دکتۆر کەمال میراودەلی: بای بای ڕیفراندۆم. سڵاو سەربەخۆیی! خۆزگە وابووایە. [ڕۆژێ هەردەبێت وابێت].

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خۆزگە ئەمە ڕیفراندۆمێکی یاسایی ڕاستەقینە بایە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتۆکان وەک ئەوەی تەیمووری ڕۆژهەڵات و باشووری سوودان کردیان و یەکسەر سەربەخۆییان پێوەرگرت و دەوڵەتیان پێ دروست کرد.
یان ئەوەش نەبایە خۆزگە ڕیفراندۆمێک بایە بە پرۆسەیەکی یاسایی شەرعیی باش دیراسەکراو. پەرلەمانێکی ڕاستەقینەی نوێنەری خەڵک خۆی بریاری لە سەر دەدا و یاسای بۆ دادەنا و دەسەڵاتی سیاسیی تەنفیزیی مولزەم دەکرد لە ماوەی 48 سەعاتدا سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، وەک ئەوەی کەتەلۆنیاییەکان کردوویانە.
ئەم ڕێفراندۆمە وەک هەموو کارەکانی ئەم دەسەڵاتە بە ناشەرعیی لە دایکبوو، بە شل و شۆقی و ناڕێکی پرۆسەی بریادانی بە ڕێوە چوو، مانگ ونیوێک دوانەخرا تا لە گەڵ هەڵبژاردنا بکرێ و هەم ئەرک و پارە پاشەکەوت بکەین هەم تەبایی گشتیی و یەکوتاریی گەلی کوردستان مسۆگەر بکەین، تا پەرلەمانێكی نوێی شەرعیی یاسای بۆ دەرکات و پرۆژەی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازییش گەڵالە کات و پێشکەشی نەتەوە یەکگرتۆکانی بکات. تا دوا ساتەکانیش کەس دڵنیا نەبوو دەکرێ یان ناکرێ.
ئەوەی هەبوو، نەبوو ئەوە بوو کە بارزانی دەیویست بەو شێوە و بەو کاتەو بەو تاکە سوارەی بە زۆر تۆزی بە یەکگرتوو و یەکێتی پێ هەستان و تەنیا بەرچاوتاریکی زیاتری دروست کرد، بە و ئامانجە نەنووسراو و گوماندار و نادیارە کە خۆی دەیەویست و بە شەڕەشەق توانی کە بەشێکی گەندەڵ لە سەرانی یەکێتی لەگەڵ خۆی ڕاکێشێت و تاوانی حیلە شەرعی نایاسایی و نائەخلاقیی مارەبەجاشکردنی پەرلەمان دوای دوو ساڵ تەڵاقدانی ناشەرعییانە بۆ خاتری تاکە یەکدانیشتنی ئابرووبەرانە، بخەنە ئەستۆی خۆیان. بەڵام لە بەر هوشیاری و خەمخواریی قاعیدە و ڕێکخستنی یەکێتیی، تا دوا ساتیش نە گەندەلەکانی یەکێتیی و نە بارزانی دڵنیا نەبوون داخۆ چ دەبێت.

بوونی جیاوازیی و بەرگری هەمیشە کارێکی تەندروستە.
نەبوونی متمانە بە یەکێتیی بوو، کە بارزانی ناچار کرد لە هەمان کاتدا لە پێش خەڵکدا خۆی دەرخا و لە پشت خەڵکدا خۆی بشارێتەوە و ڕوو بکاتە شەقام و بە دروشمی پیرۆزی سەربەخۆیی هەوڵی بەدەستهینانی پشتیوانی خۆپێشاندانەکانی ئەو جەماوەرە بدات کە پێشتر بە گولـلە وەڵامی خۆپیشاندانەکانیانی بۆ نان و ژیان و ئازادییە کەسییەکان دەدایەوە.

هەمیشە گەرانەوە بۆ شەقام، بۆ خەڵک بۆ هەر ئامانجێک بێت هەنگاویكی سەرکەوتووە. بۆیە بارزانی لەم تاکتیکە ناچارییەیدا سەرکەوتوو بوو تا ئەو رادەیەی:
1- بڵێ کە پرسەکە لە دەست خۆی و حیزبەکان دەرچووەو ئێستا شەقام و خەڵک خاوەنی ڕیفراندۆم و داوای سەربەخۆیی و دەوڵەتن.
2- هەڵوێستی یەکێتی و ڕکابەرانی زەحمەتتر بوو، ناچار یەکێتی دوای کەتنە گەورەکەی مارەبەجاشکردنی پەرلەمان. ناچار بوو ئاهەنگی بووک و زاواییەکەش ڕێکبخات و ئەویش بە شەرمنی بارزانی لە سلێمانی وەک پاڵەوانی ڕێفراندۆم و تاکە سوارەی سەربەخۆیی بخاتە سەر شانۆی مەلعەبەکە.
3- تەکتیکێکی زیرەکانەی، بارزانی ئەوە بوو ئەمجارە بە ناوی سەربەخۆیی و دەوڵەتەوە، ڕیفراندۆمەکە ڕاگەیەنێت. سەربەخۆیی و دەوڵەت بێگومان خەونی دێرینەی کوردە کە بە ئاواتی ڕۆژی سەربەخۆبوونەوە، گەرچی سەرکردەکان ئەجندای تریشیان هەبووبێت، هەزاران شەهید خوێنیان بەخشیوە. میدیای بازاڕیی دەسەڵات وای لە خەڵک گەیاند ڕیفراندۆم ئۆتۆماتیکی مانای سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەولەتە لە 25 ی ئەیلوولدا، ئەمە بارزانی خۆی چەند جار تەئکیدی لە سەر کرد.
4- کەواتە ىێگومان خەڵک لە گەڵ سەربەخۆیی یە و توانیان ئەوانەی دژی ناشەرعیی و ناعەقلانییەتی شێوازەکەن، تەخوینیان بکەن. بۆیە شۆکێکی گەورە بوو بۆ من کە [بەرەی نەخێر] راگەێندرا.

ئاخر چۆن بە سەربەخۆیی دەڵێی نەخێڕ!
بایکۆتی ڕیفراندۆم کارێکی دروست بوو. من ئامادە نیم بە ڕێگای ساختەکاریی و ناشەرعیی و دژ بە عەقلانییەت و پرینسیپی دامەزراوی دیپلۆماسییەتی جیهانی و ئەزموونی گەلان، یاری بە وەرەقەی گرنگی ڕیفراندۆم بۆ مەبەستی خۆیی و خێڵکەیی بکرێت. و لەگەڵ بایکۆت کردن بووم. وەک مکگۆرک وتی: ڕێفراندۆم وەرەقەیەکی یاسایی سیاسیی نێونەتەوەیی گرنگە بەدەستتانەوە بە هەڵەو هەڵەشەیی بەکاری مەهێنن. ئەوان ئەوەیان کرد و لە نرخێکی ڕەمزیی دیارە گرنگ وەک دەربڕینی ئیرادەی خەڵکی کورد و خواستی سەربەخۆیی، هیچ نرخێکی تری یاسایی نییە. بەڵام بەداخەوە زۆر ساوێلکانە بەرەی نەخێر، مەسەلەکەیان بە شێوەیەکی خەتەرناک وەک بارزانی بۆ ئامانجی خۆپەرستی شێواند. ئەگینا بایکۆتکردن دەشیا ببیتە بزوتنەوەیەکی کاریگەر دژی هەر هەموو ڕەمزەکانی گەندەڵیی و بێدادیی و گەندەڵیی و میژووی تاوانەکانیان.
5- لە ئەنجامدا بارزانی هەموو پرسە گرنگەکانی ناشەرعیبوونی دەسەڵاتەکەی و ستەمکاریی و بێدادیی و بێمووچەیی و جیاوازی کوشندەی چینایەتی و دزیکاریی و گزیکاریی و پرسی گەورەو گرنگی شاردنەوەی داهات و پارەی نەوتفرۆشیی و… هتد، بە ڕەشەبای ئەم ڕیفراندۆمە بە شێوەیەکی کاتییش بێت، بەرەوە چاڵی لەبیرچوونەوە ڕاماڵ کرد.
6- ئێستا چی؟
1- بارزانی وتی پرسی سەربەخۆ بوون لە دەست ئەو خۆی و حیزبەکانێشدا نەماوەو مڵکی گەل خۆیەتی. نابی جەماوەری بەڵێ یان بایکۆت ئەمەیان لە بیر بچێتەوە. پێویستە نەهێڵن ئەم ڕیفراندۆمەش ببیتە ماددەی 140.
پێوسیتە بزاڤێکی گەلیی ناحیزبیی بە ناوی [مۆمینتەم] یان من خاوەنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییم، بۆ پاراستنی تین و گوڕی بزاڤی سەربەخۆیی پێکبێت دەبێ گۆڕان لەمەدا شەرم نەبێت و لەگەڵ قاعیدەی دڵسۆزی یەکێتیی ببنە دەستپیشخەر لە ئەم بزاڤە داو دەستپێشخەری گومانلێکراو بۆ پرسی سەربەخۆیی لە پارتی وەربگرنەوە. و هەمیشە چاودێر بن بە سەریەوە تا خۆی و بنەماڵەکەی یاری بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەوە نەکەن.
2- دەبێ جەماوەری یەکێتیی هەوڵی گۆڕینی ئەو سەرکردایەتییە بدات کە وەک بارزانی ناشەرعیی و گەندەڵ و بەسەرچووە و ڕێگە نەدات جارێکی تر بەم شێوە گاڵتە بە شەرعییەتی پەرلەمانی و پرۆسەی دیمۆکراسییەوە بکەن تا ئەو ئاستە بێئابرووانەی کەسێكی خۆیان بخەنە جێگەی سکرتێری پەرلەمانی بە شەرعیی دانراو. گەر ئەوە بەرامبەر خۆیان بکرابایە چییان دەوت؟
3- پێویستە ئەو حیزبانەی بەشدار بوون لە پاڵنانی ڕیفراندۆمدا بارزانی و سەرکرادیەتی سیاسیی کورد لە باشوور هەمووی ناچار بکەن کە سیاسەتی خەتی سوور ڕابگەیەنن: کە شەڕی کورد و کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا حەرامەو رشتنی خوێنی کورد بە دەستی کورد تاوانێکی نەتەوەیی و ئەخلاقییەو خەتی هەرە سوورەو ڕێی پێنادرێت
ئێستا کە هەڕەشەی بەستنی سنوورەکان هەیە، خوشک و براکانی رۆژاواتان کە خەندەقتان دژیان لێدەدا، ئامادەن نەک هەر سنوورەکان، بەڵکو دڵیشیان بۆ ئێوە بکەنەوە و لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا هەر لە کەرکووکەوە تا قامێشلی، تا ئامەدو ئامێدیی، لە حەمرین و لەعەفرین، لە مەهاباد. و شنۆ، لە سنەو کرماشان و… هتد، خوێنی خۆشیان ببەخشن.