کارۆخ فەهمی: پێش دەوڵەت. بەشی سییەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەوڵەتی دوو ئیدارەیی
یەکێک لە لێکەوتەکانی شەڕی ساڵانی نەوەد، دوو ئیدارەییە. ئەم دیارییە جوانەی شەڕ تا ئێستاش وەک خۆیەتی. وەک شێرپەنجە وردە وردە گەشەدەکات و جەستەی ئەم هەرێمە دادەڕزێنێ. بیست ساڵ دوای شەڕ هێشتا کوردستان یەک پارچە نیە، وەک یەک ئیدارە و یەک حوکمەت مامەڵە ناکات. ئەو ڕقەی هێزە شەڕکەرەکان ئەوکات بڵاویانکردەوە ئێستا لەهەرکات زیاتر بەرهەمەکەی دەبینیین. ئەو ڕقە ئەمڕۆ بەڕوونی هەمووان هەستی پێدەکەن، ڕقبوونەوەو شەڕەجنێوی شارەکان بەرانبەر یەکتری. تۆمەت بەخشینەوەو تەشهیر و تەکفیری یەکتری بە ئاسانی. نەمانی متمانە، نە لەنێوان هێزەکان لەناوخۆیان و نە هاوڵاتیان لەگەڵ یەکتریدا. شەڕ ئەم خاکەی کرد بە دووپارچەوە. دوو پارچەی زۆر دوورو جیاواز لەیەکتر. ئێستاش وەک ساڵانی دوای شەڕ من سێبەری دوو حکومەت و دوو وڵات و دوو ئیدارە بە ڕوونی دەبینم. لەهەرکاتێکدا ناکۆکییەکان بگەنە ئاستێکی ترسناک لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا ئێمە دوو سەرۆک و دوو کابینەو دوو ئیدارەمان دەبێت. رێک وەک پانزەساڵ بەر لەئێستا کە دوو حکومەت سێ شاریان بەڕێوەدەبرد.
دوو ئیدارەیی چەندە بەرهەمی شەڕی ناوخۆیە، هێندەش بەرهەمی ئەم سیاسەتی بێ متمانەییە یە کە ئەم هێزانە لەگەڵ یەکتریدا بە ئاشکراو بە شاراوەیی گرتوویانەتەبەر. دوای ئەو هەموو ساڵە لە شەڕ. هێشتا سەرۆکی هەرێمە یەکگرتووەکە ناتوانێ مودیر ناحیەیەک لە ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین بگۆڕێ. هێشتا جێگری سەرۆک حکومەتی کوردستانە یەک ئیدارەییەکە ناتوانێ وتارخوێنی مزگەوتێک لەو گوندانەی دەوروبەری دهۆک بگۆڕێ. کوردستانی یەکگرتوو یان هەرێمی یەک ئیدارەیی، درۆیەکی گەورەیه. هێزە شەڕکەرەکان حکومەتێکی لەرزۆکی بێ ئیرادەیان درووستکردوە کاری یەکەمی نماییشکردن و پیشاندانی بەردەوامی دوو ئیدارەییە. بەردەوام بیرماندەخەنەوە کە هێشتا سەردەمی دوو ئیدارەیی تەواو نەبووە. سیاسەتی حکومەت لەناو حکومەت پەیڕەو دەکەن. وەک ئەوەی لەساڵانی نەوەد بژین، ئەو وەزارەتانەی کە لای یەکێک لە حزبەکانە ئیدی لە پاسەوانی بەردەرگا تا وەزیر دەبێ لە هەمان حزب بێت. هەرلایەنەو وەزارەت و دەستەو لیژنەی تایبەت بەخۆی هەیەو حزبی بەرانبەر کاری بەسەریەوە نیە. زانکۆیەک لە ڕانیە بکرێتەوە، بەیانی ئیدارەکەیتر لە زاخۆ دەیکاتەوە. بازرگان و نووسەرو هونەرمەند و سۆزانییەکانیش دابەشبوون بەسەر ئیدارەکاندا. کارێکیانکردووە خەڵکە ئاساییەکەش بەردەوام رقی لەشارەکەیتر بێت و رۆژانە جنێو بە خەڵکی ئیدارەکەیتر بدات. هەرکەس توند دەستی بەشارەکەی خۆیەوە گرتووەو، ئیدارەکەیتر بە خۆفرۆش، کۆیلە، نەزان، جاهیل و گەلۆر دەزانێ. درووستکردنی دیوار بەدەوری شارەکان، چاندنی رق بەرانبەر خەڵکی شارەکەیتر و کارکردن بۆ تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەیی، دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بەرپرسی یەکەمن لێی. لەم ڕۆژانەی بانگەشەی ریفراندۆمدا سەرۆکی هەرێمە یەک پارچەکە تەنها لەزۆنی زەرد وتار دەدا، ئەمە ڕاستەوخۆ داننانە بە دوو ئیدارەیی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە کە بانگەشەی دەوڵەتێکی کوردیی یەک ئیدارەیی دەکات.
هەرکاتێک دەوڵەت درووستبکرێت دەوڵەتێکی یەک پارچە نابێت. دەوڵەتێک نابێ وەک جەستەیەکی سەربەخۆ، (سەر)ێک بتوانێ فەرمان بە هەموو بەشەکانی بکات. بەڵکو دەوڵەتێک دەبێ هیچ هێزێک ناتوانێ پارچە جیاوازەکانی بەیەکەوە بنووسێنێتەوە. تا ئەم هێزانە حاکمی یەکەم و ئەخیری ئەم هەرێمەبن، تارماییەکانی دوو ئیدارەیی هەر لەبرەودا دەبێ. سیاسەتی جیاکردنەوەی پاوانی تایبەت نەفرەتێکە کە ئەم هێزانە داهێنەرین. ئەوەی کە هەر هێزەو خۆی بە خاوەنی هەموو ئەو شتانە بزانێ کە لەژێر سێبەری ئیدارەکەی ئەودایە، ناشیرینترین سیاسەتە کە ئەم هێزانە پەیڕەوی دەکەن. ئەگەر ئەم سیاسەتی جیاکردنەوەی حەوشەوحەسارە روخساری ئەو دەوڵەتە بێ کە لە ئایندەدا درووست دەبێ، هەرگیز چاوەڕوانی دەوڵەتێکی تاک پارچەی لێناکرێ. ئیدارەیەک دەبێ بە کۆمەڵێک میرنشینی بچووک بچووکەوە کە میرەکان رووبارو شاخ و گردۆڵکەکانی وەک سنووری قەڵەمڕەوی خۆیان دەستنیشان دەکەن. بۆیە دەبوو بەر لە دەوڵەت سەیتەرەی نێوان دوو ئیدارەکە هەڵگیرابان. ئەم شێرپەنجەی (شار بە هی خۆزانین)ـە بنەبڕ بکرایە. کارێکیان بکردایە کە هاووڵاتیان هەموو کوردستان بە هی خۆی بزانێ و شارچیەتی برەوی پێنەدرایە. پێش چوونە ناو دەوڵەتەوە، دەبوو وەک هێزی مەدەنی ئاسەوارەکانی شەڕ بسڕنەوە، کە یەکێک لەو پاشماوە هەرە ناشیرینانە، دوو ئیدارەییە.
لەو ماوە درێژەی دوای شەڕی ناوخۆ نەک کار بۆ کاڵکردنەوەی سنووری دوو ئیدارەیی نەکراوە، بەڵکو بە بەرنامە، بەردەوام و بەردەوام ئەم سنوورە تۆخ دەکرێتەوە. یەکێتی جارجار هەڕەشەی ڕاگەیاندنی جیاکردنەوەی سلێمانی و ناوچەکانی ژێردەستی دەکات. وەک ئەوەی کادیرەکانی لەژێر دەستی دوژمن بن، هەڕەشە لە کادیرەکانی پارتی دەکات لە کاتێکدا ئەگەر کادیرەکانی لە دهۆک یان هەولێر ئازار بدرێن. کاتێ چالاکوانێک یا رۆژنامەنووسێک دەکوژرێت، نەک میدیای حزبەکان، بەڵکو سیاسی و پەرلەمانتاران وەک کارتێک بەکاریدەهێنن بەرانبەر یەکتری. بەمجۆرە خوێنی هاوڵاتیان دەبێتە ئەو هێڵەی سنووری دووئیدارەکە تۆخ دەکاتەوە، بەوەی دەڵێن: فڵان رۆژنامەنووس لە سنووری ئێمە نەکوژراوە. کاتێ ڕۆژنامەنووسێک لە دهۆک دەکوژرێ و لە میدیاکانی پارتی نابێتە هەواڵ، چالاکوانێک لە گەرمیان دەکوژرێ و لە میدیاکانی یەکێتی نابێتە هەواڵ. دوو ئیدارەیی لەمەزیاتر دەبێ چی بێت؟
یەکێتی باڵەخانەیەکی وەک کۆشکی سپی لە هەولێر درووستکردووە، کەچی کۆبوونەوەکانی بەردەوام لە بینا کۆنەکەی مەکتەبی سیاسییە لە سلێمانی. یەکێتی لەدوای (سیویەکی ئاب)ەوە نەیتوانیووە ببێتەوە بە خاوەنی هەولێر. هەمیشە بەشەرمەوەو لەدوورەوە سەیریدەکات، هەولێر بۆ یەکێتی بەشێکە لە ڕابردوو، بەشێکە لە سەردەمی زێڕینی حزب.
ئەگەر دەوڵەتیش درووستبێت ئەوا بێشک دەوڵەتێکی دوو ئیدارەیی دەبێت. یەکێتی وپارتی کە دوو حزبی سەرەکی و گەورەن. خاوەن سەرمایەو هێزی چەکدار و پاڵپشتی وڵاتانی دراوسێن، ئاسان نیە دەستبەردای (ئیدارە)ی خۆیان بن. لەهەر حاڵەتێکی نەخوازراودا هەردوولا کادران و بارەگاکانی دەکشێنێتەوە و سەنگەر لێدەدەن و قەڵای سەر بەرزاییەکان ئاوەدان دەکەنەوە. لەڕاستیدا ئەوەندە بە ڕێکوپێکی بۆ تۆخکردنەوەی سنوور کارکراوە، بۆ درووستکردنی دەوڵەت نەکراوە. دەوڵەت هەرگیز ناتوانێ ئەوهێڵە بسڕێتەوە کە ئەم دوو هێزە ساڵانێکە کار لەسەر تۆخکردنەوەی دەکەن. هەرکەسێک ببێتە سەرۆکی دەوڵەتەکە بەدڵنییاییەوە سەرۆکی یەکێک لەئیدارەکان دەبێ نەک کۆی خاکەکە. کوردستان ئەوەندەی لە جیاکاری سنووری نێوان خێڵ و تایەفەو هۆزەکان نزیکە، ئەوەندە لەدەوڵەت نزیک نیە. ئەم دەوڵەتە ئەگەر درووستیش ببێ بەکۆمەڵێک برینی گەورەوە درووستدەبێت، کە یەکێکیان زامی هەمیشەیی دوو ئیدارەییە.
ئەوپیاوەی بەیداغی دەوڵەتە تازەکەی پێیە، بەر لە هەمووکەس سنووری ئەم (دوو دەوڵەت)ەی دەستنیشانکرد. وەک ئەوەی هەولێر بەشێک بێ لە پاوانی حزبەکەی، وەزیرو سەرۆک پەرلەمان و پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕانی ناردەوە بۆ ئەو شارەی لێوەی هاتوون. ئەگەر قەرارە سەرۆکی هەموو دەوڵەتەکەو یەک ئیدارەبێ، خۆ دەبێ سلێمانیش لەژیر دەسەڵاتیدابێت. بۆ سەرۆکی راستەقینە هەموو کوچەو شارو گوندێک وەک یەکن و دەبێ خۆی بە سەرۆکی هەموو وڵات بزانێ. ئەم رووداوە شەرعیەتدانە بە دوو ئیدارەیی. بۆیە کارەساتی گەورە خاڵی سنووریی دێگەڵەیە نەک کردنەوەو داخستنی پەرلەمان. داخستنی پەرلەمان چەندە نیشانەی پرسیار لەسەر دەوڵەتی ئایندەدا دائەنێ، دیاریکردنی دێگەڵەو پردێ وەک سنوور زیاتر ئابڕووی دەوڵەتەکە دەبا. ئەم ڕووداوە پێماندەڵێ بارزانی سلێمانی بە ئیدارەی خۆی نازانێ، دەنا ئەو پیاوانەی دیپۆرتنەدەکردنەوە بۆ ئەوێ. سەرۆکی راستەقینە دەرگای پەرلەمان و وەزارەتەکان دادەخا ( کە بۆی نیە دایبخا) و لێدەگەڕێ چەندی پێیانخۆشە لە هەولێرو دهۆک بمێننەوە. ئەو پیاوانە وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی، وەک کەسێکی خەڵکی ئیدارەکەیتر ناتوانن لە مەچکۆ چایەک بخۆنەوەو لە سۆلاڤ خۆیان فێنک بکەنەوە. ئەوان دانیشتووی ئیدارەکەیترن و نابێ هیچ ئاژاوەگێڕو کودەتاچییەک لە ئیدارەکەی ئێمەدا بمێنێتەوە.
بیرت نەچێ ساڵانێکی زۆر بەعس کوردی نەفیکرد.