عەبدولوەهاب شوانی: هەنگاوی دووەمی فیستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، لە حەوت ڕۆژدا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوێندنەوەیەکی هونەرمەندانە، بۆ تاکی کۆمەڵگەی کوردی
بەدەر لە کاریگەرییە ئاینی و کەلتووری و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و بەدەر لەخوێندنەوەی کەسی و بێ گشتاندن و بەڕەها قسەکردن، بگرە لە ڕوانگەی دیدگایەکی واقیع بینانە و ڕاستگۆیانە و سەردەمیانە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و کارێزما کوژە، تاک لەسەر بنچینەی” (تۆڵە و ڕق و جیاوازی) پەروەردە دەکات، کۆمەڵگەیەکە کە ( سوپاس و دەست خۆشی و ببوورە) نەبۆتە کلتوور تیایدا.
بۆیە ئەم فەرهەنگە خراپە لە نێو هەموو کایە (ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ڕۆشنبیری) کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات و جیهانی سێیەم” ڕەنگی داوەتەوە، کە کۆمەڵگەیەکە تاکەکانی قەبارەی خۆیان نازانن هەمیشە گەورەتر لە قەبارەی خۆیان و بەرزتر لە بەژنی خۆیان دەدوێن و بەرزدەبنەوە، تاکەکانی هەرگیز بەرگەی بچوکترین ڕەخنە و کەمترین فەرامۆش کردن ناگرن و دەتەقنەوە و باش و خراپ تێکەڵ دەکەن.
لەم کۆمەڵگەیانە هەرگیز دەست خۆشی و پشتگیری نەبۆتە کلتوور، چونکە پەروەردە لە ڕەگەوە تاکێکی دڵ گەورەی درووست نەکردووە بۆ نێو کۆمەڵگە کە گیانی هاوکاری و رێزی تیدا ئامادەبێت.
تاکێکی بەرهەم هێناوە لەخۆشی لە خۆبایی دەبێت و ئاگای لە دەوروبەری خۆی نامێنێت و قەبارەی خۆی وون دەکات، لە هەمان کات لە ناخۆشی ئاگای لە خۆی نامێنێت و بەهەمان شێوە قەبارەی خۆی وون دەکات و دەیان هەڵس و کەوتی سەیری لێ دەردەکەوێ.
لەم کۆمەڵگەیانە تاکەکان دەیانەوێ بە کەمترین ماندووبوون، زۆرترین شتیان دەست کەوێ، بە کەمترین توانا زۆترین دەسەڵاتیان هەبێت، بە کەمترین تەمەن زۆرترین بەرهەمیان هەبێت، بە کەمترین هەوڵ زۆرترین دەستکەوتیان هەبێت.
لەم کۆمەڵگەیانە، کەسانێک لە هەوڵ و تیکۆشان و شەونخویندان کەچی کەسانی تر لەسەر خوانەکان بە قات و ریباتەوە دەبینرێن.
هەمیشە لەم کۆمەڵگەیانە، یاریزانە ڕاستەقینەکان وون دەبن و یاریزانە یەدەگەکان دەبینرێن و دەست خۆشیان لێ دەکرێ و ئەوان دێنە پێشەوە و پاڵەوانەکانیش دەکشێنەوە و گۆڕەپان بۆ ئەم یاریزانە خراپانە چۆڵ دەبێت.
بەو ئەزموونەی لە فیستڤاڵی نێودەوڵەتی کوردستان لە هەولێر هەمە وەک بەڕێوەبەری کارگێڕی و ئەوەش کە لە فیستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی وەک میوانی حەوت ڕۆژ بینیم، ڕووخساری کارەکتەری کۆمەڵگەی کوردیم زۆر جوان بۆ دەرکەوت کە بەشی دەیان توێژینەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕی دەکات ، ئەو خوێندنەوەی منیش هەر تەنها بۆ کارەکتەرەکانی بەشداربووی نێو ئەم فیستڤاڵانەیە و ئەوانەش کە لەدەرەوەی فیستڤاڵەکان دەیانەوی بە هەموو شێوەیەک لە فیستڤاڵ بدەن و ڕووخساری فیستڤاڵەکان ناشیرین بکەن.
فیستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لەم خولەیدا بەژن و باڵای بەرزتر دەرکەوت لەگەڵ ئەم هەموو ڕوداوانەی هاتنە پێش، یەک لەوانە” وەفاتی جەنابی سەرۆک مام جەلال، بەڵام ڕازاوەیی و شۆخ و شەنگی و بەژن و باڵای زراڤی فیستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی وەک ڕۆژی ڕووناک دیاربوو، هەندێ کەم و کورتی و کێشە لە پڕ دروست دەبن لە گشت فیستڤاڵەکانی جیهان، بەڵام ئەمانە هەرگیز نابێت گەورەتر بکرێن لە قەبارەی خۆیان و لەبەرچاوبگیرێن لەچاو فیستڤاڵێکی گەورە کە ئامانجی زۆر مەزنتری هەیە، گەورەکردنی ئەم کەموکورتیە بچووکانە و بچوککرددنەوەی ئەم پەیامە گەورەی کە فیستڤاڵ هەڵیگرتووە لە عەقڵ و زیهنی تاکی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات هەمیشە ئامادەگی هەیە.
لەم کۆمەڵگەیانە یەک سیاسەت پەیڕەودەکرێ ئەویش ئەوەیە بۆ من نەبێت، نابێت بۆ کەس بێت، یاخود ئەگەر خەڵاتی فیستڤاڵ بۆ من بوو، فیستڤاڵێکی باشە، ئەگەر بۆمن نەبوو زۆر خراپە، لەژێر کارلێکی تەسکی بەرژەوەندییە کەسییەکان لە فیستڤاڵ و کایەکانی تر دەڕوانن.
فیستڤاڵ منی تیدا نەبوو خراپە، و بگرە هەرچی عەیب و عارە دەیخاتە پاڵی و ئەگەر منیشی تیدابوو زۆر باشە.
ئەمە هەر ئەو تۆمەتیە دەخریتە پاڵ فیستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی و فیستڤاڵەکانی تر، لە کاتێک سینەماکار و هونەرمەند کە فیلمی بەشدارە، دەبێت بەهەموو ئەنجامێکیش رازی بێت، ئەوە لێژنەی دادوەرانی فیستڤاڵە لەژێر چەند یاسا و ڕێسایەک بڕیاردەدەن کەوا کێن ئەوانەی خاوەن براوەی خەڵات، نەوەک میزاجی کورتبینی چەند کەسێک.
ئاخر لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات و جیهانی سێیەم، زۆربەی تاکەکانی بە چەندین ماسک دەردەکەون و تۆ هەرگیز ڕووی ڕاستەقینەیان نادۆزیتەوە ئەوان لە پشت سەدان ماسک و دەمامک خۆیان شاردۆتەوە و زۆر جاریش کە ئەو ماسکە دادەماڵرێت و حەقیقەتی ئەو کارەکتەرانەت بۆ دەردەکەوێ کە بۆنی گەنیویان سەد رۆژ دەڕوات و لە گەورەیی مرۆڤ بوون کەم دەکەنەوە و دەبنە نموونەیەکی زۆر خراپی مرۆڤ و لە مرۆڤ بوون بێ ئومێدمان دەکەن و لەم قەرەباڵغیەوە هەستی تەنیایی دامان دەپۆشێت و نامۆبوون هەناسەمان پڕ دەکات و دەگەڕێتەوە ئەو بڕیارەی بە تەنیا دەبێت هەنگاو بنێین و بەسەر پلیکانەکانی سەرکەوتن بڕۆین.
ئاخر هیچ کاتێک بۆ ئەوەی شاعیرێکی باش بیت پێویستت بە بڕوانامەی بەشی کوردی نیە لە زانکۆ، بۆ ئەوەی گۆرانی بێژێکی بەنێوبانگ و سەرکەوتووبیت پێویستت بە بڕوانامەی هونەرەجوانەکان بەشی موزیک نیە، بۆ سینەماش بەهەمان شێوە، چونکە هونەر بە هەموو بەشەکانیەوە دەبێت لە زاتی تۆ دابن، بە کاغەزێکی ئەی فۆر ئەوەی لە زیهنت هەیە زیاد ناکات ئەگەر هونەر لە وجودی تۆ نەبوو، ئاخر کەسێک نەتوانی دوو رستەی جوان بە زمانی کوردی دەربرێت چۆن دەتوانی تۆ دوو دێر شیعری جوان بنووسێ، ئەگەر سینەماکارێک دوو خەیاڵی جوانی نەبوو، دوو ووشەی جوانی دەست نەکەوت لە خەیاڵ و دوو ڕستەی جوانی پێ نەخوڵقا، قوڵایی نەبوو لە بیرکردنەوە و قسەکردن چۆن دەتوانێ دوو کاری جوان بهێنێتە بوون، خۆ (یەڵماز گۆنەی) کە بە باوکی سینەما کوردی دەناسرێت، دەرچووی بەشی یاسا بوو، ئەوەی یەلماز گۆنەیی درووست کرد بڕوانامەی بەشی سینەما نەبوو، نەخێر ئەزموون و خەیاڵ بەرزی و قوڵایی زیهنی ئەوبوو بۆ هونەر و سینەما و سینەما لە زاتی ئەو بوونی هەبوو.
مرۆڤ قوڵایی نەبوو نەبوو ناتوانێ کاری جوانیش ئەنجام بدات، ئەوە بۆ هونەرمەند و سینەماکار زیاتر پێویستە ئەم قوڵاییە، چونکە لە هونەر تەنها قوڵاییت پێویستە لەگەڵ ئەزموون.
بۆچی کەم کاری سینەما ئێستا ڕامان دەچڵەکێنێ، وەڵامەکەی ئاسانە چونکە قوڵایی تیدا نیە تەنها بەڕێکردن و زیاتر کردنی ژمارەی فیلمە و پڕکردنەوەی سی ڤی یە و هیچتر.
فێکتۆ هۆگۆ دەڵێت: جوانی با نەبێت، ئەگەر هەشە دەبێت ڕاچەڵەکێن بێت، زۆربەی ئەوەی دەیبینن لە هونەر و لە سینەما و موزیک جوانی نیە، بۆیە ڕامان ناچڵەکێنن.
کاتێک سینەماکارێک تەنها لەبەر ئەوەی فیلمەکەی وەرنەگیراوە لە فیستڤاڵ یاخود وەرگیراوە و خەڵاتی نەبردووە، فیستڤاڵێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەکاتێک ئەو بۆ جارێکیش بیری لە قەبارەی خۆی و قەبارەی کارەکانی خۆی نەکردۆتەوە لە چ ئاستێکە، ئەوەی گشت کایەکانی لەم کۆمەڵگەیانە ئیفلیج کردووە و تووشی نەزۆکی کردوون، تێنەگەیشتنە لە قەبارەی خود و قەبارەی کار، ئەوانەی کە قەبارەی خۆیان نازانن ئەوانە خەمبارترین کارەکتەرەکانی نێو کایەی هونەرن، ئەوانە لە جێگەی خۆیان چەقیون و هەنگاوی بەرزتر ناتوانن بهاوێن، چونکە ڕێگەکە لەبەردەمیان ڕۆشن نیە.
ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێ بۆیە دەمەوێ لە کۆتایدا قسە لەسەر لایەنی کارگێڕی فیستڤاڵ بکەم، کە لەم ڕووەوە فیستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی” ئاستێکی زۆر بەرزی پێوەدیاربوو، بەهۆی بوونی ستافی کاری فیستڤاڵ و ستافی خۆبەخشی فیستڤاڵ کە هەموویان بە سیستەم کاریان کرد و هەموو ئاستی خۆیان و پسپۆڕی خۆیان و شوێنی کاری خۆیان و سنووری کاری خۆیان دەزانی، ئەگەر نەبووبن بەهۆی ئاسانکاری بۆیەکتر هەرگیز نەدەبوونە بەربەست بۆ هاوکار و هاوڕێکانیان، ئەم ڕووخۆشی یە لە ڕووخساریان و ئەم ڕێزەی لە میوان و سینەماکارانیان دەگرت نیشانەی کۆمەڵگەی زیندوو و شارستانی و ڕۆشنبیری شاری سلێمانی بوو و لە هەمان کات خاڵێکی گرنگی سەرکەوتنی ڕووی ئەتەکێت و لایەنی کارگێڕی فیستڤاڵ بوو.
مامۆستای ڕاستەقینە خاوەن ئەزموونەکانن، بەرێوەبەرانی فیستڤاڵ سەلماندیان ئەوان مامۆستای ڕاستەقینەن، سەلماندیان کەوا سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە و هەموو هەنگاوە گەورەکانی هونەر و فەرهەنگ و کلتووری لەوێوە سەرچاودەگرێ و هەنگاو دەنێ.
فیستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی هەنگاوی گەورەی نا و لە داهاتوو ئەگەر بەم گڕووتینەوە بەردەوام بن و هەنگاوەکان بەرزتر دەبن و دەبنە جێگەی ئومێدی ڕاستەقینەی هونەرمەندان و سینەماکاران.

* نووسەر و دەرهێنەر، ماستەر لە یاسا و کارگێری گشتی

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت