ئیبراهیم عه‌باس: ئەو فریودانەی بەناوی ریفراندۆمەوە کرا! 

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێش ئەوەی خۆری ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسییە ئاوابێت کە پارتی و بارزانی لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروستیان کردبوو کە خۆیان وتەنی ” لەجیاتی جیهان شەڕی داعشیان دەکرد”. بارزانی لە بەهاری 2016 لەساتی تەواوبوونی خولێکی کادرانی حزبەکەی لە هەولێر وتی: نابێت چیتر خوێنی کورد جگە لەسەربەخۆی بۆ هیچ شتێکی تر بڕژێت” وە ئەوەشی وت ” یان دەبێت سەربەخۆی بەدەست بهێنن یان دەبێت هەموومان بمرین”. بەم زمانە توانی کەمێک ئاوابوونی خۆری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دوا بخات و بەڵام هەر نەیتوانی دەستەبەری رێکەوتنێک بۆ رزگارکردنی موسڵ لە ژێر چنگی داعش بکات، وەکو ئەوەی لە پرۆسەی ئازادی عێراق هێزەکانی پارتی لەگەڵ ئەمریکییەکان چوونە ناو شاری موسڵ.
زۆرن ئەو ویستگانەی کە دەریدەخات بارزانی بۆ مانەوەی خۆی لە گۆرەپانەکە دەست لە هیچ ناپارێزێت و ئامادەیە ریسک بە هەموو هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکات، بەراستیش هەر ئەوەی کرد و لە سەرەتای تەمووزی ئەمساڵ بێ گوێدانە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوهەڵوێستی لەناوخۆی کوردستان، کارتی ریفراندۆمی بەرزکردووە، کاتێکیش ئەو پرسیارەی لێکرا کە ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ریفراندۆم پشتگیری دەکەن، بارزانی وتی: قابیلە بێ پشتوانی ئەو کارە بکات و ریسک بە ئەزموونی هەرێم بکات”، بەڵام لە سەردانەکەی بۆ برۆکسل لە نۆی تەمووز و تەنها دوو رۆژ دوای راگەیاندنی ریفراندۆم و تا ئەم ساتەوەختە، راستی رووی ئەو فریودانانە دەردەکەون کە بارزانی دەرهەق بە خەڵکی کوردستان بەناوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردویەتی.
راستییەکەی تا ئاستێک ئاساییە بارزانی بۆ بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵە و حزبەکەی ریسک بەهەرێمی کوردستان بکات، چونکە:
1- یەکێتی ناوەندی بڕیاری لاوازەو زۆربەی بەرپرسە باڵاکان لەبەر بەرژەوەندییە شەخسییەکانیان ناتوانن نەک رێگری لە پارتی بکەن، بەڵکو دوای بریارەکانیان ئەکەن.
2- یەکگرتووی ئیسلامی لەترسی لەدەستدانی سەرکردەکانی دەڤەری دهۆک دوای بریارەکانی پارتی ئەکەون.
3- گۆڕان و کۆمەڵ لە ژێر فشارێکی توندی پارتی و تەنانەت یەکێتیشن بەتەواویش لە پرۆسەی سیاسی ئاوت کراون، بۆیە نارازیبوونەکەیان کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە.
4- لە هەلومەرجێکدا کە بارزانی خۆی قۆرغی سیاسەت و دبلۆماسییەتی کردووەو کەس نازانێت چی لەگەڵ دونیا دەگوزەرێت، حکومەتی برازاکەشی دەستی بەسەر داهاتەکانی کوردستاندا گرتووە، هیچ لایەنێکیش هەڵویستێکی جدی نییە، ئیتر بۆچی هەرێمی کوردستان نەخرێتە ریسکی سەرانی پارتییەوە؟.
بەڵام دەرکەوت هەرچی بەناوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە، نەک دوورە لە راستی، بگرە فریودانی حزبەکانی کوردستانەو خەریکە ئەوەی هەشمانە لە دەستمان دەچێت. بەڵام پرسیاری جەوهەری لەم مەسەلەیەدا ئەوەیە کە ئایا باجی ئەو ریسکە هەموو کورد و ئەزموونەکەی ئەیدات یان تەنها بارزانی و حزبەکەی؟!.
ئاماژەکانی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمەکەی 25 سێپتەمبەر روونن و ماوەتەوە بارزانی بەرپرسیارییەکە لەسەر خۆی لاببات، وەکو ئەوەی چاوەروان دەکرێت رۆژی یەک شەممە پەرلەمانەکەی پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو شانی بارزانی لەو بەرپرسیارە داتەکێنن. یان دۆزینەوەی هەر سیناریۆیەکی تر.
راستییەکەی بارزانی بە پرسی ریفراندۆم حزبەکانی کوردستانی فریودا و درزی خستە ناو ئەو حزبانەی کە لەگەڵ بارزانیشدا نەبوون، توانیشی جەماوەر حزبەکەی خۆشی جۆش بداتەوەو بەو پارە مۆڵەی لە ژێر دەستییەتی ویژدانی نوخبەیەکی زۆری سیاسی و رۆشنبیری و ئایینی کڕی، بەڵام بێگومانم لەوەی نەیتوانی دڵی خەڵکی سادە بەدەست بخات، هەر بۆیە بۆ ئەوان هەڕەشەی دەرکردن و نان بڕین و ترساندن خرابووە رۆژەڤ و بەردەوامیشە.