کارۆخ فەهمی: پێش دەوڵەت. بەشی چوارەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێشمەرگەی حزب، پێشمەرگەی دەوڵەت
سوپا بازووی دەوڵەتە، لەم سەردەمی نمایشسازییەدا کە هەمووان بە سوپای بەهێزو چەکی پێشکەوتووەوە دەنازن، دەریدەخا کە هەبوونی سووپایەکی بەهێز و دیسپلین چەندە گرینگە بۆ دەوڵەت. سوپا بۆ ئەوە هەیە کە وڵات بپارێز، نەیەڵێ هێزی وڵاتێکیتر سەروەری خاکەکەی پێشێل بکا، مەترسییەکان لەسەر هاوڵاتیان کەم بکاتەوە، بەرگری بکات و دوژمن لە سنوورەکانی وڵات دووربخاتەوە. وەک چۆن دەکرێ سوپا ئینقلاب بکا، خیانەتی نیشتیمانی بکا، پشت لە خاک و خەڵکەکەی ناوی بکا. زۆرجار کەرامەتی نیشتیمانییان بە کەرامەتی سوپاوە پابەندە. کەوتنی سوپا کەوتنی گەلێکە لەگەڵیدا، وەک چۆن لە دۆخی عێراق و کوردستانی ئەم دواییە بینیمان.
ئێمە خاوەنی هێزێکین پێیدەوترێ پێشمەرگە، ئەم ناوە خاوەنی سەرکەوتن و نووشتی گەورەو بچووکە لە قۆناغی بەرەنگاری، لەنیوەی سەدەی بیستەمەوە تا بەمڕۆ دەگات. هەندێکجار وەک چەندین گروپیی جیاواز جیاواز لەشاخ و پێدەشتەکان، رووبەڕووی رژێمە سەردەستەکان بوونەتەوە. لەهەموو قۆناغەکاندا پێشمەرگە هەمیشە هێزی حزب بووە، چەندە شەڕی دوژمنی کردووە ئەوەندەش هی پێشمەرگەی حزبەکانیتر. پێشمەرگە ئەگەر لە قۆناغێکدا وەک فریادڕەس و هێزی پۆڵاینی دوژمن بەزێن ناسرابێ، لە قۆناغێکیتردا هەمان پێشمەرگە ڕووی لە چەکەکەی لە پێشمەرگەیەکیترە. واتا حزب هەمیشە خاوەنی پێشمەرگە بووە. مێژووی حزب مێژووی پێشمەرگەیە. ئەوەی کە ئەم هێزەی وەک فریشتە، جاش، فریادڕەس، پڵنگ و ڕەشەبا، دووژمن بەزێن، فشۆڵ و ترسنۆک، براکوژ.. نیشانداوە، حزبە. حزب بەردەوام وێنەی جیاواز بە پێشمەرگە دەبەخشێ. لە زۆر قۆناغدا حزب پێشمەرگەی بۆ بەرگری لە خۆی یان سەرکردەیەک بەکارهێناوە، نەک ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی. ئەوەندەی ئەم هێزە ڕاهێنراوە موڵکی حزب بێ ئەوەندە ڕانەهێنراوە بازووی کۆی نیشتیمان بێ. لەکاتێکدا هێزی چەکدار دەبێ دابماڵێرێ لە هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تەسکبینانەی حزبی، کەچی بەردەوام بیریدەخرێتەوە کە ئەو موڵکی حزبەکەیەتی. لەکاتێکدا دەبوو پێشمەرگە بۆ دەوڵەت و نیشتیمان پەروەردە بکرێ، کەچی حزب بەردەوام مەنهەج و پەیڕەوی ئاپدەیتکراوی خۆی بەسەریاندا دابەشدەکات.
ئەگەر لە ساڵانی بەر لە راپەرین و قۆناغی بەرەنگاری، پێشمەرگە هێزێکی پەرتەوازەو نا نیزامی بووبێ، ئەوا لە ماوەی ئەم بیست و شەش ساڵەدا دەبوو ئێستا خاوەنی هێزێکی پێشکەوتوی، یەکگرتووی، نیزامی کوردی بووینایە، کە ناوی پێشمەرگەیه. ئەگەر بەر لە راپەڕین پێشمەرگە (موخەریب)و میلیشیا بووبێ، دەبوو دوای ئەم هەموو ساڵە لە حوکمڕانیی، ئەم هێزە یەک هێزیی دوور لە ئیرادەی حزبی بووایە، دەبوو ئێستا وەک سوپای نیشتیمانیی بچێتە ناو دەوڵەتەوە نەک چەکداری حزب. بەداخەوە پێشمەرگە ئەفسانەییەکەی بەر لە راپەڕین، بوو بە ماشێنێکی ترسناکی شەڕ کە خەونی ئەو بەهەشتە ئارامەی دوای راپەڕینی لێکردینە دۆزەخ. بەهەمان نەزمی سەردەمی پێش راپەرین هاتنەگۆ، تاریکیی دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەم بەرهەمی پەروەردەی حزبە، کە پێشمەرگە تەرجەمەی واقیعی دەکات. ئیدی پێشمەرگە ئەفسانەییە دەبێت بە ئەڵقەلەگوێی حزب و خەونی یەک نەوە دەکات بە خۆڵەمێش. حزب، پیرۆزیی و دەستە پۆڵایینەکەی بەر لەڕاپەڕین، دەکات بەکۆمەڵێک گرووپی تینوو به خوێنی یەکتر. دونیای دوای راپەڕین دونیای خاڵیکردنەوەی وێنەی فریادڕەسە لە پێشمەرگە، دونیایەکە کاری یەکەمی نیشاندانی پێشمەرگەیه وەک بازووی گرووپ و دەستەو تاقمەکان، نەک نیشتیمانێک کە ساڵانێکی درێژ خوێنی بۆی رشت.
بەر لە بیرکردنەوەی درووستکردنی دەوڵەت، دەبوو بیر لە چارەسەرکردنی کێشە گەورەکە بکەنەوە، دابەشبوونی پێشمەرگە. ئەگەر شەڕی ناوخۆ هەڵەیەک بووبێ، ئەوا ئەم هەموو ساڵەی دوای شەڕ بەسە بۆئەوەی سوپایەکی نیشتیمانی درووستبکرێ. بەداخەوە بەهەمان ئەقڵیەتی شەڕی ناوخۆ پێشمەرگە بەرهەمهێنرایەوە. ئەو نەوەیەی دوای شەڕ هاتنە ناو پێشمەرگەوە هەمان وانەیان پێگوترایەوە کە لە ساڵانی شەڕ لەلایەن حزبەوە دەنووسرایەوە. حزب و ئایدیۆلۆژیا سەردەستەکان هەرگیز حزبیان بۆ دەوڵەت ئامادە نەکردووە، بەڵکو وا راهێنراون کە هاکا شەڕ دەستی پێکردەوە و دەبێ هەمیشە ئامادەی پەلاماردانی ئەویتر بێ، کە خۆیەتی، کە پێشمەرگەیە. ئیدارەکان، حزبەکان، گروپەکان، سەرکردەکان.. پێشمەرگەیان کرد بە چەند یەکەیەکی نا رێکخراوی دوور لەیەکتر و دایانماڵی لە هەر سیمایەک کە بیەوێ وەک هێزێکی یەکگرتوو دەرکەوێ. دوای عێراقی سەددام دەبوو هەوڵی پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی بدرایە، سوپایەک نە هی حزب، نە هی بنەماڵە، نە هی گروپە ئایدیۆلۆژییەکان، بەڵکو سوپایەک هی دەوڵەت. بەڵام ئەو ئەقڵیەتەی شەڕی ناوخۆی کردووە و هێشتا حوکمدارە، ئەو ئەقڵیەتەی مێژوویەکی درێژی لە پەروەردەکردنی پێشمەرگەی حزبی هەیە، کوا دەتوانێ سوپا بۆ دەوڵەت درووستبکا. ئەگەر بیرکردنەوە لە درووستکردنی دەوڵەت مێژوویەکی دێرینی هەبێ، ئەوا لای ئەم سەرکردانەی ئێستا زۆر تازەیە. خەونێکە رەگێکی درێژی نیە، چونکە بەر لە دەوڵەت دەبوو ئەم هەزارەها کێشەیە کاری بۆ بکرایە، ئەم پەرتەوازەیی و نائارامییە نەهێڵدرایە. لایەنی کەم خەرەندی گەورەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی هێندە بەرین نەبووایە. ئەوەی دەوڵەت درووستدەکا، پێشتر متمانە فەراهەمدەکا.
شەڕی داعش دەریخست پێشمەرگە هی حزبە، دەریخست هێشتا دوو ئیدارەیی لەکاردایە. هەرهێزەو پارێزگاری لە سنووری ئیدارەکەی خۆی دەکا، هەرحزبەو نمایشی سەرکەوتنەکانی خۆی دەکا. شەڕی داعش زۆرجار حزبەکان وەک مانۆڕی سەربازی بەکاریدەهێنن. وەک ئاوەی یەکتری بترسێنن لە میدیاکانیانەوە شەڕەکان و سەرکەوتنەکانیان نماییشدەکەن. هەمان سەرکردە بێ ئەزموونەکانی شەڕی ناوخۆ، سەرکردایەتی شەڕەکەی داعشیان کردو ئەو ماڵوێرانییەی لێکەوتەوە کە بینیمان. راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان روون و ورد پێشێلکارییە مرۆییەکانی نووسیوەتەوە. ئەمە بەرهەمی شەڕی ناوخۆ و دابەشکردنی پێشمەرگەیە. ئەو وێنە فوتێکراوەی پێشمەرگە لەلایەن میدیای کوردییەوە، دیوێکیتری هەیە لەسەر کاغەزی رێکخراوە نێودەڵەتییەکان. پێشمەرگە لە وێنەکانیدا هەرچۆنێک نیشانبدرێت، دواجار هەر ئەو هێزە بە حزبیکراوەیە کە ئیعازی سەرۆک حزب دەیجوڵێنێ. ئەو هێزەیە کە لە زاری لێپرسراوانی پێشمەرگە خۆیانەوە دان بە پەرتبوونیدا دەنێن. ئەگەر پێش دەوڵەت ئەم هێزانە یەکنەخرێنەوە، بەدڵنییاییەوە دوای دەوڵەتیش هەر خاوەنی پێشمەرگەی حزب دەبین.