ئارام قادر حەمەسور: دووڕویی سیاسی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەیاریگای سیاسەتدا یاریزانە سیاسییەکان باش یاریدەکەن، تا دیمەنی سیاسی جوان پیشانی لایەنگران بدەن، ماوەیەک دڵی لایەنگرانیان خۆشدەکەن و ئومێدیان بۆ دروستدەکەن، بەڵام لە چڕکە ساتێکی گرنگدا دەکرێت ئەو ئومێدانە بگۆڕێن بۆ بێ ئومێدی گەورە، هیچ شتێک لە سیاسەتدا لەوە ناشیرین تر نییە پارتێک دژایەتی پارتێک بکات، بەڵام لە کۆتای یارییەکەدا تەسلیمی ببێت، کاتێک هێزێک خەڵک هاندەدات بۆ دژایەتی پڕۆژەکانی هێزی بەرامبەر و لە کۆتایدا سەرکردایەتییەکەی تەسلیمی بەرامبەر دەبێت و لایەنگرانی بەتەنیا جێ دەهێڵێت ئەوە کۆمیدیای حیزبایەتییە، ئەوە دووڕویی سیاسەتی حیزبەکانە لەهەرێمی کوردستاندا.
بەهۆی ڕیفڕاندۆمەوە حیزبەکانی کوردستان بوونە چەند بەرەیەک، بەرەیەک بە بێ ترس بەڵێ یان هەڵبژارد، جوڵانەوەیەکیش بێ ترس نەخێری هەڵبژارد، دوو هێزیش بەشەرمەوە سیاسەتیان دەکرد لەسەر بەڵێ و نەخێر ڕۆژیان بەڕێدەکرد، ناکرێت سیاسەت بەشەرمەوە بکرێت، شەرمکردن لە بڕیاردانی سیاسی جۆرێکە لە دۆڕان، حیزبە بێ ئیرادەکان ناتوانن بڕیاری یەکلا کەرەوە بدەن، بەڵکو لە سەر ڕامکردن و خافڵاندنی لایەنگرانیان نانی سیاسەت دەخۆن، لەسیاسەتدا بوێری سیاسی هێزێکی گەورە دەدات بە پارتەکان.
بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی نیو ملیۆن دەنگدەرە و سەرکردایەتییەکەی بڕیاری ڕوونی پێنەبوو، لەکۆتایدا دەنگدەرانی ئازاد کرد لە نێوان بەڵێ و نەخێر دا، ناکرێت هێزێکی نیو ملیۆنی بڕیاری نەبێت بۆ پڕۆسە گەورەکان، لەکاتێکدا دەنگدەرانی گۆڕان دەنگی ناڕازی و دژە دەسەڵاتی جوتحیزبن، بۆیە بڕیارەکە شەرمنانەبوو، کۆمەڵی ئیسلامی ڕەخنەی توندی لەبەرەی پارتی دەگرت و بە ڕەگەڵ کەوتووی دادەنان، بەڵام خۆی لەکۆتاییدا بڕیاری بەڵێیدا! کۆمەڵ چەند مانگە دژایەتی بەرەی پارتی دەکردو بەبەرەی ئەهریمەنی دادەنا، لەکۆتایدا خۆی چووە ناو ئەوبەرەیەو سحری بوێرییەکەی بەتاڵ بۆوە.
ئەم دوو هێزە پێیان وابوو بەڵێ بۆ پارتییە و دژایەتیان دەکرد، بەڵام دەستیان کەشف بوو، ئیرادەیان لاوز بوو تەنیا خەڵکیان خافڵاند، دەبوو هەر لەسەرەتاوە تەسلیم بووبان نەک یاری بە سایکۆلۆجیای ئەندامانیان بکەن، جارێکی تر سەلماندتان سیاسەت بیابانێکە هیچ دارێکی تێدا سەوز نابێت لەسەر دەستی ئێوە، خەڵکیشتان هێنایە ئەو قەناعەتە کە ئێوەش هەمان عەقڵیەتی حیزبە کلاسیکیەکانتان هەیە و تەنیا چەند ماسکێکتان بەستبوو بۆ خەڵەتاندنی لایەنگرانتان، پێویستە خۆری جوڵە و پارتی نوێ سەرهەڵبدات و ئەم جورە عەقڵیەتە لەناوبەرێت، ئەم هێزانە متمانەیان نەماوە و یاری بە لایەنگرانیان دەکەن، دەبێت لایەنگرانیان سزایان بدەن، چونکە هەمویان سێوەکانیان خستە سەبەتەکەی دەسەڵاتەوە و هەموویان چەمانەوە بۆ دەسەڵات، هێزێک لەسەرەتاوە چەمابێتەوە بۆ دەسەڵات باشترە لە و هێزانەی دوای درۆ گەورەکانیان دەچەمێنەوە، چونکە ئەمانە حیزبی دووڕوی سیاسین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت