سیروان مارف: دەوڵەتی کوردستان ئێستا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەپێش و لەداوای 25/09 وە پەرلەمانی عێراق قیزەونترین بڕیار و ڕاسپاردەی دەرکردووە کە زۆرکەم و تەنها لە ڕژێمی دیکتاتۆری و پەرلەمانە دواکەوتووەکانی عەرەبی و ئیسلامیەکاندا ئەگەری ڕوودانی هەبووە.
نامەوێ لێرەدا بیان ژمێرم خۆتان دەتوانن پێیاندا بچنەوە، بەڵام تەنها و تەنها پێشێلکردنی هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی تیا بەدی دەکرێ و بڕیاری جەنگ و برسیکردنی میللەتێك کە تادوێنی بەمیللەتی خۆیان و شەریکی خۆیانیان دەژمارد و بەڵکوو بانگەوازی جینۆسایدی کورد و سڕینەوەی ووشەی کوردستان و ناو نانی بە شمال عیراق لەسەر زاری سەرۆك وەزیرانەکەیانەوە خۆی لەخۆیدا ناواخنی بیروبۆچوونی عەرەبی عیراقە بەسونەو شیعە و عیلمانیەکانیشیانەوە.
مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین لەخانەکانی مێشکی سیاسەتمەدارو زۆربەی هەرەزۆری خەڵکانی ناوچەکەدا بوونی نیە و خۆپێوە هەڵواسینیش تەنها کات کوشتنە و سەدان ساڵی تریش چاوەڕوان بین هەرهەمان ڕێژەی نەگۆڕ دەبێت و ناگۆڕێت.
جاڕی سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان ئێستا دەبێت بدرێت لە سبەی باشترە و بەڵکوو تکاتان لێدەکەم دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەوەی ئێوە پێ هەستاون تاوەکوو 24/9 دەمان ووت بەو پێشنیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕازی بن کە بە نێونەتەووەیی کردنی دۆزی کورد دەبوو وە هەرچوارپارچەی کوردستان سوودیان لێوەردەگرت و نەتان کرد بۆ؟ ئەوە باسێکی ترە، بەڵام ئێستا کە ڕێفراندۆم کرا میللەت کارتی سپی پێداون کە دەوڵەت دابمەزرێنن نەك لەپێناو کورسیەکانی خۆتاندا ئەوهەموو سوکایەتیە بەمیللەتی کورد دەکرێت و ئێوەش داوای دانووستاندیان لەگەل دەکەن یان بەزمانێکی تر سازشیان بۆ دەکەن و ئەوانیش بەبڕیاری پەرلەمان ووڵامتان دەدەنەوە و دەڵین دانووستاندن نیە لە سەر مافەکانتان و ئەوەی هەتانیش بوو لێتان دەستێنینەوە و ناوی کوردستان و کوردیشتان لێ قەدەخەدەکەین وبرسیتان دەکەین و دەتانکوژین ودەتان بڕین و لەدواڕۆژێش نابێت باسی بکەن.
ئەوبڕیارانەی پەرلەمانی عیراقی و ئەوبڕیارانەی کە سەرۆك وەزیرانی عیراق دەری دەکەن و ئەو بڕیارانەی کە پەرلەمانی تورکی و زمانی ترس و تۆقاندنەی ئەردۆغان و ئەو زمانەی لە ئێرانەوە دەبیسترێ بۆ خۆی بەڵگەی خۆنەویستە و بەڵکوو بەڵگەی مێژوویین بۆ هەموو جیهان و زلهێزەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان کەئەم ڕژێمانە ژیان لەگەلیاندا مەحاڵە وئەو میللەتانەیش بەمزوانەی ووشیاریان ناگاتە ئاستی جیهانی ئەمڕوو و ئێمە دەمانەوێ لەقافڵەی جیهانی پێشکەتوو لەوەزیاتر دوانەکەوین و دەوڵەتی کوردستان ڕادەگەیەنین.
ئەو پرسیارەم لەچەندین ئەندام پەرلەمانی ئەوروپی و پسپۆڕانی سیاسی چەند دانشتگایەك کردووە، ئایا ئێمە دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و ئەو ڕەنگدانەوەیەی کەلە پەرلەمانی عیراق و تورکیا و ئێران وسەرکردەکانیان هەیان بووە ، جاڕی سەربەخۆیی بدەین چی ڕوودەدا ئەگەر نەیکەین چی ڕوودەدات؟

پوختەی وەڵامەکانیان بەم شێوەیەیە:
ئەگەر جاڕی سەربەخۆیی بدەن زۆربەی هەرەزۆری دەوڵەتانی جیهان دانتان پێدا دەنێن و چەند زلهێزێکیش لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکاش لەمراوەغەیا دەبێت و لەکۆتایدا بەهەندێك سوودی سیاسی و ماددیەوە ڕوسیا ڕازی دەکات دانتان پێدا بنێن، بەڵام دەتانپارێزن لەبەر ئەوەی پێویستیان پێتانە و تورکیا و ئێران تەنها لەترسی کوردانی ئەوێ و سوودی ماددی خۆیان لە زمانی تەهدید و ترس و تۆقاندن و لێرەو لەوی لەسەرەتادا تۆپبارانی شاخەکانتان دەکەن و لەوە تێناپەڕێت، بەڵام یارمەتی عیراق دەدەن بۆئەوەی شەڕتان بکەن و ئێوەش بەیارمەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتوو دەبن بەسەریاندا و دەتووانن هەموو خاکی کوردستان لەدەستیان ڕزگار بکەن و سننەکانیش لەدووای ماوەیەکی کورت لێیان جیادەبنەوە و باشترین نموونەشیان بۆ ئەوە یۆگۆسلاڤیا و جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ بوو و جەغتان لەسەر ئەوە دەکردەوە کەسنووری ووڵاتان خەتی سوور نیە و گۆرانی بەستراوە بەخۆمانەوە.
بەڵام ئەگەر ئێستا جاڕی سەربەخۆیی نەدەن دەبێ سەدساڵی تریش بەتەمای نەبن، چوونکە میللەتی کورد دەبێتە گاڵتەجاڕی نێو مللەتان کە میللەتێکن لەخەووخایاڵدا دەژین و تەنها دەبێت بارهەڵگری تورك و عەرەب و فارس بن وزلهێزەکانیش لەکاتی پێویست وەکوو بەکرێگیراو بەکارتان دەهێنن و لەناو خۆتاندا دەتاندەن بەشەڕدا هەرکاتێك ببن بەمەترسی.
ئەمە پوختەی بۆچوونی شارەزایانی پرسیار لێکراوبوو و دەشیان ووت کە میللەتان موعجیزات درووست دەکەن و ئێوەش بەدەر نین لەو میللەتانە.
ئێستا کاتیەتی جاڕی سەربەخۆیی کوردستان بدەن و هەرچوار پارچەی کوردستان لەگەلتان دەبن و لەتەنگانەدا کورد یەک دوا ڕۆژ چاوەڕوانێتی یان کوردستان یان کوردستان، کاتی نەمان نەما.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت