هیچ بوارێکی لەبەردەمی کورددا نەهێشتووەتەوە بۆ کورد تەنیا ملکەچکردن و خۆبەدەستەوەدان یان جیابوونەوەو راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆى خۆى نەبێت. بێگومان کورد هەڵەیەکی گەورە دەکات کە گوێ لەو داواکرییە ناجیدیەى دەوڵەتان بگرێت کە هیچ فشارێکی ئەوتۆى پێوە دیار نیەو تەنیا لە شێوەى پێشنیار یان بەجۆرێکی تر پێمباشەدایە واتە پێمانباشە ریفراندۆم دوابخرێت. دەبێ کوردیش بڵێت ئێستا باشترین کاتە بۆ بڕیاردانی چارەنووسی خۆمان. ئەگەر کورد ئەمجارە پاشەکشە بکات ئەوا دووچارى گەورەترین شکست دەبێت و لەسەر ئاستی ناوخۆش سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەموو متمانەیەک دەدۆڕێنێت، بۆیە پێویستە کورد سووربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردستانی چونکە ئەو سەرکێشیەى لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیدا هەیە بەهەموو پێوانەیەک کەمترە لەو مەترسیانەى کە لە مانەوە لە عێراقێکدا هەیە کە عەقڵێک بەڕێوەى دەبات جگە لە مەزهەب و تایەفەکەى خۆى چاوى بینینی کەسی ترى نیەو لە پێناوى مەزهەب و تایەفەکەیدا ئامادەیە هەموو ئەوانی تر بسڕێتەوە ئەگەر بۆى بکرێت، بۆیە مانەوە لەگەڵ ئەم ئەم عەقڵیتە وەحشیگەرییەدا ئامادەبوونە بۆ کۆیلایەتی و لە ناوچوونێکی هەتا هەتایی.