عه‌دنان كۆچه‌ر: سێوه‌ دوو كه‌رته‌كه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بارزانى دواجار سێوه‌كه‌ى دووكه‌رتكرد، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌ر خۆشی له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ لكاندنه‌وه‌ى ببێته‌وه‌ ئه‌ندازیارو به‌هۆى لێكه‌وته‌كانى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش ئه‌وه‌ى به‌ چه‌قۆكه‌ ده‌ستى ده‌بڕێت، هاوڵاتییه‌ ئاساییه‌كانى هه‌رێم بن، چونكه‌ په‌رچه‌كرداره‌كانى دواى سێو بڕینه‌كه‌ پێناچێت هێنده‌ به‌ ئاسانیی له‌ توڕه‌یی‌و دڕدۆنگى خاڵی ببنه‌وه‌.
بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌یه‌كى بارزانى، كه‌ هاوڕێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك باڵیۆزو دبلۆماتكارى خانه‌نشینكراوى خۆرئاوایی سه‌رقاڵی دووكه‌رتكردنى سێوێكه‌، زیاد له‌مانایه‌كى هه‌یه‌، به‌ڵام مانا سیمبولیه‌كه‌ى بریتییه‌ له‌و مه‌سجه‌ى كه‌ بارزانى ده‌یهه‌وێت نیشانى دنیای بدات كه‌ ئیدى “سێوى عێراق” به‌ “چه‌قۆ”ی ریفراندۆم ده‌كرێته‌ دوو پارچه‌وه‌، هه‌ر خواستى ئه‌و پارچه‌كردنه‌ش بوو، دواجار پاڵنه‌رى سه‌رخستنى ریفراندۆم‌و به‌ته‌نگه‌وه‌چوونى خه‌ڵك بوو، به‌ڵام ئاماژه‌كانی ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و مه‌سجه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون‌و پێده‌چێت هه‌ر بارزانى‌و هاوه‌ڵه‌كانى له‌ژێر فشارو په‌رچه‌كردارى عێراق‌و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سێوه‌ دوو پارچه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بلكێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ش رێك ئه‌و خه‌مه‌ بوو كه‌ به‌شی زۆرى بژاره‌ى سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌رامبه‌ر زه‌مینه‌و زه‌مانى ریفراندۆم له‌دڵ‌و خه‌یاڵیان ببووه‌ گرێ.
سپاردنى چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، لكاندنى داهاتووى نشتیمانێك به‌ بڕیارێكى كه‌سی‌و له‌ژێر كاریگه‌رى په‌رچه‌كرداردا هه‌ر ئه‌وه‌ى لێده‌چنرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌، ئاخر ئێستا هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر سایه‌ى ئه‌و سه‌ركێشیه‌ى بارزانى‌و هاوه‌ڵه‌كانیدا تادێت روبه‌ڕووى گه‌مارۆی سیاسیی‌و ئابوورى گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌، له‌سه‌رێكدا په‌رله‌مانى عێراق له‌رێگه‌ى دوانزه‌ بڕیارى سزادانه‌وه‌ ده‌یهه‌وێت كوردستان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى حوكمى زاتى‌و فرۆكه‌خانه‌كان كه‌له‌پچه‌ ده‌خرێته‌ ئاسمانیان‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانیش به‌سه‌ربازى عێراقی بته‌نرێن، ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یبینین له‌ جوڵه‌ى سه‌ربازى له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم نیشانیده‌دات كه‌ ئه‌و سه‌ركێشییه‌ ماڵى په‌رتى عه‌ره‌ب به‌ شیعه‌و سوننه‌وه‌ سه‌رقاڵی یه‌كگرتنه‌وه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دیفاكتۆیه‌ى به‌خوێن له‌شه‌ڕى داعشدا به‌ده‌ستهاتووه‌ له‌ده‌ست بدرێت، به‌شێك له‌سوننه‌كانى ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان، ئه‌وانه‌ى دوێنێ حه‌شدى شه‌عبی راوه‌دوى ده‌نان، ئێستا ناونوس ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ى به‌گژ كورددا بچنه‌وه‌، ئاخر باجه‌كان كه‌م نین، له‌سایه‌ى ئه‌و سه‌ركێشیه‌ عێراق سه‌رقاڵى رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ ئابوریه‌ى له‌سایه‌ى هه‌رزانفرۆشكردنى نه‌وته‌وه‌ پارتى شانازی پێوه‌ده‌كرد له‌ژێر ده‌ستى كورددا ده‌ربهێنرێت، هه‌نگاوه‌ دژه‌ كوردییه‌كان زۆرن‌و خه‌مساردى بارزانى‌و هاوه‌ڵه‌كانیشی خه‌ریكه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ره‌نج به‌ خه‌سار بكه‌ن.
ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى كوردایه‌تى كه‌ خۆیان وه‌ك عه‌رابی ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیی دێته‌ پێش چاو، هێشتاش نازانن كه‌ پرسه‌ ستراتیژییه‌كان ده‌بێت به‌ پلانى ستراتیژییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێ‌و له‌و هه‌ڵچوون‌و په‌رچه‌كرداره‌ ده‌ربچن كه‌ بۆته‌ رواڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانى تێفكرین، ئاخر ئه‌وان، كه‌ نه‌یانتوانیووه‌ ئێستا بخوێننه‌وه‌، چۆن دوێنێ ئه‌و سه‌ركێشییه‌ گه‌وره‌یان به‌ ئه‌زموونى باشوورو مێژووى بیست ساڵه‌ى رابردووه‌وه‌ كرد، ئه‌وه‌ پرسیارێكه‌ كه‌ له‌گوتارى ئێستایاندا وه‌ڵامێكمان لێ ده‌ستناكه‌وێت.
له‌راستیدا هیچ هێزێك به‌ ئه‌ندازه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ ریفراندۆم راستگۆ نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌وه‌ هێزه‌كانى دیكه‌ن پاساو بۆ ریفراندۆم دێننه‌وه‌و وا له‌خه‌یاڵى خۆیان لێكیده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ له‌پێناو سه‌ربه‌خۆییه‌، كه‌چی پارتى به‌ ئاشكرا له‌پێش پرۆسه‌كه‌وه‌و له‌دواى پرۆسه‌كه‌ش دوپاتیده‌كاته‌وه‌، كه‌ ریفراندۆم بۆ زانینى ئیراده‌ى خه‌ڵكه‌ نه‌ك راگه‌یاندنى ده‌وڵه‌ت، ئه‌مه‌ش له‌په‌یامه‌كه‌ى پێرێ شه‌وى مه‌سعود بارزانى به‌ ته‌واوى خۆى به‌رجه‌سته‌كرد، ئێستاش كه‌ ئیدى تێگه‌یشتین ریفراندۆم له‌ پێناو ریفراندۆم بووه‌و ده‌شێت به‌هۆى ئه‌و سه‌ركێشیه‌وه‌ش به‌شێك له‌شته‌كانمان له‌ده‌ست بده‌ین، كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌یه‌كى نوێ بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بكرێت، له‌وه‌شدا ئۆباڵى راستكردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڵه‌ له‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتییه‌، به‌و پێیه‌ى له‌رووى سیاسییه‌وه‌ ده‌شێت یه‌كێتى له‌هه‌مووان زیاتر به‌ ئامانج بگیرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ش پێویسته‌:
* هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان چیدیكه‌ ئه‌و پرسه‌ راده‌ستى تاكه‌ كه‌سێك نه‌كه‌ن‌و رێگه‌نه‌ده‌ن په‌رچه‌كردارى زیاتر ببێته‌ رواڵه‌تى سه‌ره‌كى سیاسه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى خۆى.
* یه‌كێتى پێویسته‌ له‌رێگه‌ى سه‌رۆك كۆماره‌وه‌، دۆخه‌كه‌ هێور بكاته‌وه‌و ئه‌و گوتاره‌ نا په‌سه‌نده‌ى به‌شێك له‌ شه‌قامى شیعه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كوردستان په‌یڕه‌وى ده‌كه‌ن له‌كاریگه‌رییه‌كانى خاڵی بكرێته‌وه‌.
* ده‌بێت یه‌كێتى له‌رێگه‌ى دواكارتى بێده‌نگكردنى نوخبه‌ى سیاسیی عێراقی، په‌یوه‌ندی‌و سه‌ردانى گه‌وره‌ مه‌رجه‌ع سیستانى بكات‌و له‌رێگه‌ى نفوزى ئه‌و گه‌وره‌ مه‌رجه‌عه‌وه‌ رێ له‌وه‌ بگیرێت سه‌ركێشییه‌كان به‌ زیانى ئه‌زموونى كوردستان ته‌واو نه‌بێت.
* پێویسته‌ یه‌كێتى به‌رۆڵى خۆى له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هه‌ستێ‌و شوێنه‌واره‌كانى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌و ناوچانه‌ بسڕێته‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆى ریفراندۆمه‌وه‌ گرژییه‌كى زۆر ده‌ركه‌وتووه‌و هێوركردنه‌وه‌ى ئه‌ركى یه‌كێتى نشتیمانیه‌.
سه‌ربارى ئه‌و رێكارانه‌ش، ده‌بێت یه‌ك گوتارى هه‌رێم‌و یه‌كخستنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت له‌رواڵه‌ته‌ موزه‌یفه‌كه‌ى ئێستاى ده‌رچێ‌و به‌كرده‌وه‌ هه‌مووان خۆیان بۆ دۆخى ناجۆرو چاوه‌ڕێ نه‌كراو ئاماده‌ بكه‌ن، چونكه‌ دواجار ئه‌گه‌ر سه‌ركێشیه‌كه‌ش هی پارتى بێت، به‌ڵام باجه‌كه‌ هه‌مووان ده‌گرێته‌وه‌.